شەنگال

03/08/2019

عەزیز رەئوف

شەنگال ڕووداوێكە تەحەمولی ئێمە بۆ ڕووداو دەسەلمێنێت. شەنگال ڕووداوێكە پێمان دەڵێت ئێمە چەندە قوربانین ئەوەندەش مەیلی جەللادبوونمان تێدایە. شەنگال سیمبوڵە بۆ دنیای ئێمە كە دەمێكە ڕووداو، دەمێكە كارەسات ڕایناچڵەكێنێت. كێیە نەیتوانیوە ئەنفال لە ئاستی نێودەوڵەتی بە جینۆساید بناسێنێت، ئێستا قەناغەتمان پێ بكات شەنگال بكاتە كەیسێكی نێودەوڵەتی. ئەوەی لە بەغدا جورئەتی كرد كەیسی ئەنفال و هەڵەبجە لەسەر سینی بە بودجە و پارە بفرۆشێت، نوكتەیە چاوەڕێی ئەوەی لێ بكەین بەرگری لە ئيَزیدیەكان بكات.
ئەوەی داعش بەرامبەر بە ئيَزیدیەكان ئەنجامیاندا، بەشێكی زۆری خەڵكی كوردستان گەر لەدەستیان بێت بەرامبەر بە هاوڵاتیانی خۆیان ئەنجامی ده‌دەن. بۆ لەسەر ئاستی سیاسی و ئابووری و دزینی نانی خەڵك بۆخۆی جینۆساید نیە؟ ئەوەی شیری منداڵەكانمان و موچەی فەرامانبەرەكان ببڕێت، چی لە داعش كەمترە؟ لەسەر ئاستی دینیش ئەمە ڕاستە، كەم نین ئەو پیاوە دینیانەی كە لە مینبەرەكانەوە وەك داعش بیر دەكەنەوە، كەم نین ئەو هێزانەی تەنها ناتوانن وەك داعش ئازا بن، ئەگینا هەموو ئەوەی داعش بیری لێ دەكاتەوە قەناعەتیان پێیەتی، مەرگی بێدینەكان و سەپاندنی حیجاب و كۆنترۆڵكردنی فەزای ئازادی كۆمەڵایەتی، لەگەڵ داعشدا یەك دید و یەك تێڕوانین و یەك جیهانبینیان هەیە. دەڵێن ڕادیۆی داعش لە بەشێكی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەبیسترێت كە خوتبەی مەلای مزگەوتەكانی كوردستان نەقڵ دەكات. داعش لەئاستی سیاسی و دینی لێرەیە، هەر كردەیەك بۆ ڕەتكردنەوە، هەر كردەیەك بۆ سەپاندن داعشێكە بۆخۆی. ئەوەی ئەمە نەبینێت ناتوانێت بەرەنگاری داعش بێتەوە.
كێیە فرمێسك بۆ ئيَزیدیەكان هەڵدەڕێژێت كە ناتوانێت بەرگریان لێ بكات؟ كام سیاسی نەیتوانی بەرگریان لێ بكات و هەڵاتن، ئێستا باس لە شەرەفی ئيَزیدیەكان دەكات؟ كام موسوڵمان كە تا ئێستاش بڕوای وایە تاكە ئایین ئاینی ئیسلامە و جیهاد و كوشتنی بێدینەكان ئەركێكی ئاینیە، قسە لە بەرگری ئيَزیدیەكان دەكات.
تا ماڵئاوایی لە دیدی داعش نەكەین ناتوانین بەرگری لە قوربانیەكانی ئيَزیدی بكەین. تا بڕوامان بە فرەیی ئاینی نەبێت ناتوانین، خەمبار بین بە مەرگی ئەوی تر. 
كۆمەڵگەیەك لە جاشەكانی ئەنفال خۆش بێت، بێدەنگیش دەبێت بەرامبەر بەوانەی شەنگالیان تەسلیم كرد.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە