جینۆسایدی ئێزدییەكان

03/08/2019

سەردار عەزیز

شەوێكی هاوینی گەرم بوو لە گەرمیان، لە سەر كورسییەك لە سەر سەكۆكەمان دانیشتبوم تەماشای ئاسمانی پڕ لە ئەستێرەم دەكرد، ئەمە تاكە سودی كاتی بێكارەباییە، كە ئاسمانی پڕ لە ئەستێرە دەبینیت، بە هەردوو دەستم مێشولە (هوڕەم) لە خۆم دوور دەخستەوە، لە پڕ زەنگی تەلەفونەكەم لێیدا، ژمارەیەكی نەناسراو بوو. كە قسەمان كرد خێرا زانیم ئەمریكیە، داوای كرد یەكتر ببینین. ڕۆژانی پاشتر یەكترمان بینی، ئەوە دەروازەیەك بوو بۆ نزیك بونەوە لە ڕێكخراوی یەزدا و بە ئاگابون لە نزیكەوە لە جینۆسایدی ئێزیدیەكان.

جینۆسایدی ئێزیدیەكان یەكێكی ترە لەو ڕوداوە تراژیدیانە كە كۆمەڵگای كوردی لە باشور پەرتكردوە. هەرچەندە ئەوەی ئاگای لە ئەدەبیاتی بواری كۆلۆنیالیزم و تۆقان و پاتاڵبون بێت بە ئاسانی تێدەگات كە ڕەگەكانی ئەم دیاردەیە زۆر و ئاڵۆزن. لە داهاتودا دێمەوە سەر ئەبجێكشن یان بە كوردی پاتاڵ بوون، بە تایبەتی لای جولیا كریستیڤا.

ئێزیدەیەكان ئالانگاری زۆر دروست دەكەن بۆ هەمو دەوروبەریان، تەنها چونكە دەیانەوێت بە ئێزیدی بمێننەوە. هەردوو پرۆسەی بە ئیسلام بون و بە كورد، دیارە بە كوردبون دیاردەیەكی نوێیە، وەك ترسێك بە سەریانەوەیە. ئەوان لە بەرامبەر ئەمەدا پەرت بوون. تەنها تەماشای كورد خۆی بكە لە بەرامبەر فشارەكانی دەوروبەری چۆن توشی پاتاڵ بون بوە. ئەم پرۆسەیە پەرتبونە لە نێوان بون و واقیعدا.

دژایەتی جینۆساید كارێكی ئەخلاقی سەختە. چونكە جینۆساید لە كرۆكی هەمو كەلتورێكدایە. بۆ ئەوەی دژی جینۆساید بیت دەبێت بەبێ هیچ گومانێك ئەویتر هەرچۆنێكە وەك خۆی قبوڵی بكەیت. بەڵام ئەمە لە ناوچەی ئێمەدا بونی نیە. بە تایبەتی كاتێك كە كەلتوری كوردی لە هەمان فۆرمی ئیسلامی سوننیدا لە دایك دەبێت. ئیسلام خۆی بە باڵاترین دەزانێت لە بەرامبەر هەمو ئەوانیتر لە دونیادا. خۆی بە بەهەشتی دەزانێت هەمو ئەوانیتر بە دۆزەخی. كێشەی گەورەی ئەم دیدە ئەوە نیە كە جار جار لە فۆرمی توندی وەك قاعیدە و داعشدا دەردەكەوێت، بەڵكو ئەوەیە كە دەرگای بە سەر خۆیدا داخستوە لە بەرامبەر هەمو عەقڵانی بونێكدا. هەرگیز تاكە پرسیارێك لە خۆی ناكات، چونكە لە ڕاستیدا پارادیمی دینی بە تەواوی دژ بە پرسیار و گومان و تێرامان و بیركردنەوە و پیاداچونەوەیە.

لە لایەكی ترەوە بەرهەمهێنانەوەی جینۆسایدی ئێزیدی لە هەناو شەڕی ناوخۆی كوردیدا گەورەترین تاوانە بەرامبەر بە ئەوان. شەڕی ناوخۆی كوردی لە نەوەدەكان دەست پێدەكات و ئیتر وەك شێرپەنجە هەر پەل دەهاوێت، لە فۆرمی نوێدا خۆی بەرهەم دەهێنتەوە. ئەمڕۆ زۆرینەی خەڵك شەڕكەری ئەو شەڕەن. 

ئەوە كێشەی ئیسلامە كە ناتوانێت ئێزدی قبوڵ بكات، ئەوە كێشەی ناسیونالیزمی كوردیە كە ناتوانێت ئێزیدی بون وەك شوناسێكی جودا قبوڵ بكات.

سەردار عەزیز

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی