پوتین بە مارۆژنا ئەردۆغان سارد دەكاتەوە

28/08/2019

هونەر تۆفیق

ئایس كرێم ( مارۆژنا-بەڕوسی ) لە پاش هەڵوەشاندنەوەی یەكێتی سۆڤیەت لە ڕوسیادا بوو بە بەشێك لە تامی سەرەكی ڕوسەكان . لەو وڵاتە ساردەدا لە ڕۆژە تەزیوەكانی خوار سفریشەوە ڕوسەكان مارۆژنا دەخۆن . 

یەكەم جارنی یە ڤلادیمێر پوتین لەبۆنە تایبەتیەكاندا پرۆتۆكۆل دەشكێنێت و لەلاوە مارۆژنا بۆ میوانەكانی دەكڕێت ، پرسە گەرمەكانی نێوانیانی پێ سارد دەكاتەوە .

لە ساڵی ٢٠٠١ ەوە بە مارۆژناكەی ئەردۆغانەوە ، ئەمە شەشەمین جارە پوتین مارۆژنا دەدات بە میوانەكانی .

لە دووشەنبەی پایتەختی تاجیكستان ، لەكاتی كۆبوونەوەی لوتكەی وڵاتانی ئاسیادا ، پوتین بە بۆنەی رۆژی لەدایك بوونی شی چین بینگی سەرۆكی چینەوە ، سندوقێك مارۆژنای پێشكەش كرد . هەرچەندە دیاردەی مارۆژنا كڕینی پوتین لەناو ڕوسەكاندا قسەوباسێكی گەرمە ، بەڵام بێ گوێدانە ئەو هەموو توانجەی ڕووبەڕووی دەكرێتەوە ، پوتین بەردەوامە لە مارۆژنا كڕین بۆ میوانەكانی . 

تازەترین مارۆژنا پێدانی پوتین ئەمەی ئەردۆغان بوو لە كاتی سەردانی پێشانگای ماكسی ٢٠١٩ دابوو . 

ئەرۆغان لەناو سەرسام بوونی بە فڕۆكە جەنگیەكانی پوتیندا ، هێشتا گەرمی ئابلۆقەی سەربازەكانی لە ئەدلب - سوریا پێوە دیاربوو . لەو جەنگە حەوت ساڵەی سوریادا ، ئەردۆغان هێندەی ئەم چەند رۆژەی نێوان ئەمریكاییەكان لە رۆژهەڵاتی سوریا و روسەكان لە رۆژئاوای سوریاوە نەگوشراوە .

ئەمریكاییەكان ڕێگەیان پێنەدا وەك عەفرین ،تاكلایەنە هێرش بكاتە سەر خۆرهەڵاتی فورات و لەچوارچێوەیەكدا بیانووە ئەمنیەكەی توركیایان بڕی كە ئەو ناوچە ئارامەی ئەردۆغان داوای دەكات ، ئەمریكاییەكان خۆیان بۆی بپارێزن . لە خۆرئاواشەوە ، دوا پێگەی سەرباز و چەكدارەكانی سەر بەتوركیا لە سوریای ژێر دەستەڵاتی ئەسەد و روسەكان ، گەمارۆ دراوە . لەپاش بێهیوابوونی لە ئەمریكا ، پەنای بۆ روسەكان بردەوە . بەڵام لە ڕوسیاش بە مارۆژنایەك پوتین ساردی كردەوە و بەدەستی بەتاڵ و نائومێد گەڕایەوە ناو ئەو گێژاوە ناوخۆی ودەرەكیەی لەسوریادا بۆ خۆی خولقاند .

هونەر تۆفیق

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی