گرێبەست بۆ كارمەندانی حكومەت

24/08/2019

سەردار قادر

ئەم بابەتە تەنها پێشنیارێكە بۆ بەردەست ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان چونكە ئەم بابەتە پێویستی بە یاسایەكە لە پەرلەمانەوە دەربچێت.

لەم هەرێمەی ئێمە كارمەندانی حكومەت هیچ گرێبەستێكی نیە كە ئەرك و مافەكانی تێدا دەستنیشان بكات

لە هەرێمی كوردستان بڕێكی زۆری داهاتی گشتی لە موچەدا سەرف ئەبێت بۆ كۆی كارمەندانی حكومەت كە بە پێی یاسای مەدەنی كارمەندان بەڕێوەدەچێت، لەم هەرێمەی ئێمە كارمەندانی حكومەت هیچ گرێبەستێكی نیە كە ئەرك و مافەكانی تێدا دەستنیشان بكات، تەدەروجی وەزیفی هەیە بە پێی یاسای خیدمەی مەدەنی.

لەم هەرێمەی ئێمەدا گەر گرێبەست بۆ كارمەندان دانرێت كە ئەرك و مافی بە رونی تێدا دیاری كرابێت، ئەو كات هەمو كارمەندێك لەگەڵ دامودەزگاكانی حكومەتدا مافەكانی بە شێوازی دروست پارێزراو ئەبێت، وە هیچ كاتێك حكومەت لە ژێر هیچ بەهانەیەك ناتوانێك مافەكانی كارمەندان دەستەبەر نەكات، بە نمونە پاشەكەوتی موچە؟.

وەك چۆن لە كەرتی تایبەتدا گرێبەست هەیە لە نێوان خاوەنكار و كارمەند، ئاواش دروستە هەمان پرەنسیپ لە كەرتی حكومیدا جێبەجێ بكرێت.

كارمەند كۆی مافەكانی لە موچە و مۆڵەت و بۆنوسی كار و گواستنەوەی بۆ شوێنی كار و ئاستی خێزانی و بونی مناڵ و شەهادە و زەمەنی كاركردن و توانای بەشداری لە پێشەوەچونی كار و بواری كێبڕكێ و زۆری تریش لە گرێبەستدا دیاری بكرێت.

هەروەها لە دونیادا وایە، لە گرێبەستدا كاتی دەوام و بڕی موچە لەسەر بنچینەی سەعاتی كار دائەنرێت، نەك پارەی مۆڵی مانگانە، واتە هەفتانە چەند سەعات كار ئەكەی وە سەعاتی بە چەند، ئەو كات لە بەشی كارگێری و سەرچاوە مرۆییەكان لیستی موچە ئامادە ئەكرێت و لە بەشی دارایی و وردبینی كاری لەسەر ئەكرێت.

بەشێكی تر كە بۆ كارمەندان گرنگە و بۆ پرۆسەی كار رۆڵی گرنگی هەیە، ئەویش رۆڵی كارمەند لە پێشەوە چونی كار، ئەوەش بە هەڵسەنگاندن ئەكرێت جا بە شێوازی فۆڕم یان شێوازی راستەوخۆی دیالۆگ. بە داخەوە لای ئێمە ئەم هەڵسەنگاندنە دەستەبەر ناكرێت .

گەر گرێبەست بكرێت بۆ كارمەندانی حكومەت بە شێوازێكی باش رێگە لە بندیوار و كارمەندی وەهمی و زۆری تر ئەگیرێت، وە رێگەیەك ئەبێت بۆ كەمكردنەوەی بارگرانی موچە و مانەوەی داهات بۆ سێكتەرەكانی تر.

ئەم پێشنیارە شیاوە گەر وەزارەتی كارو و كاروباری كۆمەڵایەتی بە هاوكاری كەسانی پسپۆر پڕۆژەی بۆ بنوسن و راڤەی لەسەر بكرێت و لە ئەنجومەنی وەزیران وەك پڕۆژەیەك بدرێتە پەرلەمانی كوردستان و لەوێ خوێندنەوەی بۆ بكرێت و لە دوا مەنزڵدا بە یاسا كاری بۆ بكرێت.

بە پێی یاسای خیدمەی مەدەنی، كارمەندی حكومی كە دائەمەزرێت بە پێ رۆیشتنی ساڵەكانی خزمەت موچەكەی بەرز ئەبێتەوە تا خانەنشینی، واتە لە كەمەوە بۆ زۆر. ئەوەی پرسیارە یان وەك پێشنیارێك ئایا گەر پێچەوانە بكرێتەوە لە زۆرەوە بۆ كەم بێت واتە كە گەنجێك كە دائەمەزرێت، سەرەتای ژیانێتی پێوستەیەكانی ژیان لە شوێنی نیشتەجێبون و ئامرازی گواستنەوە ناو ماڵ و پێكهێنانی خێزان و سەفەر و زۆری تر.

سەردار قادر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی