ئیسلامییەكان لە دوای پێكهاتنی كابینەی نوێی حكومەت

05/08/2019

عومەر عەلی محەمەد

ئیسلامیەكانی هەرێمی كوردستان هەتا ئێستا بەدەم وەڵامی ئەو پرسیارەوە نەچوون كە ئایا بۆچی خرانە دەرەوەی پێكهاتەی حكومەتی نوێ‌؟ ئایا هۆكارەكە بەهۆی دابەزینی كێرڤی جەماوەری و نزم بوونەوەی ئاستی دەنگەكانیانە؟ یان بەهۆی بێ‌ پلانی خۆیانە بۆ شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵا دەسەڵات؟ یان هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ فشاری ئەمریكیەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كە نابێت مامەڵە لەگەڵا ئیسلامی سیاسیدا بكرێت و دەبێت پەراوێز بخرێن؟

هەرسێ‌ پارتە ئیسلامیەكەی كوردستان شێوازی دید و تێڕوانینیان بۆ كاری سیاسی لە یەكترەوە نزیكن، هەرسێكیان لە ئێستادا لە چوارچێوەی فرەیی سیاسی دا كار دەكەن و وەك بنەمایەكی دیموكراسیش بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا دەكەن بۆ گەیشتن یان بەشداریكردن لە دەسەڵاتدا، هەرسێ‌ پارتە سیاسیەكە لەكاری سیاسیاندا زیاتر پشت بە كاری بانگخوازی دەبەستن و بۆ ئەم مەبەستەش سیاسەتیان كردۆتە پاشكۆی كاری بانگخوازی و هەر لەم رێگەیەشەوەیە دەیانەوێت جەماوەر بۆ پارتەكانیان زیاد بكەن و بۆ سەلماندنی ئەم راستیەش ئەوەیە لە هەڵبژاردنەكانی رابردوودا ژمارەیەك لە بانگخواز و مامۆستای ئاینی كراونە بەربژێر و توانیویانە دەنگی باشیشیان بۆ كۆ بكەنەوە، بەڵام دواجار بە گەیشتنیان بە پەرلەمان و پۆستە حكومیەكان نەیانتوانیوە وەك پیاوی دەوڵەت سەركەوتنێكی پیشەیی بەدەست بهێنن.

ئەم شێوازە لە كاری سیاسیدا زۆرتر هاوشێوەی پارتە ئیخوانیەكانە كە لە رۆژهەڵاتی  ووڵاتانی عەرەبیدا كاردەكەن، وەك میسر و ئەردەن و كوەیت و یەمەن و هەندێ‌ لە وڵاتانی تر كە بەهۆی ئەم شێوازەوە تووشی چەقبەستویی و قەیرانی جۆراوجۆر بوونەوە، ئەم پارتە ئیسلامیانە ئێستاش نەیانتوانیوە رزگاریان ببێت لە گوتاری چارەكی كۆتایی سەدەی رابردوو، كە ئەویش جەخت كردنەوەیە لەسەر پاراستنی شوناسی ئیسلامی بوونی كۆمەڵگەی كوردی ، لەكاتێكدا كە ئەمە ئەركی رێكخراوە بانگخوازیەكانە نەك پارتی سیاسی.

كاركردنی پارتە ئیسلامیەكانی كوردستان بەو فۆڕمە تەقلیدیە، بوەتە هۆی ئەوەی نەتوانن وەك پارتێكی سیاسی گەشەكردووی مۆدێرن كاربكەن و بتوانن نوێنەرایەتی هەموو چین و توێژەكان بكەن، بەڵكو ئێٍستا ئەوان نوێنەری كەمینەیەكی ئایدیۆلۆژی ئیسلامین، نەك هەموو كۆمەڵگەی كوردی كە دابەشبوونی جۆراوجۆری هەیە لەڕوی فیكری و ئاینی و نەتەوەییەوە.

ئەم پارتە ئیسلامیانە لە ناوخۆی پارتەكانیشیاندا ئاستی گۆڕان و گەشەیان زۆر لاوازە و نەیانتوانیوە فۆڕم و شێوازی كاركردنیان بگۆڕن یان زەمینەیەك ساز بكەن بۆ گۆڕانی سەرۆك و بەرپرسەكانیان، لە هەرسێ‌ پارتەكەدا بە درێژایی 28 ساڵی رابردوو تەنها نوخبەیەك رابەرایەتی پارتەكانیان دەكەن و لەم روەوە هیچ جیاوازیەكیان لەگەڵا پارتە عەلمانیەكاندا نیە، ئەمەش لەلایەك نیگەرانی و بێ‌ هیوایی لەلای گەنجان و ئەكادیمی و كەسانی رۆشنبیر دروست كردووە و بۆتە هۆی ئەوەی كە ئەم سێ‌ پارتە خاڵی ببنەوە لە میدیاكاری بەهێز و نووسەر و رۆشنبیر و ئەكادیمیەكان، چونكە ئەو نوخبە باڵادەستە توانای لەخۆگرتنی ئەو توێژانەیان نیە و زۆرجاریش بەدوركەوتنەوەیان دڵخۆش دەبن.

لەلایەكی ترەوە ئەم فۆڕمە لە ئیسلامی سیاسی رۆژ بەرۆژ لەناوخۆو دەرەوەدا دەكەوێتە پەراوێز و چیتر وەك هێزێكی سیاسی كاریگەر مامەڵەی لەگەڵدا ناكرێت، بەتایبەتی ئەمریكا و رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان، چونكە لەدوای بەهاری عەرەبیەوە ئەو مامەڵەیەی كە لەگەڵا ئیسلامی سیاسی دا دەكرێت روبەڕوبوونەوەو لێدان و پەراوێزخستنە. لەبەرئەوە ئەم پارتە ئیسلامیانەی كوردستان ئەگەر خوێندنەوەیەكی واقیع بینانەیان هەبوایە بۆ گۆڕانكاریەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبوایە شێوازی كار و گوتاری سیاسیان بگۆڕیایە هەتا هاوتەریب بە گۆڕانكاریەكان ئەوانیش بیانتوانیایە گەشە بكەن و پەیوەندیەكی نوێ‌ لەگەڵا هێزە كاریگەرەكاندا دروست بكەن، نەك روبەڕوبوونەوەو ململانێ‌، پێم وایە ئەگەر بەم شێوەیە كاریان بكردایە لەناوخۆی كوردستان و لەگەڵا هێزە دەسەڵاتدارەكانی كوردستانیشدا دەیانتوانی باشتر مامەڵەیان بكردایە و لێكتێگەیشتنی زیاتریان هەبوایە لەگەڵیاندا.

دابڕانی ئەم پارتە ئیسلامیانە لە یەكتر و تەنها خولانەوەیان لە دەوری بەرژەوەندیە تایبەتیەكان وای لێكردوون كە نەتوانن ببنە خاوەنی پرۆژەیەكی سیاسی گەورە و كاریگەر كە پارتە حوكمڕانەكان ناچار بكەن مامەڵەیەكی ئیجابیان لەگەڵدا بكەن، بۆ نموونە لە خولی پێِشووی حكومەتدا كۆمەڵی ئیسلامی ئەوەندەی لە بزوتنەوەی گۆڕان نزیكبوو هیواكانی لەسەر هەڵچنی بوو ئەوەندە بڕوای بە هێزە ئیسلامیەكانی تر نەبوو، ئەوەندەش كە یەكگرتوو لە پارتی نزیك بوبوەوە ئەوەندە لە كۆمەڵ و بزوتنەوە نزیك نەدەبویەوە، كەواتە ئەم پارتە ئیسلامیانە توانای ئەوەیان نیە كە پێشنیاری پرۆژەی گەورە بكەن و جیاوازیەكانیان تێبپەڕێنن و بتوانن لە چوارچێوەیەكی سیاسی نوێدا درێژە بە كار و چالاكیەكانیان بدەن.

لە ئێستادا ئیسلامیەكانی كوردستان یەكەم هەنگاو كە پێویستە بینێن ئەوەیە كە بازنەی ئیسلامی سیاسی جێبهێڵن و بگەڕێنەوە بۆ بازنەی نیشتمانی و كوردستانی بوون و كوردبوون، واتە پێویستە لە ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی سیاسیەوە بگەڕێنەوە بۆ بازنەی مسوڵمانی كوردستانی دیموكراسیخواز، ئەمەش بەوە دەبێت كە چوارچێوەی ئەم پارتە سیاسیانەی ئێستایان تێپەڕێنن بۆ پرۆژەیەكی سیاسی نیشتمانی، ئەم قۆناغە ئەوەشی تێپەڕاندووە، كە بەرەی ئیسلامی دروست بكەن یان بچنە ناو پارتێكی ئیسلامی ترەوە، بەڵكو پێویستە هەرسێ‌ پارتە ئیسلامیەكە لە جیاتی خزمەت بە ئەجیندای ئیسلامی سیاسی و بەرژەوەندی سەركردە و بەرپرسەكانیان بیر لە پرۆژەیەكی گەورەی نیشتمانی بكەنەوە، كە ئەمەش ببێتە چوارچێوەیەك بۆ خزمەتی گەل و نیشتمان و بەدەمەوەچوونی چارەسەری قەیرانەكانی كۆمەڵگەی كوردستان بە هەموو چین و توێژەكانیەوە، ئەمەش پێویستی بە عەقڵی نوێ‌ و كەسایەتی نوێ‌ و فۆڕمێكی تازە هەیە، بەڵام ئایا ئەم پارتە ئیسلامیانە ئامادەن ئەم هەنگاوە بنێن؟ زۆر جێگەی گومانە.

عومەر عەلی محەمەد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی