بڕیارە قورسەكەی حكومەت

19/08/2019

سەرتیپ وەیسى

هێشتا یاسایی چاكسازی لەسەروبەندی نوسینەوەو دووبارە ناردنیەتی بۆ پەرلەمانی كوردستان، هەندێ كەس و لایەن بە فەرمی و دوور لە میدیا، دژایەتی خۆیان بۆ ئەو پڕۆژەیە دەڕبڕیوەو پێیانوایە، جێبەجێكردنی یاسایەكی لەو شێوەیە لە ئەرزی واقع قوڕسە و دەستبردنە بۆ قوتی خەڵك.

پەرلەمان بەر لە گفتووگۆكردن لەسەر یاسایی چاكسازی لە پەرلەمان دەیەوێ لە رێگەی دەركردنی یاسایەكی تایبەت بە دامەزراوەی پەرلەمان، هەندێ تایبەتمەندی لە نێوشیان موچەو ئیمتیازات و شێوازی خانەنشینی پەرلەمانتار بپارێزێـت.

لیژنەی تایبەمەندەكەی حكومەت بۆ نوسینەوەی پڕۆژە یاسایی چاكسازی، خەریكی وەرگتنی ڕاوبۆچوون و پێشنیازە، هەرچی پڕۆژەیەك لە پەرلەمانەوە لەوبارەیەوە پێشكەشكراوە گەیشتۆتە حكومەت ، حكومەتی هەرێم داوای سەرجەمی ئەو پڕۆژانەی كردووە.

ئەو بایۆمەتریەی كە لەلایەن كابینەی پێشوو لەسەر دەستی قوباد تاڵەبانی دەستپێكرابوو، لە ئێستادا لە لایەن حكومەتی نوێ قبوڵكراو نییەو جێگەی گومانە، بەو پێیەی لە پڕۆسەی بایۆمەتریدا هێشتا سەدان هەزار كەس ناوی خۆیان تۆمارنەكردووە، لیستێكی ڕوون و شەفاف پێشكەشنەكراوە، لیستی بایۆمەتری جیاوازیەكی یەگجار گەورەی لەگەڵ لیستی موچەخۆرانی ئێستا هەیە. ئەو پڕۆسەیە نەیتوانیوە رێگری بكات لە موچەی خۆری بندیوارو دوو مووچەیی، بۆیە كابینەی نوێ پڕۆژەی خۆی لەوبارەیەوە دەبێت.

لە ساڵی 2008وە حكومەتی هەرێم زیاتر لە 42 جۆر دەرماڵەی بە فەرمانبەران داوە، بەڵام بە پێی پڕۆژە یاسای چاكسازی لە خانەنشینی و مووچە ‌و دەرماڵە ‌و بەخشین و ئیمتیازاتەكان، لەمەودوا خەرجكردنی دەرماڵەی تایبەت لە سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەكان تەنها بۆ فەرمانبەرو كارمەندی شایستەیە، كە بەفیعلی خزمەت دەكەن، بەمەش زۆرێك لەو دەرماڵانەی دەدرێت بە فەرمانبەران دەبڕدرێت، تەنها ئەوانە نەبێت، كە ساڵی 2008 لە پەڕلەمانی عێراقەوە بڕیاری لەسەردراوە.

بەشێك لەو دەرماڵانە بەپێی یاسایی كارپێكراوی موچەی عێراق دەدرێتە فەرمانبەرانی هەرێم و بەشێكی دیكە لە لایەن هەرێمەوە دانراوە، حكومەتی هەرێمی دەیەوێت لە پێدانی دەرماڵە بە فەرمانبەران وەكو بەغدا بێت، ئەو كەسانەی كە بەشێوەیەكی ناشایستەش ئەو دەرماڵە وەردەگرن دەرماڵەكەیان ببڕێت.

لە قەزیەی دەرماڵەی فەرمانبەران، پێویستە حكومەتی هەرێم زۆر بە وردی و هەستیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە بكات ، تەڕو وشك بەیەوە نەسوتێنێت، چونكە ئەگەر ئەو دەرماڵانەی لە لایەن هەرێم دراون بە هەندێ توێژ، ئەگەر ئێستا ببڕدرێن، ئەوا فەرمانبەرێكی زۆر زەرمەند دەبن، بۆنموونە ئەگەر هەرێم بیەوێ 150 هەزار دینارەكەی مامۆستایان ببڕێت ئەوا زیاتر لە 110 هەزار مامۆستا زەرەرمەند دەبێت، چونكە لە بەغدا ئەو جۆرە دەرماڵەیه بۆ مامۆستایان نییەو بەشێوەیەكی دیكەیە. 

بەپێی یاسایی چاكسازی هیچ كەس نابێ دوو جۆرە دەرماڵە وەرگرێت، بۆ نموونە هەندێ توێژ دووجۆر دەرماڵە وەردەگرێت، وەكو دەرماڵەی ترسناكی و جۆرێكی دیكەی دەرماڵەی تایبەت كە لایەن هەرێمەوە بۆی بڕاوەتەوە، ئەگەر ئەوەش جێبەجێكرێت بەشێك لە كارمەندانی تەندروستی زەرەرمەند دەبن، چونكە بەشێكیان دووجۆر دەرماڵەیان هەیە یەكیان دەرماڵەی 50% ی ترسناكیەو ئەوی دیكەیان بەناوی دەرماڵەی تایبەتی دیكە بەپێی شوێنی كاركردنیان بۆیان بڕاوەتەوە، ئەگەر فەرمانبەرانی ئەو وەزارەتە سەرپشك ببكرێت لە لایەن حكوتەوە بۆ هەڵبژاردنی یەك دەرماڵە، ئەوكات ئەوانیش زەرەرمەند دەبن.

پێویستە حكومەتی هەرێم و پەرلەمان لیستی هەموو دەرماڵەی پۆلێن بكەن و بزانن چەند فەرمانبەر ئەو دەرماڵانە وەردەگرێت؟ چەند فەرمانبەر سوودمەندی حەقیقین ؟ چەندیان بەشێوەیەكی نا شایستە وەردەگرن ؟ ئەگەر ئەو دەرماڵانە ببڕن كێ زەرەرمەندی یەكەم دەبێت؟ دەرماڵەكان چەندی لە بەغداو چەندی لەلایەن هەرێمەوە دەدرێت ؟!!

دوای ئەوەی داتایەكی وردیان دەستكەوێت، ئینجا لەسەر ئەو بنەمایە دووبارە پێداچوونە بە هەموو جۆرە دەرماڵەكان بكەن.

هەوڵێكیش هەیە بۆ ئەوەی مووچەی ئەو كەسانە نەبڕدرێت، كە بەنایاسایی خانەنشینكراون و لەبری ئەوە مووچەكانیان كەم بكرێتەوە.

سەرتیپ وەیسی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە