من بم لە بری تەیب جەبار

29/08/2019

لەتیف فاتیح فەرەج

من بم لە بری ئەندازیارو نوسەر تەیب جەبار ئەم دەسەڵات و حزبانە لە بەریشم بپاڕێنەوە ئامادە نابم پۆستی پارێزگار وەربگرم ، وەریناگرم ، لە بەر ئەوەی ئەو دوو زل حزبە ئێستاش لە سەرم كۆك بنسبەی یەكێكیان تەڵەوداومبۆ دەنێتەوە ، وەریناگرم لەبەر ئەوەی پێش من ناوی دەیانكەس هات ، هەریەكە لەو ناوانەش بە بیانویەكی چروك و بێمانا لە كایەكە دوور خرانەوە ، وەریناگرم لە بەر ئەوەی ناكرێت منەتی بابایەك هەڵبگرم لە 2017 ەوە لە كەركوك هەڵاتوەو كەچی ئامادە نیە دەسبەرداری موچەی ئەندام ئەنجومەنێكەی بێت ، وەریناگرم چونكە بیرمە چی بە دكتۆر نەجمەدین كەریم كرا تا یەكێتی بوو پارتی سەگیان تێبەر ئەدا ،كە بووبە پارتی گەمەكە ئاوەژوو بوەوە .

من بم پۆستەكەم بە سەدان ئیمتیازەوە بدەنێ‌ پشتی تێئەكەم ، چمداوە لە پۆستێك بۆ 8 مانگ بێت و لەسەریشی توركمان و عەرەب لە خۆم وشیعرەكانم زویربكەم ، من بم لە بری كاك تەیب كورسی شیعرو خەیاڵی تەلارسازی بە هەزار كورسی پارێزگاری نادەم و دەسبەرداری خەیاڵی شیعرو ئەندازەی نوسین نابم بۆ واژوی نوسراو گەلێك كە نازانم بۆ خێروبێری كێ‌ دەنوسرێن .

منبم لە بری ئەو پیاوە لە بری قبوڵكردنی پۆستی پارێزگار داوا لە سەر هەموو ئەوانە دەنووسم كە گومانیانلە شایانی وشایستەیی من هەیە و، بیانوی پڕو پوچ بۆ رەتكردنەوەم دەهێننەوە ، ئەمانە خۆیان پۆستت دەدەنێ‌ و خۆیشیانبەردت تێدەگرن و هانی مناڵە ورتكە دەدەن سبەی بێنە سەر بارەگاكەت ، ئەمانەئەوەندە تۆیان گەرەك بڵێی " بە سەر چاو قوربان " هەر ئەوەندەی زانیان تۆ دەتەوێ‌ بەربەستی بەر ئاوەكە بەربدەیت وباخەكە ئاو بدەی ئیتر سەنگەرت لێدەگرن و بەردە بارانت دەكەن .

ئەوانە چاویان بەشیعرو نوسین ومرۆڤی پاكدا هەڵنایەت و دەیانەوێت هەموو ئەوانی تریش وەك خۆیانپیس بكەن ، بە دووی پاكەكانەوەن بۆ ئەوەی پیسیان كەن و بیانبەنە ریزی خۆیانەوە ، ناشرینیەكی گەورە لە مێژوی دەسەڵاتی كوردیدا هەوڵدانە بۆ پیسكردنی هەموو ئەوانەی پاكن ، من بۆ خۆم تەڵەو داوی زۆرم بۆ نرایەوەلەوكەركوكەی كە لە مناڵەكانی خۆم خۆشترمدەویست ، هەرگیز حەز ناكەم پباوێكی پاكی وەك تەیب جەبار بخرێتە ئەو یاریەوە .

تێبینی : لە راستیدا دڵنیام كاك تەیب جەبار حەز ناكات ئەم وتارە بڵاو بێتەوە و بە خۆیشمی وت ، بەڵام دەكرێ‌ ئەم دەردە دڵە بكرێت.

لەتیف فاتیح فەرەج 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی