لەبارەی شەنگالەوە

03/08/2019

پەیڕەو ئەنوەر

تێگەیشتن لە شەنگال و ئێزیدیبوون دیاردەیەكی ئاڵۆز و پڕ مانایە! شەنگال پانتایی/قەزایەكە لەنێوان دوو دەسەڵات و دوو هێزدا دەخولێتەوە. ئێزیدیبوون ناسنامە و دۆخێكی سۆسیۆلۆژی تایبەتە! زۆرینەی ئێزیدییەكان دەیەناوێت وەك ئێزیدی دەربكەون نەك وەك سۆژەیەكی ئاینی یان نەتەوەیی. لەڕاستیدا ئێزیدییەكان دەیانەوێت سەرچاوەی نوێنەرایەتییان تەنها ئێزیدیبوون و هێزە ناوەكییەكەی خۆیان بێت.

بەهۆی ئەم دۆخەوە پێنج ساڵ لەمەوبەر ئێزیدییەكان جینۆساید دەكرێن! داعش زۆرینەیان وەك كۆیلە بەكاردەهێنێت و دەستدرێژی سێكسییان دەكاتەسەر. شەنگال وەك قەڵا و ناوەند وێران دەكرێت. لەدونیا و رابردووی ئێزیدییەكاندا زیاتر لە ٧٣ جار هێرشییان كراوەتەسەر و جینۆسایدكراون.

جوگرافیای سیاسی ئێزیدییەكان لەناوچەیەكی پڕ لە ململانێ و رووبەڕووبوونەوەیە. عیراق و هەرێمی كوردستان و سوریا. دیارە هەرسێ ئەكتەر بەردەوام لە ململانێدان! ململانێ لەسەر ناسنامە، تێریتری، جیۆپۆلەتیك و سەروەری! بەغدا دەیەوێت لەرێگەی شەنگالەوە خۆی بە پانتایی سوننەكان بلكێنێت و ناسنامەی ئاسایشی خۆی دابڕێژێتەوە. هێزەكانی تر بەجۆرێكی تر لەدۆخەكە دەڕوانن!

توركیا لە هەوڵی ئەوەدایە شەنگال بگۆڕێت بۆ دۆخی ئاسایش! ئاسایش بەمانای ئەوەی كە هێڵێكی درێژ لەنێوان ئەنكەرە و شەنگال بكێشیت و ئاسایشی شەنگال یەكسان بكەیت بە ئاسایشی ناوخۆی وڵات. شەنگال قوڵایی ستڕاتیژیی سیستمی هەرێمی ناوچەكەیە! هەموو هێزەكان دەیانەوێت شەنگال بێ نوێنەربێت، بێ خەیاڵ و ناوەندی سیاسی بێت تاوەكوو ئاسانتر نوێنەرایەتییان بكەن! دۆخە جیۆپۆلەتیكییەكەیان لێ وەربگرنەوە. شەنگال بریندارە؛ هەموو دەیانەوێت شەنگال بگۆڕن بۆ دۆخێكی سیاسی`

پەیرەو ئەنوەر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی