بۆچی باباجان رەتیكردەوە داوئۆغلۆ ببێت بەجێگری لە حیزبە نوێكەی؟

05/08/2019

عیماد عه‌لی

ئەوەی ئەندەكێك لە مێژووی حزبە ئیسلامیەكانی توركیا  بزانێت بۆی روون دەبێتەوە كە تەنها بە زارەكی پابەندن بە فكر و بیروبۆچون و بەناو فەلسەفەی ئیسلامیەوە،  راستتر بڵێین ئەوان پابەندن بە ئیسلامی مەزهەبی تایبەتی توركیەوە، ئەگینا بە ناوی ئیسلامەوە هەموو ململانێیەكی سیاسی و فرت و فێڵ و ركابەری و مانۆر و تەكتیكی هەمەجۆر بەكاردێنن بۆ بەرژەوەندی تەسكی كەسی وحزبی خۆیان بەدوور لەو بانگەشانەیان. بۆیە وادەبینین لە نێوان هەر‌ چەند ساڵیكدا بەهۆكاری لێكبڕان و لێكدادانی بەرژەوەندیە كەسیە زۆرەكان  هەر لەهەناوی هەمان حزبە ئیسلامیەكان حزبی ئەڵتەرناتیڤی تازە دەردەكەوێت، ئەمە لە حزبی فەزیڵەی ئەربەكانەوە بگرە تاوەكو حزبە نوێكەی باباجان، لەو نێوەندەشدا  لە داودئوغلۆ و ئەردوگانەوە پێێدا برۆ تادەگاتە عەبدوڵاگویل. (ئەمە ئەگەر باسی چاكەی ئەربەكان بۆ ئەردۆگان نەكەین كە یەكەم كەس بوو دەستی گرت و بەخەڵكی ناساند).

بە شێوەیەكی گشتی، ئەگەر لە خاڵی چارەنوسسازی فكری و فەلسەفی ئەم حزب وكەسانە وردبینەوە، جیاوازیەكی ئەوتۆی لەسەر ئەرزی واقع و بە كردەیی تێیدا نابینین،  باسی قسەی رووت و بانگەشەكاری ناكەم كە بە شێوەی كرداری نابینرێت، كە بەداخەوە حزبە ئیسلامیەكانی كوردستانی خۆشمان بەرچاوی خۆیان گرتووە و لاسایی ئەم حزب و كەسە بەرژەوەندخوازانە دەكەنەوه لەسەر حسابی رەوتی فكری و فەلسفی ژیانی خەڵكی كوردستان‌.

ئەوەی لێرەدا مەبەستە ئەوەیە، كە ئایا ئەمرۆ لە هەناو و منداڵدانی حزبی دادپەروەری وگەشەپێدانی ئەردوگانی توركیا بۆچی ئەم حزبانە دەردەكەون و لەوێشدا باباجان بە شێوەی باوەربەخۆبوو زاڵ دەبێت و هەنگاوی خۆی دەنێت وبە هێزەوە دەردەكەوێت و تەنانەت لەوێشدا ئەوە رەتدەكاتەوە كە حزبە نوێكەی داودئۆگلو لەگەڵ ئەوەی  تێكەڵ بكات و ئەوەش رەتدەكاتەوە كە تەنانەت داودئۆغلۆ بە هەموو ملكەچبونێك ببێت بە جێگری لە حزبە نوێكەیدا.

ئەوەی داود ئۆغلۆ و باباجان بناسێت دەزانێت رەوتی ژیانی سیاسیان جیاوازیەكی زۆری هەیە، داودئۆغلۆ بە تێۆرستی سیاسەت بە سفر كردنی كێشەكانی توركیا لە ناوچەكە و بە دارێژەری عوسمانی نوێ لەم قۆناغە ناسرا و بوغرای ئەردوگانی كرد و كێڕڤی نەرجسیەتەكەی بەرزكردەوە و  هەڵخەڵیخەڵەتاند، بەو نیازەی ببێته سوڵتانی نوێی عوسمانی لە ناوچەكە و بگاتە ئەو سنوورەی كە عوسمانیەكان  حوكمیان دەكرد. بەڵام باباجانبە پسپۆڕیەكەی خۆی لە رووی ئابووریەوە كاری دەكرد و جێگەی رەزامەندی رێژەیەكی زۆری خەڵكی توركیا بوو،  بە راستیش رووی ئابووری توركیای گەشاندەوە و،  پێش ئەوەی ناوبانگی لەكەدار بكات دانیشت و ناكۆكیەكانی لەگەڵ ئەردۆگان دەركەوت و بەڵام پشودرێژ بوو و هیچ هەڵپەیەكی نەكرد و ئۆپۆزسیۆنبونی خۆی لە دەرئەنجامی دوورخستنەوەی لە پۆستكەی  لە پڕیكدا دەرنەخست وەكو داودئۆغلۆ.

ئەمرۆ مێژووی توركیا دووبارە دەبێتەوە، بەڵام بە شێوەیەكی نوێ و جیاواز لە ئەزمونەكەی ئەردۆگان و لەقەوەشاندنەكەی  لەو كەسەی كە چاكەی لەسەر هەبوو،  ئەم بە ماوەیەك دانیشتن ئەوەی دەرخست كە فرتوفێلی هەرزەكارانە ناكات و دەیەوێت ئەو جیاوازیەی لەگەڵ ئەردۆگان هەیە بسەلمێنێت كە راستە و لە قازانجی توركیادایە.

بۆیە وا چاوەروان دەكرێت پاش دۆڕاندنی ئەردۆگان وحزبەكەی لە ئەستەنبوڵ، باباجان سەرجەم توركیای لەدەست دربێنێت و لە پەیرەو كردنی رەوتی ناوەراستی فكری وفەلسەفی ئاراستەی سیاسەتی ئابووری توركیا بگۆرێت. بەم شێوەیەش دەكرێت سەرجەم پێكهاتەكانی توركیا سودی لێببینن، لەم بارەشەوە چاوەروان دەكرێت ئەگەر كورد  بتوانێت لە دەرگای تایەبتی خۆیەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكات تا ڕادەیكی كەم جیاواز بێت لە ئەردۆگان  بۆ پرسە چارەنوسسازەكەی.

ئەوەی وای لەباباجان كرد داودئۆغلۆ رەتبكاتەوە جگە لەوەی لە پێشەوە باسمكرد و سەركەوتو نەبوو تێیدا،  ئۆغلۆ كێشەكانی نەك  هەرسفر نەكردەوە بەڵكو زیاتریشی كرد و كێشە سەرەكەیەكەی نێوخۆی توركیا كە پرسی كوردە بە هاوكاری ئۆردۆغان قووڵتر وئاڵۆزتر كرد و، تا دوایی بەم كارەساتانە كۆتایی هات كە ئاشتەوایی لەگۆڕنرا و شەر و پێكدادان جێگەی گرتەوە.
 
داود ئۆغلۆ لە حەقیقەتی عەقڵی خۆیدا لە فكر و سیاسەت و فەلسەی میانرەوی و رەوتی ناوەراستی سیاسەت دوورە، لەگەڵ ئەوەی كە پەیمانی داوە بە باباجان پەیڕەوی ئەم رەوتە بكات و  پابەندی بێت بەڵام باباجان بەدەنگی بەرز رەتیكردەوە.  

عیماد عەلی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی