گۆڕان و قەیرانی بەڕێوەبردن

19/08/2019

سەردار قادر

پاش دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و كەم كردنی كورسیەكانی گۆڕان، زۆر بابەت ووترا لەسەر هۆكارەكان بەداخەوە كەم جار باس لەوە كرا كە یەكێك لە هۆكارەكان بوونی قەیرانی بەڕێوەبردنە ؟؟

خانەمان هەیە بەڵام كەمترین بڕیارئەدرێت لە خانەدا یان كەمترین كۆبوونەوە، جڤاتی نیشتیمانی كە باڵاترین ئۆرگانی بڕیاردەری ناو گۆڕانە لە دوا بڕیاریدا كۆی دەسەڵاتی بەشداری و ناوی كاندیدەكانی دایەوەدەست رێكخەری گشتی ؟؟ كە ئەمە خۆی لە خۆیدا قەیرانی بەڕێوەبردنە ؟؟

جڤاتی نیشتیمانی هاتووی بازنەو رایەڵەكانە لەوێشەوە پرۆسەی بڕیار لە خوارەوە بۆ سەرەوە ئەدرێت بەس پێدانی دەسەڵات بە كەسێتی بە رێكخەری گشتی ئەمە پرۆسەی بڕیار لە سەرەوە بۆ خوارەوە ئەبێت و ئەو پرانسیپەی گۆڕان پێچەوانە ئەكاتەوە كە ئەمەش ئەبێتە جێی پرسیار ؟؟

جا لە خانە چ باسە ؟؟
رێكخەری گشتی رێكخەری هەموانە یان زیاتر كار بۆ تەكەتول ئەكات ؟؟

گرفتی گەورە لە گۆڕاندا كە ئێستا ئەبینرێت، رێكخەری گشتی ناتوانێت لە كێشەی تەكەتول دووركەوێتەوە، رێكخەری گشتی لەگەڵ رێكخەری كۆچكردوو سیفەتی هاورێی كۆمەڵە كە بریتی بوو لە دەست و دەم و داوێن پاكی، كۆیانئەكاتەوە.

لە هەرێمی كوردستاندا كەسێك نیە شایەتی پاكێتی بۆ كاك عومەر نەدات، لەهەمان كاتدا كەسێك نیە كە لە كاری سیاسیدا نزیك بوو بێت، شایەتی ئەوە نەدات كە كاك عومەر ئەندیازیاری تەكەتوولە چ لە زەمەنی باڵی مەكتەبی سیاسی و چ لە سەردەمی كۆمەڵە هەموان تەكەتولی سجنمان بیستووە، دواتریش لە ناو یەكێتی نیشتیمانی دا بەرێزیان هەمیشە سەنتەری تەكەتول بووە، لەئێستاشدا لە ناو گۆڕاندا هەمان تەكەتول دیارە.

بەڕێزیان ئەوەندەی دونیای سیاسەت لە گۆشەنیگای تەكەتوولەوە ئەبینێت ئەوەندە سیاسەتكردنی بە گشتگیر نیە، بەڕێزیان ناتوانێت بە هەنگاوی چوون یەك لە هەموانەوە نزیك بێت هەمیشە خودی خۆی سەنتەری تەكەتول بووە و ئەمێنێت.

گەر خەمخۆری گۆڕانین پێویستە كە رێكخەری گشتی رێكخەری هەموان بێت نەك تەنیا گۆڕان لە تەكەتولی خۆیەوە ببینێت، گەر خەمخۆری گۆڕانین بە رازی و ناڕازیەوە بە گۆڕانی گردەكەو گۆڕانی خوار گردەكە، هەوڵ بدین گۆڕان لە پرانسیپە گشتیەكانی لا نەدات، هەموان كار بۆ بەها گشتیەكانی گۆڕان بكەین كە بریتیە لە ئازادی و عەدالەتی كۆمەڵایەتی.

ناكرێت داوای دیموكراسی بۆ ووڵات بكەین و لە ناو خۆماندا دیموكراسی نەبین.

ناكرێت داوای سیستەمبوونی ووڵات بكەین و لە ناو خۆماندا بە هەژموونی ناسیستەم كار بكەین.

ناكرێت رەخنە لە حیزبە كوردیەكان بگرین كە كۆنگرە لە كاتی خۆیدا ناگرن و دەم و چاوەكان ناگۆڕێن لە ناو خۆماندا كۆنفرانسی نیشتیمانی نەگرین و هەمان دەموچاوەكانی پێشوو بۆ هەمیشە بمێنن و گەنج و ژنان لە خانەدا نەبینرێت.

ناكرێت كار بۆ خەمی گشتی بكەین بەڵام لە ناو خۆماندا خەمی دەسەڵات و تاكە كەسی و تەكەتول ببێتە سەنتەری خەمەكانمان.

ناكرێت زۆرینەی لێژنەی دانوسان و خانەی راپەراندن لە لیستی پۆستەكاندا بن و كاری حیزبی بزووتنەوەكە واز لێ بێنن.

ناكرێت زۆرینەی ژوورەكان بەرپرسیان نەبێت لەبەر كێشەی تەكەتول و باڵەكان.

ئەوەی ئەكرێت كە خانەو رێكخەری گشتی بە گیانی هاوڕیانە ئەم راو بۆچونانەمان لێ وەرگرن.

سەردار قادر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی