نەخۆشی بە پارتیبوون

29/08/2019

سەرتیپ وەیسی

بۆچی لە خۆتان ناپرسن كاتێك مام جەلال خودی خۆی فوئاد حسینی ، وەكو كادیرێكی دڵسۆزی یەكێتیتی دەهێنێتەوەو پێشنیاز بۆ بارزانی دەكات بیكات بە سەرۆكی دیوان دوای ئەوە دەبێتە پارتی ؟

كاتێك ئاشتی هەورامی لە ڕێگەی بەرهەم ساڵحەوە بۆ نێچیرڤان بارزانی پێشنیاز دەكرێت، بگەڕێندرێتەوە هەرێمی كوردستان و هەرخۆشی ژمارە تەلەفۆنی ئاشتی هەورامی دەداتە نێچیرڤان بارزانی تاوەكو قسەی لەگەڵ بكات، ئەی بۆچی دواتر لە بەرژەوەندی پارتی كاری كردو بوو بە پارتی ؟

لە خۆتان ناپرسن بۆچی كاتێك نەجمەدین كەریم لە ئەمەریكاوە هێنراوەیەوە هەرێمی كوردستان و كرایە ئەندامی مەكتەبی سیاسی، ماوەیەكیش بوو بە یەكێك لە نەیارە سەرسەختەكانی پارتی دواتر بوو بە پارتی ؟

ئازاد جوندیانی كە یەكێك بوو لە موریدەكانی یەكێتیتی و مام جەلال، بۆچی چووە بەرەی پارتی و دەستی لە پۆستەكەی هەڵگرت؟!

عارف ڕِوشدی كە لە ناوجەرگەی بادینان تەحەدای پارتی دەكردو ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی بوو، بۆچی دواتر دەرپەڕی و بووە پارتی؟

خۆ كێشەكە هەر سیروان كێخوا نەجمەكان نین، كە لەسەرەتای دروستبوونی یەكێتیەوە قوربانیانی بۆ حزیەكەی داوە دواتر دەردەكەوێ لینكیان هەیە، چونكە دەیان كەسی دیكە لە حزبە سیاسییەكان لە نێوشیان بزوتنەوەی گۆڕان لەوانە ( محمد حاجی ، مەسعود حیدەر، كاروان صاڵح ، ڕیباز حەملان...هتد ) چەندین كەسی دیكە بوونە پارتی و بۆتە دیاردەكی زۆر بەربڵاو؟

بۆچی ئەگەر دوو بەرپرس یەكێیكیان پارتی و ئەوی دیكە لە هێزەكانی دیكە ببنە هاوڕێ و بەیەكەوە كاربكەن، هەمووان دەڵێن فلانە كەس بوویتە پارتی و بە كەسەی پارتی ناڵێن بۆتە یەكێتیی، یاخود گۆڕان؟

بۆچی هیوای جەوهەر قادر لە پارتیەوە دەبێتەوە یەكێتیی، دوای ئەوەی دەبێتە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگار، دەگەڕێتەوە ناو پارتی ؟!

بۆچی كاكە حەمە كە یەكێك لە پێشمەرگە سەرەتاكانی یەكێتیی و كەس وەكو ئەو قسەی لەسەر 31 ئاب نەكرد و دۆستی ئێران و یەكێتیی بوو، دواتر بووە پارتی؟!

بۆچی دیندار دۆسكی كە كەسی دووەم و سێهەمی یەكگرتووی ئیسلامی بوو بوو بە پارتی؟ بۆچی زۆربەی ئیخوان و یەكگرتووی بادینانە دڵی بۆ پارتی لێدەدات؟!

بۆچی بزوتنەوەی ئیسلامی زۆربەی سەركردەكانی ئێستایان لە هەڵوێستەكانیان بوونەتە پاشكۆیی پارتی ؟

بۆچی بە سەرۆكی تیمی حكومەتی حزبەكان لە حكومەت دەڵێن پارتی و نیوە پارتی بە قوباد تاڵەبانی كورە گەورەی مام جەلالیشەوە؟!

باشە بۆچی ئەگەر كەسێك لە حزبێكی سیاسی بە ئیسلامی و عەلمانییەكان جیادەبێتەوە، یان وازدەهێنێت یەكسەر تۆمەتی ئەوەی دەخرێتە پاڵ بۆتە پارتی ؟ بۆچی پێچەوانەكەی نابینین كە سەركردەو كەسێكی باڵای ئەو حزبە ڕووبكاتە دژەكانی پارتی؟!!!

باشە ئەگەر پارتی دەزگای موخەبەرات و هەواڵگری گەورەی هەیە، خۆ یەكێتیش دەزگای زانیاری هەیەو بودجەی زەبەلاحی لە بندەستدایە ؟!

بۆچی ئەو حزبە سیاسیانە ناتوانن كە پارێزگاری لە مانەوەی بەشێك لە سەركردەو كادیرانەكانیان بكەن و ئەگەر مەسەلە پارەو ئیمتیازات و ئیختراقی دەزگا هەواڵگرییەكانە، باشە خۆ ئەوان پەیڕەو دسپلین و پارەیان هەیە، بۆچی نەیانتوانیوە ئەندامەكانیان لە فلتەر بدەن و پارێزگاری لەمانەوەیان بكەن؟!

رەنگە بەشێك لە وەڵامی ئەو پرسیارە ئەوە بێت، كە سەركردەو كادیرانەی ئەو حزبانە دەزانن كە سەركردەكانیان، پەیوەندی هاوبەشیان لەگەڵ سەركردەكانی پارتی هەیە، پارێزگاری لە بەرژوەندییەكانی یەكتر دەكەن، هەربۆیەش ئەوان بێهیوا دەبن و بە دوای هەنگاوەكانی ئەوان دەچم !!!

بەر لەوەی سەركۆنەیان بكەن، جارێ ئەو پرسیارە لە خۆتان بكەن بۆچی ئەو خەڵكانە لای ئێوە دەڕۆن دەبنە پارتی و پێچەوانەكەی نابینین ؟!

سەرتیپ وەیسی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی