"ئاپۆ" ناوەكەی تری "ئاشتی"

10/08/2019

پەیکار عوسمان

ئاشتی مەقامی هەرە باڵای ئاگایی ئینسانە، ئەوەی بگات بە داوای ئاشتی، ئیتر داواكاری تری نامێنێت، چونكە ئەو گەیشتووە بە داوا گەورەكەو ئیتر دانابەزێتەوە بۆ داوا بچوكەكان!

داواكانی خوار ئاشتی هەرچیبن و هەرچەنێ ڕەوابن، هەر ئاشتی ڕەواترەو هەر ناگەنە ئاستی ڕەوایەتی ئاشتی!

جا تۆ كە داوای ئاشتی بۆ ئینسانەكان ئەكەیت، یەعنی داوای ڕەواترینی ڕەواكانیان بۆ ئەكەیت، بۆیە پێویست ناكا داوای ترت هەبێت.

تەنانەت لەنێوان زاڵم و مەزڵومیش هەر ئاشتی هەڵبژێرە، چونكە ئاشتی ڕاستەقینە، خۆی لەخۆیدا بەكەرامەتەو هەر ئەو دۆخەیە كە زوڵمی تیانەمێنێ.

مەقامی نزمی جیاكاریی تێپەڕێنە، لە ڕق ڕزگارت ئەبێ و ئەگەیتە مەقامی بەرزی خۆشەویستی! كە گەیشتیتە ئێرە، ئیتر داوای بچوكت نامێنێ ئەگەرچی بە پێوەرە باوەكانی عەقڵیەتی جیاكاری، پاساوی ڕەوایەتیشیان هەبێت!

لە مەوقعی خۆشەویستیەوە ئیتر سەیری خوارەوەو عالەمی جیاكاری ناكەیت، تەنیا سەیری سەرەوە ئەكەیت، لە سەرەوەی خۆشەویستیشەوە تەنیا ئاشتی هەیە، بۆیە ئیتر هەر ئەو خواستەت هەیەو ئاشتی ئەبێتە داوای ئەوەڵ و ئەخیرت.

كە ئەڵێم ئاشتی مەبەستم ئاگربەست و چەكدانان نیە، ئەو دووانە بچوكترین وێنەی ئاشتین، یان تەنیا ڕوخسارو ڕوكەشی ئاشتین.

ئەڵێم ئاشتی مەبەستم قۆناغی هەرە باڵای ئاگایییە، كە ئینسان لەناو خۆیداو لەگەڵ خۆیدا پێی ئەگاو دوای ئەو گەیشتنە ناوەكی و عەقڵی و ڕۆحیەش، ئیتر بۆ دەرەوەی خۆت، جگە لە ئاشتی قسەیەكی ترت نیە.

هەموومان خەریكی دەسكاریكردنی دنیاین و هەر خراپیشی ئەكەین، ئاپۆ ساڵانێكە تەنیا خەریكی دەسكاریكردنی بیری خۆیەتی و لەوێشەوە گەیشتۆتە دەسكارییەك، كه تەنیا ئەو دەسكارییە چاكیئەكاو خراپی ناكات!

هەرچەن جەریمەیە ئەم دووانە موقاڕەنە بكەیت، بەڵام ئێستا ئاپو لەوپەڕی باڵایی خۆیدایەو ئەردۆگان لەوپەڕی گرگنیی خۆیدا ئەژی! 

چونكە یەكەمیان بەتەواوی خۆی یەكلاكردۆتەوە بۆ ئاشتی و پێكەوەژیان. دووەمیشیان هەموو شتێكی ئەچێتەوە سەر شەڕو ڕق و جیاكاری!

خۆ ئەگەر ئەردۆ بڕێك لە كەلی شەیتان بێتە خوارەوە (كە هەربەڕاستی لە كەلی شەیتاندایە) ئەوكات پێكەوە لەگەڵ ئەو سەرسپییە بیرسپییەی ئێمە، ئەتوانن خێرێكی گەورە بۆ دنیاو قامەتی خۆیان بكەن، بەتایبەت كە هەردوكیان لەكۆتایی تەمەنیاندان.

ئەمەوێ بڵێم ئێستا ئاپۆ لەو خەڵوەتەی خۆیدا، گەیشتووە بەو مەقامە عالیە عیرفانیەو تەنیا ئەوانە لێی تێئەگەن كە خۆیان گەیشتوون یان موسافیری ئەو ڕێگەیەن!

ئێستا لە ئاپۆ تەنیا ئاشتی ماوەتەوە، ئەو ئێستا هیچ نیە جگە لە ئاشتی! (ئەم هیچنەبوونەش جگە لە ئاشتی) بەرزترین شوێنە كە ئینسان پێی بگاو چارەسەرو ڕێگای نەجاتیش ئەوەیە ئێمە هەموومان، بڕۆین و بگەین بەو شوێنەی ناو خۆمان.

یەكێ لە ناوەكانی خودا ئاشتیە، كە بە ڕای من بەرزترین ناوی خودایە، تەنیا ئەوانەش ئەم خودایە ئەناسن كە یەكلائەبنەوە بۆ ئاشتی! بەمەشبێ چیتر ئاپۆ هەر عەبدوڵانیە، بەڵكو عەبدولسەلامیشەو دروست خودای ئاشتی ناسكردوە.

دواجار بە حەكیمە ئازادەكەی زیندان ئەڵێم: بەقەت خۆشەویستیت بۆ ئاشتی خۆشمئەوێیت.

پەیكار عوسمان

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی