باشور هێشتا باجی رۆژی رەشی ٦ی ئەیلولی ١٩٣٠ دەدا

06/09/2019

ئارام رەفعەت


ئەمرۆ ٨٩ ساڵ بەسەر قەتڵوعامی خەڵکی سیڤیلی سلێمانی لەلایەن سوپای داگیرکەری عێڕاقدا دا تێدەپەڕێت. ئەو رۆژە لە ئەدەبیاتی سیاسی کوردیدا بە رۆژی شەشی ئەیلول ناسراوە. باج و زیانەکانی ئەو قەتڵوعامە تا ئێستاش بەردەوامە و لە داگیرکردنەوەی کەرکوک و لە سروشتی حوکمڕانی هەرێمی کوردستاندا رەنگی داوەتەوە.

لە ٦ی ئەیلولدا چی رویدا؟

لە ٦ی ئەیلولی ١٩٣٠دا خەڵکی وڵاتپەروەر و رۆشنبیری سلێمانی لەسەر خواستی نوخبەی شارەکە، خۆپیشاندانێکی هێمنانەیان رێکخست و لەبەردەم سەرای شاردا کۆبونەوە. خۆپیشاندەران بریاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی عێڕاقییان دا. دەوڵەتی عێراق لەبری گوێگرتن لە داوا رەواکانی خەڵکی سلێمانی، فەرمانی بە سوپا و پۆلیس دا کە بەکوشتن و بڕین ئەم خۆپیشاندانە سەرکوت بکەن. نەوشیروان مستەفا، لە کتێبی سەردەمی قەڵەم و موراجەعەدا، ژمارەی شەهیدەکانی ئەو قەتڵوعامە بە ٦٠ کەس دادەنێت لەگەڵ دەیان بریندار و دەیان زیندانی.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە چ مەبەستێک بوو؟

حکومەتی عێڕاق بڕیاری دابوو کە هەڵبژاردنێک بکرێت بۆ ئەوەی پەرلەمان پەیماننامەی نێوان بەریتانیا و عێڕاق واژۆ بکات. بەگوێرەی پەیماننامەکە ئینتیدابی بەریتانی بەسەر عێراقدا لە ساڵی ١٩٣٢دا کۆتایی دەهات و عێراق سەربەخۆیی بەدەست دێنا. 

داواکاری خۆپیشاندەران چی بوو؟

خۆپیشاندەران داوای ئەوەیان دەکرد کە پێش ئەوەی هەڵبژاردن بکرێت و نوێنەرە هەڵبژێردراوەکان بچنە پەرلەمان بۆ پەسەندکردنی پەیماننامەی بەریتانیا و عێراق، دەبێت عێڕاق و بەریتانییا هەموو ئەو مافانە بسەلمێنن و جێبەجێی بکەن کە هەر یەک لە کۆمەڵەی گەلان و بەریتانیا و عێراق وەک بەڵێن بە گەلی کوردستانییان دابوو.

ئەو بەڵێنانە چی بوون و کەی بە گەلی کوردستان درابوون؟

کۆمەڵەی گەلان لەساڵی ١٩٢٥دا و لە ریفراندۆمێکی ساختەدا بڕیاری لکاندنی باشوری کوردستانی بە عێراق دا. لەبەرامبەر ئەو بڕیارەدا، کۆمەڵەی گەلان کۆمەڵێک مافی ئیداری و کەلتوری گەلی کوردستانی وەک مەرج بەسەر عێڕاق و بەریتانییادا چەسپاندبوو. جگەلەوەش، بەریتانیا لە کاتی ریفراندۆمەکەدا هەم پەیمانی درێژکردنەوەی ئینتیدابی بەریتانی بەسەر کوردستاندا بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ و هەم مافی ئۆتۆنۆمی بەگەلی کوردستان دابوو. بەهەمان شێوە عێڕاقیش کۆمەڵێک بەڵینی ئیداری و کەلتوری و رۆشنبیری بە کورد دابوو. 

ئەو بەڵێنانە چ پەیوەندییەکییان بە پەیماننامەی بەریتانیا و عێراقەوە هەبوو؟

لە نێوان ١٩٢٥ تا ئەیلولی ١٩٣٠دا عێڕاق و بەریتانیا هیچ کام لەو بەڵێنانەیان نەگەیاندە سەر و زۆرێک لەو مافانەشیان لەگەلی کورد سەندەوە کە پێش لکاندنی باشوری کوردستان بە عێراقەوە هەیبوو. جگەلەوە، لە پەیماننامەکەی بەریتانیا و عێراقدا ئاماژە بەهیچ مافێکی گەلی کوردستان نەدرابوو. نوخبەی شاری کورد پێی وابوو ئەگەر ئەو مافانە پێش بەدەستهێنانی سەربەخۆیی عێراق نەچەسپێن، دوای سەربەخۆی عێراق مەحاڵە بێنەدی. 

تایبەتمەندی ئەو خۆپیشاندانە چی بوو؟

خۆ پیشاندانەکە بازێکی نەوعی بوو لە خەباتی گەلی کوردستاندا. بۆ یەکەم جار بوو نوخبەی شاری و لەرێگای خەباتی مەدەنییەوە و بەشێوەیەکی ئاشتیانە بێتە مەیدان و ئاڵای خەباتی نەتەوەیی و نیشتیمانی کوردستان لە نوخبەی خێڵ وەربگرێت.
 
بۆ عێراق پەنای بۆ قەتڵوعامی کورد برد؟

خۆپیشاندانەکە ئاشتییانە بوو. عێراق دەیتوانی بێ خوێنڕشتن و تەنانەت بێ جێبەجێکردنی هیچ مافێک بەکورد خۆپیشاندانەکە کۆتایی پێبێنێت. بەڵام لەبری ئەوە بڕیاری قەتڵوعامی خۆپیشاندەرانی دا. عێراق لەو خوێنرێژییەدا دەیەویست ئەم پەیامانە بەگەلی کوردستان بگەیەنێت. 

یەکەم: لەپەیماننامەی بەریتانیا-عێڕاقدا ئەوەی سەربەخۆیی بەدەست دێنێت گەلی عەرەبی عێراقە نەک گەلی کوردستان.

دووەم: ئەوە عێراقە (عەرەبەکانن) کە حوکمرانی کوردستان دەگرنە دەست و چیتر بەریتانییا حاکم (حوکمرانی) باشوری کوردستان نییە.

سێیەم:' ئەم حوکمرانییە نوێیە چیتر سروشتێکی نێودەوڵەتی (کۆڵۆنیالیزمی نێودەوڵەتی) نییە و سروشتێکی ناوخۆیی هەیە (کۆڵۆنیالیزمی ناوخۆیی) هەیە. 

چوارەم: ئەو کۆڵۆنیالیزمە (داگیرکەرە) ناوخۆییە لەرێگای سوپاوە هەموو جوڵانەوەیەکی کوردستانی سەرکوت دەکات.

بۆچی تا ئێستاش باشور باجی ئەو قەتڵوعامە دەدات؟

گەلی کوردستان لەماوی ٨٩ ساڵی رابردوودا بەدەیان شێوە باجی ئەو قەتڵ و عامەی داوە و دەدات، لەبەر ئەم هۆکارانە:

یەکەم؛ نەریتی بەکارهێنانی سوپای بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەی کوردستانی هێنایە ئاراوە. ئەم یەکلاکردنەوەیە لەرێگای بەکارهێنانی سوپا لە ئەنفال و کیمیابارانی کوردستان گەییشتە چلەپۆپە، دوا یەکلاکردنەوەش لە ١٦ی ئۆکتۆبەر دا بوو کە سوپای عێڕاقی و میلیشیاکانی لەرێگای خوێنرشتنەوە نیوەی خاکی کوردستانی داگیرکردەوە.

دووەم: پاشەکشەیەکی گەورەی بە نوخبەی شاری کرد. لەروانگەی کۆمەڵگای کوردییەوە نوخبەی شاری وەک نوخبەیەکی بێ دەسەڵات و دەست و پێ سپی پیشاندا. ئەمەش لە شیعری شاعیرەکانی ئەو سەردەمی وەک پیرەمێرد و بێکەس و گۆران و ئەحمەد موختارپەگی جاف بە رونی دەردەکەوێت. ئەو پاشەکشەیە بەجۆرێک بوو تەنانەت لە دروستکردنی یەکەم حیزبی کوردیدا، کە حیزبی هیوا بوو، نوخبەی شاری رۆڵیکی پەراوێزی هەبوو و ئەوەی ئەم حیزبەی پێکهێنا کۆمەڵیک گەنج و هەرزەکاری تازە دەرکەوتووی شاری بوون،

سێیەم: پاشەکشە و بێدەسەڵات دەرکەوتنی نوخبەی شاری بۆشاییەکی گەورەی لە جوڵانەوەی نەتەوەیی گەلی کوردستاندا دروست کرد. ئەم بۆشاییە بەدوو شێوە بووە هۆی ئافات و ماڵوێرانی بۆ گەلی کوردستان. 

ئافاتی یەکەم ئەوە بوو کە لە غیابی و لاوازی نوخبەی شاریدا، نوخبەی خێڵ هەلی هەڵکشانی بۆ گرتنە دەستی چارەنووس و رابەرایەتی بزوتنەوەی نەتەوەیی بگرێتە دەست و تا ئێستاش ئەو رابەرایەتییە بەردەوامە و نوخبەی خێڵ ئێستا حوکمڕانی هەرێمی کوردستانن. 

ئافاتی دووەمیش ئەوەبوو، کە بەگرتنەدەستی بزوتنەوەی نەتەوەیی نوخبەی خێڵ کۆمەڵێک کەلتور و نەریتی دواکەوتوانە و زەرەرمەندی هێنایە ناو ئەو بزوتنەوە نەتەوەییە، لەوانەش زاڵکردنی فۆرمێکی هەرە دواکەوتوی فکری نەتەوەیی و تەماشاکردنی شۆرش و یاخیبوونی چەکداری وەک تاکە ئەلتەرناتیڤ بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەری عێراقی. ئەو یاخیبوونەی کە دەستی داگیرکەری عێراقی واڵاکرد بۆ ئەنجامدانی دەیان قەتڵ و عامی دەیان قات گەورەتر لە قەتڵوعامەکەی ٦ی ئەیلولی ١٩٣٠

ئارام رەفعەت

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی