لەململانێی سیاسیەوە بۆ ململانێی خێڵەكان

02/09/2019

کامەران مەنتک

رەسول حەمزاتۆڤ، لە كتێبی داغستانی مندا وتەیەكی جوانی نوسیوە:" ئەگەر خەنجەرت لەبەر پشتی خۆت بینی، بزانە خەڵكیش پیاوه! ‌". ئەمەش واتای ئەوەیە هەرچەندە بەهێزیش بیت، پێویستە حیساب بۆ بچووكترین شتیش بكەیت و رێزی هەموو شتیك بگریت. بەلام لە كوردستان نەك هەر ئەمە ناكرێت، بەڵكو رێك پێچەوانەكەی ئەنجام دەدرێت‌، هەر كاتێك هێزێك هەست بە بەهێزبوونی دەسەڵاتی خۆی دەكات، هەموو ئەوانەی تر نەك پشتگوێ دەخات، بەڵكو سوكایەتیان پێدەكات و تەنانەت هەوڵی سڕینەوەشیان دەدات!. هەرچەندە ئەو بەهێزبوونانەی هێزەكانی كوردستانیش، دەرئەنجامی گەشەسەندنی خودی خۆیان و پێگەیشتنی خۆیان وەك ئەقڵێكی پێشكەوتو و ئەفراندە نیە، هێندەی ئەنجامی بە كۆیلە بوون و پاشكۆبوونی هێزە هەرێمیەكانی ترە. ئێمە‌ دەبینین 


لە پەنای هەر كۆیلەیەكی خۆ بەهیزو بەزلزان، زڕتەسۆرێكی هەرێمی وەستاوە، كە داری داوەتە دەست و داریشی لەسەر بەرزركردۆتەوە!. رەفتارەكانی هەموو هێزەكانی كوردستان ئەمڕۆ بە ئاشكرا ئەو مۆركەی پێوە دیارە، بە تایبەتیش یەكیتی و پارتی!. بەڵام ئەوەی دەرهاویشتەكانی مەترسیدارتر دەكات و خەریكە ترسناكتر بەدیاردەكەوێت، لە خۆبایی و بەخ بوونی پارتیە، كە خەریكە بەڕاستی باوەڕ بەخۆی بكات، كە بەهێزترین حیزبی كوردستانەو خاوەنی 45 كورسیە!. لە خۆبایی بوونی ئەو هێزە، وایكردووە، كە كرۆكە خێلەكیەكەی خەریكە چوارچێوە حیزبەكەی بە ئاشكرا هەڵدەدڕێ و لە ململانێی نێوان حیزبەكانەوە، دۆخەكە بە ئاڕاستەی ململانێی نیوان خێڵەكان و گەڕانەوە بۆ خاڵی سفردەبات!." هەموو شتێك لە پێناو مانەوەی بنەماڵەكەم و بنەماڵەكەشم لە پێناو مانەوەی خۆم". ئەم زەنگە زۆر مەترسیدارەو كاریگەریەكی ترسناكی لەسەر كۆی مەسەلەی كورد لە قۆناغی ئێستادا هەیە. 

ململانێی پارتیەكان لەگەڵ خێڵە گەورەكانی كوردستان، لە مێژووی ئەو حیزبەدا، خاڵێكی بەرچاو و دیاربووە، تەنانەت فاكتەرێكی گرنگ و سەرەكیش بووە لەسەر دابەش بوونی خێڵەكان بەسەر دوو بەرە، بەرەی حكومەت و بەرەی دژە حكومەت، بەشێكیان ناویان لە خۆیان نا پێشمەرگەو چەتری خەباتی نەتەوەییان خستە خزمەتی خۆیانەوە، بەشەكەی ترییش ناوی جاشیان پێبڕا. كە بەداخەوە لە كرۆكدا ئەوەی هەردوو لای دەبزواند، ململانێ خێڵەكیەكە بوو نەك شتێك بەناوی مەسەلەی كورد و گیانی نەتەوایەتی. لە قۆناغی ئێستادا پارتی دیموكراتی كوردستان، یاخود وردتر بنەماڵەی بارزانی، خەریكە حكومەت و ململانێ سیاسیەكان بە ئاڕاستەی جڵەوكردنی خێڵە گەورەكانی تری كوردستان ئاڕاستە دەكەن، كە ئەمە وایكردوە و بە داخەوە، بەشێكی گرنگ خێڵە گەورەكانی تری كورد، كە هەموویان ئەگەر خۆیان پێ لە بارزانیەكان گەورەتر نەبێت كەمتر نیە، بە ئاڕاستەیەكی تر كاربكەن و هەوڵبدەن بۆ تێكشكاندنی ئەو بنەماڵەیە پەنا بۆ هەموو شتێك ببەن، دیارە لە دۆخێكی هەستیاری وەكو ئەمڕۆی ناوچەكەو كوردستانیش، زۆر باوەشی گەرمتر كراوەیەو زیاتر رێزیان پێشكەش دەكات. ئەمەش لە كۆتایدا كورد لە جیاتی شەڕی نیوان حیزبەكان بە شەڕی نێوان بنەماڵەو خێڵەكان خەریك دەكات. بڵاوبوونەوەی دمگۆی دروستكردنی فەوج لە لایەن كۆمەڵێك خێڵ و هۆزی گەورەی باشووری كوردستان، دەكەوێتە ئەو چوارچێوەیەوە. بۆیە دیسان بۆ ئەوەی نیو سەدەی تر گوێی ئەم میللەتە بەشەری جاش و پێشمەرگە كاس نەكرێت، پێویستە ئاڕاستەی ململانێكان بە ئاقارێكی تری وادا بڕوا، خزمەت بەیەكڕێزی و بە سیاسی كردنی هێزەكانی سەر گۆڕەپانی باشوور بكات. با ئەمجارەیان شەڕی نێوخۆیی حیزبەكان بچووكتر نەكرێتەوە بۆ شەڕی نێوان بنەماڵەو خێڵەكان. كە زۆر مەترسیدارو ترسناكترە.

كامەران مەنتك

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی