شەنگال و پرسی ناسنامەی نیشتیمانی

04/08/2019

ئارام رەفعەت


لەھەموو دونیا جینۆسایدێکی ھاوشێوەی شەنگال دەبێتە ھۆکارێک بۆ یەکێتی نەتەوەیی گەلە جینۆساییدکراوەکە و زیاتر کۆبونەی چین و توێژە جیاوازەکان لەدەوری ئامانجە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان و بەھێزبوون و تۆخبوونەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتیمانی.

بەڵام جینۆسایدی شەنگال ڕێک دەرەنجامێکی پێچەوانەی ھەبوو و لەبری ھاوپشتی و یەکێتی نەتەوەیی و نیشتیمانی، بۆتە ھۆی زیاتر پەرتەوازەی نەتەوەیی و لێکترازانی ناوماڵی کورد.

نەبوونی حیزب یان جوڵانەوەیەکی نیشتیمانی (کوردستانی) خاوەن فکر و روئیایەکی نیشتیمانی و ھاوکات نەبوونی ھێزێکی سەربازی نیشتیمانی و حکومەتێکی نیشتیمانی ئەم حاڵەتە قەیراناوییەی ناو ماڵی کوردستانی خراپتر و قووڵتر کردووە. فاکتەری تری پشت ئەو دەرەنجامە پێچەوانەیەی جینۆسایدی شەنگال تێوەگلانی پارتیە لەو جینۆسایدە و زاڵبوونی ئینتیمای سەبگروپ(گروپی لاوەکی) وەک حیزبگەرایی و ناوچەگەرایی حیزبە ھاوپەیمان و بەرھەڵستکارەکانی ترە.

ناوماڵی کوردی (کوردستان)ی کەلێنێکی گەورەی تێدایە، کەلێنی نەبوونی فکری نەتەوەیی کوردستانی، رێکخراوێکی خاوەن روئیایەکی نیشتیمانی لەگەڵ ھێزێکی سەربازی نیشتیمانی. ئەوانە پێداویستی و ھاوکاری سەرەکین بۆ کۆکردنەوەی زۆرینەی خەڵک لەژێر چەتری پرس و ناسنامە بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکان.

تا نەبینە خاوەنی ئەو چەترە کۆکەرەوەیە، نە ئەنفال و نە ھەڵبجە و نە شەنگال و نە داعش و نە داگیرکردنەوەی نیوەی خاکی کوردستان لەلایەن شیعەکانەوە نابنە ھۆی یەکڕیزی نیشتیمانی.


ئارام رەفعەت

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی