هەمووی بەرنەوە بۆ دیوەخانەكەی حیزب!

30/08/2019

کامەران سوبحان

هیچ ڕۆژگارێ هێندەی ڕۆژگاری ئەمڕۆمان، حزب دەستی لە هەموو كایەكانی ژیانمان وەرنەداوە. هیچ ڕۆژگارێ هێندەی ئەمڕۆ، كارەكتەرە سەرەكییەكانی حزب، خۆیان بەخاوەنی ماڵ و موڵك و هەوا و خاك و ئاسمان و داروبەردی نیشتمان نەزانیوە. هەر بوارێك بگریت، دەست بۆ هەر شتێ ببەیت، گەورە بێ یان بچووك، تارمایی حزب لەسەر سەری وەك مۆتەكە دیار و ئامادەیە.ئێستا لە هەرێمی كوردستان، لە چالاكییە “كولتوورییەكان، بۆنە كۆمەڵایەتییەكان، یادە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان” كارەكتەرە سیاسییەكان، سوورەی بەر لەشكرن و لە پێشی پێشەوەن، لەهەموویدا دەمڕاست و بڕیاردەری یەكەم و كۆتایی ئەو بۆنە و چالاكییانەن. 

ئێستا دەبینین ڕۆژانە پۆل پۆل، پسپۆڕانی پەروەردە، مامۆستایانی زانكۆ، كاسبكاران، هونەرمەند و پیشەوەران، ڕیزیان بەستووە، بۆ دیدارو كۆبوونەوە لەگەڵ كەسی یەكەم و دووەمی حزب، لەبری ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ ناوەندی بڕیارو كاری حكومیی و رێكخراوەییان، ڕێگەكە كورت دەكەنەوەو دەچنە لای بەرپرسی باڵای حزبیی شارەكەیان، ئەوەی باوی نییەو بێ بایەخە، حكومەت و بەرپرسە حكومییەكانە، ئێستا هەموو كاروباری ڕۆژانەمان، براونەتەوە بۆ دیوەخانەكانی حزب.!

لێرە حزب بە جۆرێ گەورە بووە، جەستەی ئەو و جەستەی نیشتمان، لەیەك جیاناكرێتەوە. ئێستا باڵای حزب و سەركردەكانی، لە باڵای خاك و نیشتمان كەڵەگەتترە. ڕۆژانە خۆیان و سێبەرەكانیان بەبەردەمماندا دێن و دەچن، لەوەش غەمگینتر، وێنەی سەركردەو كەسە باڵاكانیان، بە قەبارەی گەورەو گەورەتر، لە دەروازەی شارەكان‌و لەسەر پردو شەقام و شوێنە گشتییەكان هەڵدەواسن، بۆ ئەوانەی كە نایانەوێ بچنە دیوەخانی حیزب، بەردەوام ئەو وێنانە لەبەرچاویان بێ و وەك “تەوتەم”ێ، بەردەوام ڕێبواران و هاوڵاتیان، بە بینینی وێنە گەورەكانی سەركردەكانیان، ئەو هەستەیان لادروست بێ، ئەو خاكەی بەسەریدا دەڕۆیت، ئەو ژیانە كولەمەرگەی دەژیت، لەسایەی سەری ئەو وێنانەوەیە، كە ڕۆژانە لە ژووری فەرمانگەكان و لە شاشەی تەلەفزیۆنەكانەوە بەچاوتاندا دەدرێتەوە.! 

ئازیزانی حزب و دەسەڵاتدار، ئایا ئێوە دەزانن، كولتووری وێنە هەڵواسین و پیرۆزكردنی سەركردەو كارەكتەرەكانتان، لەبری خۆشەویستیی ئەوان، بێزراویان دەكات لە چاوی خەڵك و هاوڵاتیاندا؟ ئازیزانم ئایا ئێوە دەزانن ئەو خۆهەڵقورتاندنەتان لە كاروباری زانكۆو پەروەردەو ڕۆشنبیریی و كۆی لایەنەكانی تر، لەبری متمانەو فراوانبوونی دەسەڵاتتان، لای خەڵكی بێزراوتان دەكات و ڕۆژ بەڕۆژ لەگەڵ گەورەكردنی وێنەكان خۆتانی پێ بچووكتر دەبنەوە؟!

من نامەوێ و حەزیشم لە بەراوردكاریی نییە لەنێوان ئەم كارانەی ئێوەو دیكتاتۆرەكانی مێژوو، یان سیستمە دیكتاتۆرەكانی ناوچەكەی خۆمان، بەڵام زۆر نزیكتر، بۆ پەند لە بەعس وەرناگرن، بیرتانە چەند وێنەی سەركردەو سەرۆكەكانیان هەڵواسیی؟ بیرتانە لە تووڕەبوونی جەماوەردا چی لە وێنەكان كرا؟ بیرتانە مونەزەمات‌و ڕێكخراوە كارتۆنییەكانی بەعس، چییان لە شارەكاندا دەكردو چۆن بەزۆر هاوڵاتی و فەرمانبەریان ڕاپێچی كۆبوونەوە حیزبییەكان و خۆپیشاندانە گشتییەكان دەكرد؟ ئەی ئێستا ئەوانە چییان لێهات و لەكوێن؟! پەندو وانە وەرگرتن لە مێژوو، گرنگ و بایەخدارە.!

كامەران سوبحان

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی