عادل عەبدولمەهدی لەبەردەم یەكەم تاقیكردنەوەدا

16/08/2019

رێبوار حەمەوەیس

چاوەڕوان دەكرێت لەگەڵ دەستپێكردنی وەرزی دووەمی یاسادانانی عێراق لەسەرەتای مانگی داهاتوو، حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی بكەوێتەبەر لێپرسینەوەی ئەو فراكسیۆنانەی نیگەرانن لە رۆڵی حكومەت و پێیان وایە نەیتوانیوە لانی كەمی بەرنامەكەی جێبەجێبكات.

هاوپەیمانی سائیرون و رەوتی حیكمە وەك پشتیوانی كۆن و نەیاری تازە، لەگەڵ هاوپەیمانی نەسری حەیدەر عەبادی، لەچەندین بۆنەدا رەخنەی توندیان لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران و حكومەتەكەی گرتوەو دەڵێن، لاوازترین حكومەتەكە لەدوای 2005 و لەسەر بنەمای بەشبەشێنە پێكهێنراوەو ناتوانرێت چوار ساڵەكەی تەواو بكات.

لەبەرامبەردا بەشێك لە لایەنەكانی تر لەوانەش هاوپەیمانی فەتح و بەشێك لە سونەو كورد پشتیوانی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی دەكەن و دژی هەرجۆرە هەوڵێكن بۆ دوورخستنەوەی و پێیان وایە رەوشی سیاسی و ئەمنی و ئابوری عێراق بەرگەی قەیرانێكی نوێ ناگرێت و ئەو لایەنانەی كار بۆ دروخستنەوەی عادل عەبدولمەهدی دەكەن، ئەوانەن بەرژەوەندییە تایبەتەكانیان لەحكومەتەدا كەوتۆتە مەترسییەوەو كێشەو داواكارییەكانی هاوڵاتیانیان كردۆتە بیانوو.

هەندێك لە نەیارەكانی عادل عەبدولمەهدی بەتایبەت هاوپەیمانی نەسر، نیگەرانە لە نزیكبوونەوەی هەرێم و بەغدادو بەئاشكرا دژایەتی خۆی بۆ ناردنی بودجە بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕیوە، بەڵام تا ئێستا فراكسیۆنە كوردستانییەكان، هەڵوێستێكی یەكگرتوویان لەسەر ئەو پرسە پیشان نەداوەو چاوەڕێی رەوتی رووداوەكانن، لەكاتێكدا ئەگەر عادل عەبدولمەهدی دووربخرێتەوەو بگۆڕدرێت بە كەسایەتییەكی تر ، كە زۆر باس لە حەیدەر عەبادی دەكرێت، رەنگە هەرێم و بەغداد بچنەوە چوار گۆشەی یەكەم و  سەرۆك وەزیرانی نوێ هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنەكان لەگەڵ هەرێم بكاتە یەكەم كاری.

هەرچەندە تەواوكردنی كابینەی حكومەت ماوەیەكی زۆری خایاندو خودی عادل عەبدولمەهدیش دەستەوەستان بوو لەئاست ئەو پرسەدا، بەڵام بەدوور نازانرێت لە وەرزی نوێی یاسادانان ژمارەیەك لە وەزیرەكان لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكرێت و دووربخرێنەوە، ئەوەش رەنگە ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكان قوڵتر بكاتەوەو ببێتە مایەی ئیفلیجكردنی كارەكانی حكومەت.

لەگەڵ ئەوەی كەمپینەكان بۆ دوورخستنەوەی عادل عەبدولمەهدی بەهێزبن، سەركەوتوو نابن لە بەدیهێنانی ئامانجەكەیان، ئەگەر مەرجەعیەتی باڵا گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵنەكات، بەڵام ئەوەی تاكو ئێستا دەگوزەرێت مەرجەعیەتیش لە ئەركەكانی حكومەت ناڕازییەو نوێنەری عەلی سیستانی مەرجەعی شیعەكان لە چەند هەینی رابردوو بێهیوای خۆی پیشانداوە لەوەی حكومەت بتوانێت  خزمەتگوزاری پێشكەش بكات و سنورێك بۆ گەندەڵی دابنێت.

رێبوار حەمەوەیس

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی