پڕۆژەی چاکسازی لەهەرێمی کوردستان

03/08/2019

کاروان ئەحمەد دارتاش


سەرۆکی حکومەت بەزاری خۆی و بەشێوەیەکی راستەوخۆ دوای چەند دەقیقەک لەدەست بەکاربونی لەکابینەی نۆی حکومەت لەبەردەم میدیاکان  ڕایگەیاند  قەرزێکی زۆریان لەکابینەی پێشوو بۆ بەجێ ماوە کەمەزندە دەکرێ بە 30ملیار دۆلار !

هاوکێشەکە ئاسانە و پێویستی بە لێکدانەوەو بیرکردنەوەی قوڵ نیە  حکومەتی هەرێم مەسروفاتی دەیان هێندەی داهاتەکەی زیاترە و چی دیکە ناتوانێ هەموو ساڵێک و هەموو خولێکی پارڵەمان و کابینەیەکی  ئەنجومەنی وەزیران سەدان کەس بە موچەی قەبە  خانەنشین بکات ۰

مەسروربارزانی دەیەوێت بە بەردێک چەند نیشانەیەک  بپکێت  لەلایەک خانەنشینی ئەندام پارڵەمان شێوەی عێراق لابدات وبیکاتە دەستکەوت و  لەلایەکی دیکەوە لەژێر ناوی چاکسازی و پاکسازیەوە تەسفیەی حسابات لەگەڵ نەیارەکانیشی بکات  چ لەنێوخۆو دەرەوەی  حزب۰

ئەو بڕگانەی لە پرۆژەی چاکسازیدا هاتوون  جێبەجێ کردنی هەندێک لەو بڕگانە لەمەحاڵ نزیکە  بەتایبەتی تێکەڵاوکردنەوەی هێزەکانی 70و 80و هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی سەربازی  ۰

هەر پرۆژەیاسایەک لەژێر ناوی چاکسازی وریفۆرمی دارایی و کارگێڕی  گەڵاڵە کرابێت پێویستە لە چینی باڵادەست و موچە قەبەکانەوە دەست پێ بکات و دروست وەک خاوێن کردنەوەی پلیکانەکانی قادرمە لەپلیکانەی سەرەوە بۆ خوارەوە دەست پێ بکات ۰
پرۆژەی چاکسازی پێویستە لەسەنگی مەحەکی کەمکردنەوەی بودجەو موچەی  هەرسێ سەرۆکایتیەکەی هەرێمی کوردستانەوە بێت وپاشان بۆ وەزیرو سەفیرو بریکارو راوێژکارو بەرێوەبەرەگشتیەکان شۆڕ بێتەوە ۰

سەرۆکی حکومەت ئەگەر  ئیرادەی چاکسازی هەیە دەبێ لێکۆڵینەوەی ورد لەو سەدان ملیۆن دۆلارەکە بکات کە ساڵانە تەخشان و پەخشان دەکرێ لەژێر ناوی ئیفاد و   کڕینی ئوتۆمبێل و کەلوپەلی گرانەبەها بۆ ئۆفیس و فەرمانگەکان۰

هەروەک دەیان هەزار پاسەوانی بن دیوارو هەزاران موچەخۆری دوبارە و سێ بارە بارگرانی گەورەیان بەسەر بودجەی هەرێمەوە دروست  کردوە داخۆ سەرۆکی حکومەت بوێری هەیە پاسەوانی لێپرسراوان بۆ نیوە کەمبکاتەوە لەحاڵێکدا دەیان فەرمانگەی هاتۆچۆ پێویستیان بە کارمەندی نوێ  هەیە یان بەزمانی کارگێری دەتوانێ میلاک رێکبخاتەوە یان پرۆژەی چاکسازی رەهەندێکی سیاسی وەرگرتوە تەنها بۆ بڕینی موچەی کادیری لایەنێکی سیاسیە چوون ئەگەر بڕیار بێت چاکسازی بکرێت سەرەتا دەبێ لە موچەخۆرانی لق و ناوچە و موچەی ئەیلول و زێرەڤانی و هێزەکانی 80و لیوای سەرۆکایەتی هەرێم و نێو دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەست پێ بکات ئەو کاتە خەڵکی کوردستانیش  بەم دوعایە دەڵێن ئامین ۰

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی