لەبارەی ناكۆكییەكانی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی

04/09/2019

سەرتیپ قەشقەیی

لە كابینەی ڕابردوودا، قوباد تاڵەبانی چانسێكی گەورەی هەبوو، بەهۆی ئەوەی نێچیرڤان بارزانی وەكو هاوڕێیەكی نزیك سەیری دەكردو خودی نێچیرڤان بارزانیش زۆر پەیوەست نەبوو بە زۆر كاری حكومەت و نەدەچووە وردەكاری بابەتەكان، بۆیە زۆربەی دەسەڵاتەكانی خۆی لە سنووری زۆنی سەوز (یەكێتی) دابوو بە ناوبراو، جگە لەوەش یەكێك لە خوێندەوارترین فەرمانبەران لە دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، كە ئامانج رەحیمی سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران بوو، لەسەر پشكی یەكێتیی، بەهۆی ئەوەی نێچیرڤان بارزانیش بە تەواوی پشیپێدەبەست، هۆكار بوو بۆئەوەی قوباد تاڵەبانی بچێتە پێشەوەو مومارەسەی هەندێ لە دەسەڵاتەكانی بە باشی بكات.

لەسەرەتای حكومەتی یەكگرتووی هەرێمی كوردستان لە ساڵی دوو هەزارەكانەوە، دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان لە نێوان سەرۆك و جێگر بەسەر هەردوو زۆنی سەوزو زەرد دابەشكرابوو، سەرۆك كارەكانی سنووری خۆی و جێگریش كارەكانی سنووری خۆی ڕایدەكرد. 

بەپێی یاسایی هەڵبژاردنی كۆنیش، سەرۆك و جێگری حكومەت لەلایەن پەرلەمان ناولێنانیان بۆ ئەنجامدەدراو پاشان ڕادەسپێردران بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەڵام دواتر بزوتنەوەی گۆڕان بەر لەپێكهێنانی كابینەی ڕابردوو، لە رێگەی پەرلەمان بە هاوكاری پارتی ئەو یاسایی هەمواركردەوە تەنها سەرۆكی حكومەت ڕاسپێردرا بۆ پێكهێنانی حكومەت، كە ئەمەش بووە یەكەم دەستپێك بۆ توانەوەی ڕۆڵی جێگری سەرۆكی حكومەت، كە زۆربەی جار پشكی یەكێتیی بووە، تەنها لەسەردەمی دووساڵ حكومڕانی بەرهەم ساڵح نەبێت، كە ئەوكات ئازاد بەرواری لەسەر پشكی پارتی بووە جێگر.

بەر لە دەستبەكاربوونی كابینەی ڕابردوو، قوباد تاڵەبانی بەهۆی كەم شارەزایی لە حكومڕانی، خودی خۆی بە فەرمی داوای لە سەرۆكی حكومەت كرد دسەڵاتەكانی جێگر كەمبكاتەوەو لە ڕاگەیاندراوێكیشدا ئەوكات ئەو خواستەی خۆی نەشاردەوە، بە وتەی خۆی ئەمەی لە پێناو نەهێشتنی سیمایی دوو ئیدارەیی كردووە، بەڵام دوای چەند ساڵێك تێگەیشت هەڵەی كردووەو جێگر بە دەسەڵاتی كەم پیشەی فەرمانبەرێكی پلە باڵایە، نەك جێگری سەرۆك.

قوباد تاڵەبانی لە كابینەی نێچیرڤان، دەسەڵاتی تەنها بەسەر كەرتی نەوت نەبوو، نێچیرڤان بارزانی بەشێك لە دەسەڵاتەكانی خۆی پێدابوو، زۆرجاریش بە ئامادەنەبوونی سەرۆك كارەكانی ڕایدەكرد، هەمیشە لەژێر كاریگەری نێچیرڤان بارزانی بوو، لە مانگی كۆتایی حكومڕانی نێچیرڤان بارزانی دەسەڵاتەكانی بە باشی بەكارهێنا.

تاڵەبانی بچووك لە كۆتا ڕۆژەكانی حكومەتی نێیرڤان بارزانی و كابینەی ڕابردوو كۆمەڵێك بڕیارو نوسراوی دەركرد، كە بەشێك لەو نوسراوانە ڕەهەندی ئابووریان هەبوو بەشێكیشیان پەیوەست بوون بە ڕەزامەندی دارایی لەسەر هەندێ پڕۆژەی سنووری سلێمانی ، چەند كەسێكیشی لە رێگەی دامەزراندن تایبەتەوە دامەزراند، بەڵام دواتر لەگەڵ هاتنی مەسرور بارزانی بەشێك لەو نوسراوانە لە ئێستادا لە دیوانی ئەنجومەن و وەزارەتی دارایی ڕاگیران.

لەسەردەمی نێچیرڤان بارزانیش، قوباد تاڵەبانی بەربەست بۆ دەسەڵاتەكانی دروستدەكرا، بەتایبەت لە لایەن نێچیرڤان ئەحمەدی سەرۆكی دیوان و وەزارەتی دارایی، بەڵام زۆرجار خەڵك لە نێوەندەدا چارەسەری كێشەكانی دەكرد، چەند جارێكیش خودی خۆی لە رێگەی كەسانی دیكەوە داوای زیادكردنی دەسەڵاتەكانی لە نێچیرڤان بارزانی دەكرد، چونكە بەم دوایانە لە ئەهمیەتی جێگری سەرۆكی حكومەت گەیشتبوو، ئەگەر دەسەڵاتی هەبێت.

لەسەردەمی كابینەی ڕابردوو، زۆربەی ئەو نوسراوانەی تایبەت بە سنووری سلێمانی و زۆرنی سەوز دەردەچوون، واژووی ناوبراوی لەسەر بوو، بەڵام ئێستا بارودۆخەكە بەشێوەیەكی دیكە گۆڕاوە، ناوبراو لە چوارچێوەیەكی زۆر تەسكدا دەتوانێت دەسەڵاتەكانی بەركابهێنێت و هیچ بەرچاو ڕوونیەكیشی لەبارەی داهاتووی پۆستەكەی نییە.

قوباد تاڵەبانی لەسەرەتادا باوەڕی وابوو، كە مەسرور بارزانی كەسێكی جدیەو كاركردن لەگەڵیدا ئاسانە، بەوپێیەی یەك دووجار لەگەڵی دانیشتبوو، هەربۆیە ئەو تەصەوڕەی بۆ دروستببوو.

لەماوەی ئەو 50 ڕۆژەی حكومرانی مەسرور بارزانی، بارودۆخەكە بەشێوەیەكی دیكە كەوتۆتەوە، لەوكاتەی مەسرور بارزانی بەڕوونی بە قوباد تاڵەبانی وت : ئەو دەیەوێت سەرۆكی حكومەتی هەموو هەرێمی كوردستان بێت و دەسەڵاتەكانی نیوە بە نیوە دابەش ناكات لەگەڵ ناوبراو. 
مەسرور بارزانی، ڕاشكاوانە ئاماژەی بەوەكردبوو، ئەو دەیەوێ ببێتە كەسی یەكەم سەرۆك وەزیران سلێمانی و گەرمیان و ڕانیە، لەبەرامبەریشدا قوباد دەتوانێت ببێتە جێگر لە دهۆك و هەولێر.

مەسرور بارزانی تاوەكو ئێستا هیچ دەسەڵاتێكی نەداوەتەوە قوباد تاڵەبانی و ئامادەش نییە بە هەمان دەسەڵاتەكانی سەردەمی نێچیرڤان بارزانی، ناوبراو مومارەسەی پۆستەكەی خۆی بكات.

لەبەرامبەر ئەو كارەی مەسرور بارزانی، قوباد تاڵەبانی بە سەرۆكی حكومەتی ڕاگەیاندووە: كە پێنەدانی دەسەڵات لە سنووری نفوزی یەكێتیی رەنگە كێشە بۆ سەرۆكی حكومەت دروستبكات و مەكتەبی سیاسی و خەڵكی دەستڕۆیشتوو لەو ناوچانە ڕەنگە ئەمەیان پێی قبوڵ نەكرێت، بەڵام مەسرور بارزانی سوورە لەسەر ئەوەی كە خۆی ڕووبەرووی ئەو تەحەدایانە دەبێتەوەو ئامادەنییە كێكی دەسەڵات دابەشبكات.

لە دوای چرپاندنی ئەو پەیامە بە گویی جێگر، ناوبراو هیچ حەماسێكی بۆ كارەكەی نەماوەو لە هەوڵی ئەوەدایە لانیكەم بەشێك لە دەسەڵاتەكان وەرگرێت، ئەگەر وەكو پێشووتریش نەبێت، بۆ ئەمەش هەوڵ و لینكەكانی خۆی خستۆتەگەڕ.

قوباد تاڵەبانی لەماوەی مانگی ڕابردوو، جۆرێك لە گۆشەگیركرابوو، هەربۆیە لەسەروبەندی جەژنی قوربان گەشتێكی خێزانی بۆ وڵاتی ئەمەریكا ئەنجامدا، بۆئەمەش ویستی پرس بە مەسرور بارزانی بكات، بەڵام نەیتوانیبوو بەردەستی بكات، ناچار لەرێگەی شەعبان چالی، بەرپرسی نوسینگەی مەسرور مۆڵەتەكەی وەرگرت.

دوای هاتنەوەی لە گەشتەكەی هەموو هەوڵێكی داوە بە ڕاشكاوانه لەگەڵ مەسرور بارزانی دابنیشێت، تاوەكو لەسەر دەسەڵاتی خۆی رێكبكەن، بەڵام هیچ وەڵامێك لە لایەن خودی مەسرور بارزانیەوە نەبووە، توانیویەتی تەنها لەگەڵ دەوربەرەكەی مەسرور بارزانی ئەو بابەتە بوروژێنێت.

دانیشتنی ئەمڕۆ، چوارشەممەی ئەنجومەنی وەزیرانیش، یەكەم بینین هەردوولا دەبێت دوای سێ هەفتە لە دابڕانی پەیوەندی لە نێوانیان.

لە كابینەی ڕابردوو، جگە لەوەی قوباد تاڵەبانی فرسەتی هێنابوو لە نەرمییەكەی نێچیرڤان بارزانی، بەڵام ستافی ئەنجومەنی وەزیرانیش بەهێز نەبوون، تاوەكو كێشەی گەورەی بۆ دروستببێت.

ئێستا، مەسرور بارزانی تیمێكی لە خەڵكی خوێنەوارو گەنجی بردۆتە ئەنجومەن هەر لە سەرۆكی دیوان و بەرپرسی فەرمانگەكانی ناو ئەنجومەن، بەم هەنگاوەشی هیچ ڕۆڵێكی ستافی ئەنجومەنی وەزیرانی یەكێتیان نەهێشتووە، لە نێوشیان سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران، كە ئەمەش قوباد نیگەران كردووه. لەبەرامبەردا ستافی پارتی لە ئەنجومەن زۆربەی ئەو دەسەڵاتانەی قوباد تاڵەبانی و ئامانج ڕەحیم بەكاریان دەهێنا هەموویان وەرگرتەوە، بەوپێیەی سەرۆكی دیوان باڵاترین دەسەڵاتە لە دوای سەرۆكایەتی حكومەت.

تاڵەبانی تازە تێدەگات، هەر لەسەرەتاوە بڕیاری چوونی بۆ سەرۆكایەتی هەرێم باشتربوو، چونگە مانەوەی لای كۆنە یار ( نێچیرڤان بارزانی) ڕەنگە ڕۆڵ و پێگەی لە ئێستادا باشتربووایە، بۆیە ئەگەر لەڕووی یاسایەوە قوڕس نەبووایەو مەكتەبی سیاسی حزبەكەشی شێخ جەعفەریان پێی ڕازیبكرابووایە، یەكێك لە پێشنیازەكان ئەوەبوو ناوبراو بارگەی بەرەو كۆنە هەوار تێگبنێت و سەرۆكایەتی حكومەت جێبهێلێت.

سەرتیب قەشقەیی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی