عێراقچیەتی لە ٣١ ئاب دا

30/08/2019

هونەر تۆفیق

 

لەزمانی سەرۆکی دەزگای موخابەراتی عێراقی سەردەمی سەدام حسێن(فەریق تاهیر خەلیل حەبوش ) ەوە ، دەگێڕێتەوە ، مەسعود بارزانی پێ ی گوتم دووجار هەستم کردووە کەمن عێراقیم . جارێکیان لە ٣١ ی ئابدا کە سوپای عێراق هەولێری بۆ گرتمەوە . جاری دووەمیش کە لە ساڵی ٢٠٠٠ دا لە ناوچەی شێخان لەسەر بازگەیەکی نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەدا خەریک بوو کێشە دروست ببێت ، بەڵام سەدام بە حەبوشدا جوابی بۆ بازرانی ناردووە لەبەر خاتری ئەو فەرمانی کردووە بازگەکەی سوپای عێراق بکشێنە دواوە .

بەخشینەوەی تۆمەتی عێراقچیەتی لەلایەن ئەو ڕەوتەی تەبەنی ڕێبازی کوردایەتی دەکات و پارتی دیموکراتی کوردستان پێشەنگی دەکات ، جۆرێکە تەخوینکردن لە هەرێمی کوردستاندا . بەڵام کۆی ڕەوتەکە بەهۆی سوپای عێراق و عێراقچیەتیەوە لە ٣١ ئابی ١٩٩٦ دا دەستەڵاتیان گرتە دەست . لە دوای ٣١ ی ئابەوە تا ئەمڕۆ ، ئەوەی نەمانگوتووە و نایڵێین، هەڵوێستی سوپای کورد ( پێشمەرگە) یە لە کایە سیاسیەکانی کوردستاندا . پێشمەرگە کە هێزێکی چەکدار ، ئەرتەشێک سەرباز ، سوپایەکی کوردی یە بە مانا عەسکەریەکەی ، لە مێژووی نوێ ی کوردستاندا بڕبڕەی پشتی سیاسەت و بکەرە کاریگەرەکانی بوون .

ئەو هێزەی کە سیاسەتی کوردی لەسەر بیناکراوە ، هیچ کاتێک هەڵوێستی سیاسی تایبەت بەخۆی نەبووە . هەمیشە سیاسیەکان بزواندوویانە و ئاڕاستەیان کردووە . زیاتر لە نیوسەدەیە ئەم سوپا کوردیە پارێزەری حیزب و سیاسیە کوردیەکانە ، نەیتوانیووە خۆی ڕایەکی سیاسی هەبێت ، بیرێک لە خۆی بکاتەوە و لەخۆی بپرسێت لەکوێ ی کۆمەڵگە و مێژوو و سیاسەتی کوردیدایە ؟! سوپا لەبەر ئەوەی شەرەفی سەربازی تایبەت بەخۆی هەیە ، زۆرجار ڕوویداوە بە ( بەڵی یان نەخێر) ەکانی ئەوان ، پرسی سیاسی یەکلاکراوەتەوە .

فەریق محەمەد جەشعەمی دەگێڕیتەوە لە شەڕی شەلەمچەدا کوشتارێکی زۆرهەبوو لەنێوان ئێمە و ئێرانیەکاندا . لەپێناو کۆکردنەوەی جەنازەکانی نێوانیماندا لەگەڵ هێزە ئێرانیەکەی بەرانبەرمدا ڕێکەوتم هودنەیەکی سێ رۆژی بکەین . کاتێک سەدام ئەمەی بیست ناردی بەشوێنمدا ، دڵنیابووم کە دەمکوژێت . لێ ی پرسیم چۆن سەربەخۆ بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرکردایەتی سیاسی هودنەت لەگەڵ ئێرانیەکاندا کرد ؟ دەڵێت منیش پێم گوت : من پیاوی سوپام و شەرەفی سەربازیم هەیە ، جەنازەی سەربازەکانم دەبینم لەبەردەم سەنگەرەکاندا کەوتوون ، چۆن دەتوانم بجەنگم کاتێک بەردەمم هەمووی ئەو کوڕە کوژراوانەبێت کە رۆڵەی خۆمن .

غیرەتی سەربازیم پێم دەڵێت دەبێت ئەو جەنازانە بە ڕێزەوە کۆبکەیتەوە بۆ ئەوەی بەخاکیان بسپێرن . لە زۆربەی ڕووداو و جەنگەکانی کورددا ، سوپا لە بکەرێکی فەرمانپێکراو و جێبەجێکاری ئەمری سیاسیەکان هیچ هەڵوێستێکی تری نەبووە . ئەرکی سەرەکی سوپا ، شەرەفی پاراستنی خەڵک و خاک و بەرژەوەندیەکانی هەردووکیانە . لە هەندێ ڕووداودا ، ٣١ ئاب بەنمونە ، سوپای کوردی شانبەشانی سوپا نەیارەکەی خۆی دژ بەو بەرژەوەندیانە دەجەنگێت کە سوپاکەی لەپێناودا دروست بووە . رۆژێک لە ڕۆژان بە بریاردەرە سیاسیەکانی نەگوتووە لەپێناو بەرژەوەندی خەڵک و خاکدا ، ئامادەنیم فەرمانەکەت جێبەجێ بکەم .

دەبوو وەک پرەنسیبی سەربازی کە سوپا هەیبەتی دەوڵەتە ، تەنیا ئەرکی سەرەکی سوپا پاراستنی خەڵک و خاک بایە ، بەڵام سوپاکەی هەرێم بەبێ ئەوەی بەخۆیان بزانن ئەرکە سەرەکیەکەیان بووە بە پاراستنی سیاسیەکانی کوردستان و لەپرەنسیبدا جێبەجێکاری فەرمانەکانی ئەوانن . بۆیە لەپاش ٢٣ ساڵ ، هێشتاکە دەرگای ٣١ ی ئاب دانەخراوە و چەندبارە بوونەوەی ( لە شەنگال و لە هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەرهەرێم ) لە سیاسەتی کوردیدا هێشتا بەردەوامە .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی