حكومەتی گوندی‌و كەلاوە

03/09/2019

لەتیف فاتیح فەرەج

لەم رۆژانەدا كتێبی یەكەمی "حكومەتی گوند "ی تالیب حەسەنم دەخوێندەوە، كە دەڵێم كتێبی یەكەم ئەوە خۆی باسی كتێبی دووەمیش دەكات كە بە هیوام ئێستا دەرچووبێت ،لەوكتێبەدا كە لە 2002 تا 2014 6 جار چاپ و بڵاو كراوەتەوە ، قسە لەسەر ئەوە دەكات چۆن دەسەڵات دەكەوێتە دەست گوندیەكانی تكریت و هۆزی بێجات و ریشەو رایەڵەی ئەو كەسانەی عیراق بەرەو وێرانی و دواكەوتن دەبەن، من لێرەدا كتێبەكەشرۆڤە ناكەم و نامەوێت ببمە گێڕەرەوەی ناوەڕۆكی ئەوكتێبە ، بەڵام بە پێویستی دەزانم لە بەر رۆشنای ئەو كتێبە بپرسم ئەی ئێستا كێ دەسەڵاتی عیراقی بە دەستەوەیەو عیراق لە دوای 2003ەوە لە سایەی ئەم ملهوڕە تائیفی ومەزهەبی و قەبەلیانەدا چی بەسەر هاتووە .

لە 2003ەوە تا نوسینی ئەم وتارە سەدان ملیار دۆلاری خەڵكی عیراق حەپەلوش كراوە ، عیراق لە دەوڵەتەوە كراوە بە كانتۆنی مەزهەبی ، هیچ سیمایەكی ژیارو شارستانیەت بە شارە گەورەكانی عیراقەوە نەماوە ، لەراستیدا بەشێك لەو كێماسیانە بە تایبەت لە بواری نەمانی ملیارەها دۆلار دا هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە ، ئەوە جگە لەوەی نەتوانراوە هەرێمی كوردستان یەكبخرێت بەو مانایەی جیاوازی لە زۆر بواردا لە بواری حوكمڕانیدا نەبێت ، هەروەها پێشمەرگەش نەكراوەتە سوپایەكی نیشتمانی ناحزبی وەك ئەوەی خەونی پێوە دەبینین ، وەك چۆن لە عیراقیش میلیشیای شیعەوسونەو توركمان و هی دیكە هەن .

ئەوەی ئێستا لە عیراق دەگوزەرێت بریتیە لە حكومەتی بنەماڵەو مەزهەب و حزبی مەزهەبی و حزبی قەومی ، شتێك نیە بە ناوی حوكمڕانی مەدەنی و زۆربەی پۆستەكانبە پارە و ماستاوو شتی تر بە دەست دەهێنرێن ، ئەم پرسی كڕینی پۆست و كورسیە تا كەركوكیش هاتوەو تەنانەت لە نێوان كورد خۆیدا لە سەر كورسی فەرمانگەیەك كێبڕكێی ئەوەكراوە كامیان پارەی زیاتر دەدەن .

لە نێو ئەم دۆخە تاریك و ناشرینەدا هیچ ئومێدێك نیە بۆ ئەوەی سبەینێ لە ئێستا باشتر بێت ، ئەگەر خراپترنەبێت ، ئەگەر عۆجەییەكان بە كارە ناجۆرو خراپەكانیان عیراقیان گەڕاندەوە بۆ سەت ساڵ دواتر، ئەوا مەزهەبی و قەبەلیەكان هەر بەوە نەوەستان و لەو دۆخەدا عیراقیان وەك ناشرینترین شێوازی حوكمڕانی هێشتەوە ، ئەوەبۆیە منبڕوام وایە ئەگەر تالب حەسەن هەڵوەستە لەسەر ئەم دۆخە بكات خەمبۆ كفندز دەخوات ، هەرچەندە ئەم پرۆسەی وێرانیە بەشی سەرەكی بەرهەمی عەقڵیەتی بەعسە كە هێشتا لە ناوماندا هات وچۆ دەكات .

لەتیف فاتیح فەرەج

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی