دوكانەكانی خوێندنی باڵا لەكوردستاندا

31/08/2019

عیماد عه‌لی

سەرەرای ئەوەی قسەی زۆر لەسەر گەندەڵی لە كوردستاندا دەكرێت و پەنجەی لەسەر دادەنرێت و داوای چارەسەر و چاكسازی بنەرەتی دەكرێت و هیچی بۆ نەكراوە، بەڵام ئەوەی زۆر كەم باس كرابێت و ئەگەر بە وردی لێی بڕوانین خەتەرناكترین بابەتە كە كاریگەری دوورمەودای بۆ سەرجەم میلەتەكە هەیە و تەنانەت دوارۆژی پێوە بەندە و  باس ناكرێت؛ ئەویش رەوتی خوێندنی باڵاو پەروەردە و بە تایبەتی ئەو بەناو زانكۆ و لەحەقیقەتدا دوكان و بارزگانی و دوكانداری یان سوپەرماركێتانەیە بە ناوی زانكۆی ئەهلی تا دێت زیاتر تەشەنە دەكات و، كەس نازانێت ئەم پرۆگرامانەی دەخوێنرێت لە ژێر كام لێپرسینەوەی زانستی و كاری بەرێوەبردن و چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم سێكترە زۆر هەستیارەی ژیانی گشتی خەڵك چیە و چۆنە و لەسەر چی بنەمایەك رێگەپێدراون و پێوەرەكان چین.  مەعقولە  ئەو گەندەڵیەی كوردستان تەنیوە ئەم كەرتەی نەگرتبێتەوە وا كەس توخنی ناكەوێت و تا ئێستا قڕوقەپی لێكراوە و سەرەرای ئەوەی لە گەندەڵیە گشتیەكەی حكومەت و دەسەڵاتی كوردستان ترسناكترە.

یەكەم شت بە بەراورد كردنی ژمارەی ئەم بەناوزانكۆیانە بە ژمارەی دانیشتوانی خەڵكی كوردستان،  ئەو ژمارە زۆرە بێ بنامە و هەرەمەكیەی ئەم زانكۆ ئەهلیە پەرشوبڵاوانە‌ كە تەنها مەبەست لە كردنەوەیان قازانجی مادیە جگە لە هەندێكیان كە مەبەستی سیاسی و كاری نهێنیشی لە پشتەوەیە، ژمارەیان لە رادەبەدەر لە قەوارەی پێویستبونی خۆی زیاترە.

ژمارەی كادری پسپۆر و شارەزا و بەتوانا و لێهاتوو لەم زانكۆیانە بە ژمارەی پەنجەكانی دەست تێناپەرێت كەچی ساڵانە ژمارەی زانكۆكان زیاتر دەبن و،  ئەوەی جێگەی داخە تەنانەت لە ڕووی ئابوریشەوە كوردستان زەرەمەندی گەورەیە  لەم كارە و بە ملیۆنەها دۆلار دەچێتە گیرفانی كەسانێك كە بەقەد كادری نێوخۆیی  و خەڵكی بەتوانا و خۆماڵی خۆمان قازانج بە ئەم نیشتمانە ناگەیەنن و تاكە شانازیان ئەوەی كە زۆرینەیان لاف و گەزافی پێوەدەدەن و بە هەوڵی زمانی ئینگلیزی وەك مۆدێل ناووناوبانگ بۆ خۆیان دەردەكەن و، ئەوە ناوەڕۆكی كار و ئامانج و رێباز و پرۆگرامەكەیان كەس نایخوێنێتەوە و نازانێت چەند گونجاوە بۆ واقیعی سیاسی و ئابووری و رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی خەڵكی كوردستان و قۆناغەكە.

ئەوەی سەرپەرشتی ئەم زانكۆیانە دەكات جێگەی گومانه،‌ چ ئەوانەی لە كەنداوی عەرەبیەوە تەمویلكراون و ئێستا بەسەر خەڵكەوە دەژین یان لە رۆژئاواە یان لەسەر حسابی خەڵك لە بودجەی كوردستان بناغەیان بۆ دانراوە و دامەزراون و  وەبەرهێنانی تێدا دەكرێت وەكو هەر كارێكی ئابووری رووت وەك ئەوەی بەكاڵایەكی بەكاربردنی بازرگانیەوە  دەكرێت یان لەسەر حساب و گیرفانی خەڵك كە چەندین خێزان دەكەونە ژێر باری قەرزیشەوە، كە هەستیارترین و گرنگترین كەرتە بۆ پێشخستنی هەر میلەتێك چ جای میلەتێكی دواكەوتوو و هیچ نەدویوی وەكو كورد كە دەیان ساڵە بەدەست پرۆگرامی وڵاتانی داگیركەر دەناڵێنێت و مێشكی لەق دەكرێت. 

كوا ئەو پلان و رێبەر و هۆكارە پێویستەی بۆ بوونی ئەم بەناوزانكۆیانە هەیە و چیان زیاترە لە زانكۆ حكومەتیەكان و، ئەمە چەندین ساڵە بەكارن، كام داهێنان و كام قازانجیان بە رەوتی ژیانی خەڵك لە هەر بوارێكدا بێت گەیاندووە و چیان لە زانكۆكانی تر جیاوازە، سەرەرای ئەو خەرجیە زۆرەی لەسەر خەڵك دەكەوێت، ئەگەرپێدانی یەك فلسی شەخسیشیان بەرنەكەوێت.

ئەگەر رووە مادیەكەش وەلانێین و لە رووی مەعنەویەوە وردبینەوە، تا چەند زەرەر لە خەڵكی كەمدەرامەت وگەنجی  زیرەكی خیزانە هەژار و ستەمدیدەكان دەدات لە  خۆهەڵكیشانی خێزان و منداڵی خواپێداوان و، تەنانەت بەهەموو شێوەیەك فەراهەمبونی هەلی كاری دوای دەرچوون بۆ ئەوان و تێكەڵبونیان لەگەڵ دونیای دەرەوەدا بە دوور لە دامەزراندنی خەڵكیتری دەرچووی زانكۆ حكومەتیە گشتیەكان، ئەگەر زیرەكی و توانای خە\لكە هەژارەكەش لە هەموو ئەوانە زیاتر بێت كە لە بەناوزانكۆ ئەهلیەكان دەخوێنن و دەردەچن.

ئەوەی روونە كە گرتنەبەری ئەم  رێرەوە خۆی لەخۆیدا و بەخشكەیی رووكردنە بەرەو بەتایبەتیكردنی خوێندنی باڵا  لە كوردستان  و لەدواجاردا نەهێشتنی خوێندنی زانكۆ حكومەتیە گشتیەكانە، ئەمەش بە پێی سیستمی رۆژئاوا و بە تایبەتی ئەمریكادایە .
 
لە كۆتاییدا دەبێت ئەوەش بڵێین كە بە فروانكردن و زۆركردنی ژمارەی خوێندنی خوێنكارانی پارالێلەكانی سەرجەم زانكۆ گشتیەكان، هەنگوای ئەمە و  تەنانەت ئەو زانكۆیانەش بەرەو لاوازی و بەتایبەتیكردن  و ئەهلیكردن دەچن و دوای چەند ساڵیكی تر ئەوەی پارەو پوڵی نەبێت بواری خوێندنیشی نابێت و دەبێت تەماشای دەستی ئەو گەندەڵانە بكات  كە پوڵی ئەم سیستیمەی هەرێمیان  لەدەستدایە، سەرەرای ئەوەی  كوردستان بە قۆناغێكی راگوزەردا تێپەردەبێت و دەوڵەمەندبون لەسەر كارو بارزگانی و سیستمی دیاریكراوی راستی وا نەكراوە  كە دەوڵەمەندبون بە كاری راست و زیرەكی و كیووركێ وعەقڵ ببێت و، وەك دەبینین لەپرێكدا خەڵكی ملیاردێر هەڵدەتۆقن، ئەگەر لە دواكەوتوترین خێزانیشدا بن. ئەمەش لە سایەی ئەم حكومەتە گەندەڵەیە كەوا بەنەزانی لە سەرجەم كەرتەكاندا بە تایبەتی سێكتەری خوێندی باڵا و پەروەردە بەرێوەدەبرێت، كە كۆڵەكەی بنەرەتی رەوتی پێشەكەوتنی هەر میلەتێكە لە جیهاندا و چارەسەری هەر لادانێك لەم بارەوە، چ عەقڵێك و پلانێك و میكانزمێك و چەندین ساڵی دەوێت.   

عیماد عەلی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی