نێچیرڤان بارزانییش نەمامەكەی چاند: چالێنجی من بۆ حكومەتی نوێ

10/08/2019

کەمال چۆمانی

چالێنجی نەمام چاندن لە هەرێمی كوردستان چەند مانگێكە هەندێك كەس و بەرپرسی بە خۆیەوە سەرقاڵ كردوە. لە راستییدا ئەو جۆرە دەستپێشخەرییانە خراپ نین، بەتایبەت بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی. ئەو چالێنجانە/ئالنگاریی/تەحەدییانە زیاتر بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی و كڕاودفەندینگ بەكەڵكن. 

ئەوەی كۆمی-تراجیكە سەرۆك وەزیرانی پێشو و ئێستا سەرۆكی هەرێم نێچیرڤان بارزانیی دوای ٢٠ ساڵ لە پۆستی سەرۆك وەزیران تەنها توانی ماڵەكەی خۆی سەوز بكات. جێگری سەرۆك وەزیرانیش قوباد تاڵەبانی دوای چوار ساڵ لەو پۆستە، سەرەڕای ئەوەی زۆربەی ژیانی لە دەرەوە بردۆتە سەر و لە گرنگیی سەوزایی باش تێدەگا، كەچی بە چالێنجی چاندنی نەمامێك دڵی خۆشكردین! سەرۆك وەزیرانی ئێستاش مەسڕوڕ بارزانیی، توڕە و تیژ دیارە پێدەچێت كەس جورئەتی نەكردبێت چالێنجی بكات بە چاندنی نەمامێك!

بەڕێزان سەرۆك، سەرۆك وەزیران و جێگری سەرۆك وەزیران، لە راستییدا من چالێنجێكم بۆتان هەیە؛ ناڵێم چاو لە وڵاتانی ئەسكەندەناڤیا بكەن و پڕۆژەی وزەی خاوێن و بەكارهێنانەوەی سەدا-سەد و سفر-دوانەئۆكسیدی كاربۆن و كۆتاییهێنان بە پیسبون و عەدالەتی ژینگەییتان هەبێت، بەڵكو دەڵێم چاو لە سەرۆك وەزیرانی پاكستان بكەن. هەرسێكتان ئینگلیزیی دەزانن و دەتوانن سێرچ بكەن بزانن عیمران خان چی كردوە، بەڵام من بۆتان ئاسانتر دەكەمەوە. 

ساڵی ٢٠١٣ حیزبەكەی عیمران خان تەنها توانی هەرێمی خەیبەر پاختونخوە بباتەوە. پلانێكی ستراتیژییان دانا بۆ چاندنی یەك ملیار نەمام. ناویان نا 'تسونامیی یەك ملیار نەمام'. ١٦٩ ملیۆن دۆلاریان بۆ ئەو پڕۆژەیە تەرخان كرد. لە ٢٠١٧ ئەو پڕۆژەیەیان بە ئەنجام گەیاند. بە دەیان هەزار دەرفەتی كاریشیان دروستكرد هەر لەڕێی ئەو پڕۆژەیەوە.

دوای بردنەوەی هەڵبژاردنەكان ساڵی پار، حیزبەكەی سەرۆك وەزیران خان پلانێكی تری داناوە. 

ئێستا پاكستان پلانیداناوە بۆ چاندنی ١٠ دە ملیار نەمام. لە ٢٠٠ شوێندا لە وڵاتدا نەمام دانراون و هەركەسێك دەتوانێت نەمام ببات و بچینێت. پاكستان پلانەكەی وایە بەهەرەوەزیی نەمام بچێنن لەگەڵ جڤاك و كۆمپانیا و خاوەن كاران بۆ روبەڕوبونەوەی گۆڕانی كەشوهەوا. پاكستان ئەو پلانەی بە 'تسونامیی ١٠ ملیار نەمام' ناوناوە. گۆڕانی كەشوهەوا نزیكەی چوار ملیار دۆلار زیان لە پاكستان داوە لە ١٩٩٨ەوە، ١٠ هەزار كەسیش بۆتە قوربانیی.

ساڵی رابردو زەویی زاری خەڵك، بە گوێزەكەی ئێمەشەوە لە گەلەژێری گوندما كە زۆرم دڵ پێی خۆش بو، لافاو بردی. زیانەكانی لافاو ساڵانە زیاد دەبن. قوربانیی زۆریشی لێ كەوتۆتەوە. ئێستا ئێوە دەتوانن، بەتایبەت سەرۆك وەزیرانی نوێ و جێگرەكەی، پڕۆژەیەكی گەورە رابگەیەنن بۆ سەوزكردنی كوردستان. ئەو پڕۆژەیە دەكرێت لەگەڵ دەیان و سەدان كۆمپانیا و خاوەن كاریش بەهەماهەنگیی ئەنجامبدەن. خۆتان دەزانن چ بێكارییەك روی لە كوردستان كردوە، دەتوانن كەمۆكەك روبەڕوی ئەو بێكارییە ببنەوە. دەتوانن لەبری ئەوەی ساڵانە بە هۆی لافاوە بودجەی تایبەت تەرخان بكەن و قەرەبوی خەڵك بكەنەوە، دەتوانن هەر بەو بودجەیە دەیان هەزار نەمام بچێنن و روبەڕوی گۆڕانی كەشوهەوا و لافاو ببنەوە. ئێمە نابێت تەنیا لە شەڕی داعشدا بەشدارییمان هەبێت لە دونیادا، پرسی روبەڕوبونەوەی گۆڕانی كەشوهەوا پرسی هەموانە، هەمو گەلانی دونیا دەبێت پێكەوە روبەڕوی ببنەوە. 

ئەگەر حكومەتی نوێ چالێنجی دەوێت، ئەوا با ئەو چالێنجەی من قبوڵ بكات و چاو لە سەرۆك وەزیرانی پاكستان بكات. من ناڵێم ملیارێك نەمام بچێنن، بەڵكو ١٠٠ ملیۆن نەمام بچێنن لە چوار ساڵی داهاتوتان.

كەمال چۆمانی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی