مانەوەو تێپەڕاندن

01/09/2019

پەیكار عومەر

۳۱ی ئابەكان و ۱٦ی ئۆكتۆبەرەكان، بۆ ئەوەن، من بگەڕێم بەشی خۆمی تیا بدۆزمەوە، نەك بۆئەوەی بەشی تۆی تیا بدۆزمەوەو وەكو جنێوی سیاسی پێتی بدەمەوە!

كە من چومە مەوقعی هێرش، تۆش ئەچیتە مەوقعی بەرگری، ساحەی شەڕەكەش هەر شتەكەیەو هەر تیای ئەمێنینەوە! ئاخر لە هێرش و بەرگریدا، مەوزوع زۆرانبازی و یەكتری كوتانە نەك تێپەڕاندن، بۆیە تێپەڕاندنێك ڕوونادات.
ئەسڵەن لێرەدا شتەكە بە زەرورەت ئەبێ هەبێ و تێینەپەڕێنین، بۆئەوەی یەكتری تیا بكوتین!

بۆئەوەی شتەكە تێپەڕێنین و دووبارەنەبێتەوە، ئەبێ لەو یادانەدا، هەركەس بەسەر خۆیدا بێتەوە، نەك بە سەروگوێلاكی ئەودا بكێشێ!

منو تۆ لە شتێكدا بەسەر خۆماندا بێینەوە، هەردوكمان تێیئەپەڕێنین.
منو تۆ لە شتێكدا لەیەكتری بدەین، هەردوكمان تیای ئەمێنینەوە.
جا چونكە ئێمە دووەمیان ئەكەین، ئیتر ۳۱و ۱٦كان لەدواوەنین و لەپێشمانەوەن و هەموو ڕۆژێك دەرفەتێكە بۆ دووبارەبوونەوەیان و هەریەك لە ئێمەش كارگەیەكین بۆ بەرهەمهێنانەوەیان.

تۆ لەبری هێرش بەسەرخۆتا وەرە، ئەمە باشترین هاندەرە بۆئەوەی ئەویش، لەبری بەرگری بەسەر خۆیدابێتەوە. بەمەش كەشێك دروست ئەبێت، كە لەبری ڕق، عەقڵ تێیدا ئامادە ئەبێ! تەنیا حزوری عەقڵیش بەسە بۆ دەرچوون لەو شتانەی كە تیای چەقیوین. وەكچۆن تەنیا حزوری ڕق بەسە بۆ هەزار ساڵ مانەوە لە شوێنی خۆت.

خیانەت و كارەساتەكان، لە مێژووی هەموو گەلاندا هەن، بەڵام هەن بۆ تێپەڕاندن، نەك بۆ بەرهەمهێنانی ڕق و پیشەسازی چەقین!

- گرنگ نیە لە دۆخێكی خراپدابین، گرنگ ئەوەیە من فریشتەی ناو دۆخە خراپەكەبم و ئەو شەیتانی بەرپرسبێ لە خراپییەكان.
- گرنگ نیە كێ فریشتەو كێ شەیتان بێت، گرنگ ئەوەیە لە دۆخە خراپەكە دەرچین بەرەو دنیایەكی باشتر.

هەتا لەو گرنگەی یەكەمەوە نەپەڕینەوە بۆ گرنگەكەی دووەم، دنیای ئێمە قەت باش نابێت. چونكە دنیای باش لە تێپەڕاندنی عەقڵیەتی ڕەش و سپی و فریشتەو شەیتانەوە لەدایك ئەبێت. ئێمەش تا ئەم ساتە، لە دنیا ئەوەمان ناوێ كە باش بێت، هەر ئەوەمان ئەوێ كە ئەوی تیا شەیتان بێت! باشی دنیاش هەر بەمە ئەزانین! لەكاتێكا هەرئەونە بەسە بۆ خراپبوونی دنیاكە!

هیچ ئەوێك شەیتان نیەو هیچ منێك فریشتە نیە. بەڵكو ئەسڵەن مەوزوع (منو ئەو) نیەو مەوزوع ئێمەیە!
ئێمە هەموومان هەڵەین و هەڵەكانیش هەموومان پێكەوە دروستمانكردون و هەمووشمان پێكەوە ڕاستیان ئەكەینەوە.

بە شەیتاندن ئەو لەخۆم دوور ناخەمەوە، چونكە من پێویستم بەوە پێكەوە دنیاكە باشتركەین. 
بە فریشتاندن خۆم لە بەرپرسیارێتی نادزمەوە، منیش بەشێكم لە هەڵەكان.
دنیاش لێرەوە باش ئەبێت.

بێگومان مەبەستم ئەوەنیە خیانەت شتێكی ئاسایی بێ و لە خیانەت ببورین. مەبەستم ئەوەیە تۆ جارێ وێنە گەورەكە ببینەو بەشەكەی خۆت لە خیانەت بزانەو لەوە مەبوورە. بەشەكەی ئەو بۆ سەردەمی دەوڵەتی یاساو دامەزراوە. دادگاییكردنی ئەو لێگەڕێ بۆ دادگایەك كە بیلایەنبێ لەنێوان تۆو ئەو، نەكئەوەی تۆ خۆت حاكمەكەبیت! ئەو خائینیش بێت عەدالەت ئەوەنیە تۆ حوكوم بدەیت.

ئەسڵەن خیانەت هەر بەوە ئاسایی ئەبێتەوە، كە ئێمە حاكمی یەكتربین! هیچ بەقەت حوكمدانی من، خیانەتی تۆ ئاسایی ناكاتەوە! چونكە حوكمدانی من، ناڕەوایەو ئەوە كاری من نیە، تۆش ئەم ناڕەوایەتییە ئیستغلالئەكەیت بۆ ڕەوایەتیدان بە ناڕەواكەی خۆت.

ئەمەوێ بڵێم: فۆڕمە باوەكەی یادكردنەوەی ۳۱ی ئاب و ۱٦ی ئۆكتۆبەر، هیچ نیە جگە لە مانەوە لەو دوو ڕۆژەداو هیچ نیە جگە لە بەرهەمهێنانەوەی ئەو دوو ڕۆژە. چونكە ئامانج لە قسەو باسەكان لێدانە لەویتر، نەك تێپەڕاندنی ڕۆژەكە! ئێ خودی ڕۆژەكە هەر ئەو عەقڵیەتە دروستی كردوە! جا ئێمە كە لە هەمان عەقڵدابین یەعنی لە هەمان ڕۆژداین.

قسەكانت با لەسەر عەقڵیەتی ۳۱ی ئاب بێت، نەك لەسەر بكەرێكی ناو ۳۱ی ئاب، چونكە ئەگەر وانەكەیت، خۆت هێشتا بكەرێكی ناو ۳۱ی ئابیت!

پەیكار عومەر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی