داڕووخانی بەشێ لەگوتاری ئاینی لەكوردستاندا

15/08/2019

ئەبوبەكر كاروانی

هێرشی توند و بەزمانێكی یەكجار نزمی مامۆستایەكی ئاینی بۆ سەر مامۆستایەكی ترو خانمێكی گۆرانیبێژ ، كە تەنیا نمونەیەكە لەوەی لەبەشێ لەناوەندە ئاینیەكەدا و بەتایبەتیش ئەوبەشەی كاریگەرە بە سەلەفیەت ڕوودەدات ، ئاماژەیە بەئەوداڕووخاوی و قەیرانە قوڵەی بەشێ لەم گوتارە بەدەستیەوە دەناڵێنێ . 

ناوەڕۆكی ئەم گوتارە ، بەڕوونی كاریگەری ڕەوتێكی بیابانگەرایی عەرەبی لەتێگەیشتنی ئیسلامی پێوە دیارە ، بۆیە زمانی دەربڕین و گەیاندنیشی ڕەنگدانەوەی ڕووە دواكەوتوو خراپەكەی خێڵەو ڕەچاوی سەرەتا دینی و ئەخلاقی و كۆمەڵایەتیەكان ناكات . 

ئەوەش دەیسەلمێنێت ، كە گوتارەكە گەرچی بەناوی دینەوە پێشكەش دەكرێت ، لەجەوهەردا نادینی یە لەبەرئەوەی لەدوورو نزیكەوە پەیوەندی بەو شێوازانەوە نیە قورئان بۆبانگەشەكردنی خەڵكانی ناموسوڵمان دەستنیشانی كردوەو دانی پێدا ناون ، كەلە(الحكمە ، الموعڤە الحسنە وجدال بالتی هی احسن) دا بەرجەستە دەبن ، چجای دواندنی موسڵمانێ با تۆ بەگوناهباریشی بزانی . ئەم گوتارە جگە لەنامۆبوونی بە چەندان دەقی دینی ، بەتەواوەتیش لەوگوتارە ئیسلامیە كوردییە خۆماڵیە نامۆیە ، كە لەمێژوودا دەربڕی كارلێكی كورد لەگەڵ ئیسلام ئەو میانەڕەوی و لێبوردەییە ئایینی و كۆمەڵایەتیە جوانەیە لێی كەوتۆتەوە ، كەمامۆستا فاتیح شارستێنی_ لەگەڵ ئەوەی لەگەڵ هەموو ئەوشتانەدانین دەیانڵێت_یەكێ لەو خەتیب وبانگخوازانەیە سەربەم قوتابخانە دیندارییە كوردەواریە جوانەیە و بۆن وبەرامەی ئەوی لێ دێت و شایستەی ڕێزگرتنە و هێرشكردنە سەری بەو جۆرە تاوانێكی دینی و یاسایی و كۆمەڵایەتی و ئەخلاقیە . 

ئەم گوتارە بەو ئەندازەی دژبە كۆمەڵگەو هەموو ئەوكەس وناوەندانەیە بەئامانجیان دەگرێت ، دژبەخودی دین و بانگەشە ئیسلامیەكەشە لەكۆمەڵدا ، چونكە دەچێتە خزمەت زیاتر بەدبینكردنی بەشێ لەنەوەی نوێ بەرامبەر بەئاین و بیانووش بەدەست هەندێ كەسەوە دەدات ، بۆ پەلاماردانی ئیسلام و كۆی ئەوچالاكی و هەوڵانەش بەناوی بوژانەوەی بەهائیسلامیەكانەوە دەیانەوێت خزمەت بەڕووە ئیسلامی و ڕووحی و ئەخلاقیەكەی كۆمەڵگەبكەن . 

لەڕوویەكی ترەوە جگەلەوەی سیمایەكی دژە ئازادی ، وەك مەعروفێكی سەردەم بەگوتاری بانگخوازی و دینی دەبەخشێت ، لەجیاتی ئەوەی ڕووبەڕووی داڕووخانی بەشێ لە زمانی سۆشیال میدییاش ببێتەوە ، كەداڕووخاویی سیاسەت لەقۆناغی ڕابردوودا خوڵقاندویەتی ، هەمان شێواز بەناوی ئاینەوە دووبارە دەكاتەوە !! كە ئەوەش تاوانەكەی چەند قاتە ، چونكە خراپەیەكە لەژێر بەرگی پیرۆزیدا ئەنجام دەدرێت ، جۆرێ لەڕەوایەتی پێدانی ئاینیش بەو زمانە نەشیاوەی سۆشیال میدیا كە ئاماژەمان پێكرد دەبەخشێت ! 

لەكاتێكدا ئاین دەبێت وەك سەرچاوەیەكی ئیدانە كردن و ئیسڵاحیی هەمییشەیی كردەو شێوازە نائەخلاقیەكان بمێنێتەوە . ئێمە لەسەردەمێكدا دەژین پڕە لە ڕق و خۆپەرستی و شەڕو نائومێدی ، ڕۆڵی ئاین بانگەشە بۆشەڕو زبری و كینەو هەست برینداركردن و سەپاندنی فۆڕمێ لەژیانی كۆمەڵایەتی مێژوویی نیە ، كەلەمێژووشدا پانتاییەكی مێژوویی كەمی بەردەكەوێت . وەزیفەی ئاین شەكەتی دەركردنی مرۆڤی ماندووی سەردەم و بەخشینەوەی ڕێزو سۆزو خۆشەویستی و گیانی فرەیی یە ، كەمكردنەوەیە لەگرژی و كێشەكان ، نیشاندانی ئاسۆی لێخۆشبوونی بێ سنوری خواییە بۆگوناهكاران . 

نەك لەمیانەی ڕەفتارێكەوە كەتۆ بەگوناهی دەزانی یاخود هەر لەبنەڕەتدا گوناهە ،حوكم بەسەرئاین و كۆی كەسێتی و دنیاو قیامەتی مرۆڤێكدا بدەی !! وەك ئەو مامۆسایە بەرامبەر ئەو خانمەو تەنانەت مامۆستا فاتیحی بانگخوازدا كردوویەتی . لەگەڵ ئەوەشدا كەداوای لێبوردنی مامۆستاكەو پەشیمان بوونەوەی لەهەندێ دەستەواژە ی و داننانی بەنەشیاو بوونیان لەڕووی شەرعی و كۆمەڵایەتیەوە شتێكی باشە وەدەكرێت خاوەن مافەكان لەو كەیسەدا قبووڵی بكەن ، مەسەلەكە بەمە كۆتایی نایەت و ناشبێت كۆتایی بێت . چونكە كێشەكە ڕووداوێكی دابڕاوو تێپەڕنیە ، بەڵكوئاماژەیە بەكێشەیەكی گەورەترو ڕێبازێكە لەتێگەیشتن لە دین و شێوازێكە بۆ تێگەیشتنی ئیسلام و گەیاند ن و پیادەكردنی و چەندان مامۆستاو خەڵكی جۆراو جۆر لە پشتیەوەتی و بۆ بەدبەختیش لەساڵانی ڕابردوودا دەسەڵاتیش پشتیوانی كردووە !! 

هەندێ ڕێوشوێنی ڕواڵەتی بەرامبەر هەندێكیشان بووە بە میكانیزمێ بۆ بە ئەستێرە بوونیان و كردنیان بەپاڵەوانی شاشەو سۆشیال میدیا ، كەفیتنەیەكی ڕاستەقینەو سەرچاوەو هۆكارێكی سەردەمیانەی لەڕێ لادان و شێواندنی بەشێ لەگوتاری بانگخوازی یە . وەناتوانین دڵنیابین لەوەی بەشێ نەبێت لەهەمان پشتیوانی پێشوو بەجۆرێكی تر . بەگشتیش لەبەرئەوەی هەر وەك وتمان ئەمە قوتابخانەیە ، ڕەوت و دیاردەیە ، وەلەهەمان كاتدا مەترسیە بۆ سەر ڕۆحی ئیسلام و دینداریی كوردەواری و ئاشتی كۆمەڵایەتی و سەرهەڵدانی توندوتیژی لەداهاتوودا ، پێویستە ببێتە جێگەی بایەخ و قسە لەسەركردنی ناوەندە ئیسلامی و زانایی و فیكرییەكەی كوردستان . 

چونكە بەجێهێشتنی بێ ڕەخنە لێگرتن و لەسەروەستان و ڕاوەستاندنی فیكریی و زانستی ، مەترسیەكانی چەندقات دەكاتەوەو چارەسەرەكانیش قورستر دەبن . ماوەتەوە بڵێین لێپرسراوێتی بەشێ لەوەی لەم ڕوەوە ڕوودەدات ڕوودەكاتە ئیسلامیەكان و بەتایبەتیش یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كەلەڕابردوودا ڕۆڵی بەرچاوی لەپاشەكشەكردن بەوگوتارە هەبووە ، لەوسۆنگەوەكە بەهۆی درێژەدانیان بەشێوازێكی چەقبەستوو لەكاركرندا ، وەبەكارهێنانی بانگەوازو بانگخوازان و ئیستهلاككردنیان وەك ئامراز بۆ سیاسەتێكی شكستخواردوو ، وەبەپاشكۆ مانەوەی بانگەواز بۆكاری حیزبی و سیاسی و سەربەخۆنەكردن و ئەولەویەت پێنەدانی ، وەڕانەماڵینی پاشماوەكانی هەندێ ڕوواڵەتی سەلەفیەت لەناو خۆیانداو درێژەدان بە پێشكەشكردنی بانگەوازو بابەتی ڕوحی لەبەرگی حیزبدا و نوێ نەكردنەوەی زمان و شێوازو میكانیزمەكان ، كەمرۆڤ و كۆمەڵگەی كوردستان تێی پەڕاندووەو كاریگەری بۆنزمترین ئاستی خۆی دابەزیوە ، بۆشاییەكی ڕاستەقینەیان دروست كردووە ، بەشێكی بەرچاوی بۆشاییەكەش لەلایەن كۆمەڵێ بانگخوازو پڕكراوەتەوە ، كەهەڵگری گوتارێكی دینی وشك و توندن . 

لەڕووی فكریشەوە جگە لەهەندێ دەنگی تاكەكەسی سنوردا ڕۆڵێكی وایان لەڕەخنەلێگردتنی ئەم فیكرو گوتارەدا نیە . بەڵكو هەندێ جار موجامەلە دەكەن و تەنانەت بەداخێكی زۆرەوە لەهەندێ ڕووی فكرییەوە خەریكە پاشەكشە لەبەشێ لەو دەستكەوتە فیكریانەش دەكەن ، كەلەقۆناغی ڕابردوودا بەدەست هاتوون ؟!

ئەبوبەكر كاروانی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی