ئایا خودی پرۆژە چاكسازییەكەی كوردستان فەزایی و بندیوار نییە؟

12/09/2019

عیماد عه‌لی

دیارە وشەی فەزایی و وەهمی واتای تازەی لەخۆ گرتووە لە عیراق و، لای خۆمانیش فەل و بندیوار جێگەیان لە زمانی كوردیدا كردۆتەوە و واتاكەی بۆ هەموو لایەك روون بۆتەوە و تەنانەت بۆتە چەمكێكی روون وئاشكرا لە فەرهەنگی سیاسی و ئابووری و رۆشنبیری لە كوردستاندا. 

زۆر قسە لەسەر گەندەڵی و خەڵكی بندیوار و فەل و فەزایی و مردووی زیندوو و مەعاشی قەبرستان كرا و تا ئێستاش بەردەوامە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا واپیشان دەدرا كە هەروا بە ئاسانی تێناپەرێت و بەجێناهێڵرێت بۆ زەمانە و چارەسەری زانستیانەی !! دەكەن. رۆژ نەبو ئەم حكومەتەی كوردستان لە دەورانی  ساواییەوە تاوەكو ئەمرۆ كە گەیشتۆتە قوناغی هەرزەكاری باسی چارەسەر و پرۆژەی چاكسازی و بنبڕكردنی نەكرێت و پرۆژەكانیش ئەوەندە زۆر بوون تا ئەمرۆش دوایان نەبڕواەتەوە و  جارێك  لە لایەن ئۆپۆزسیۆن و جارێك لە لایەن حزبێك و ئەویتر لە لایەن رێكخراوێك و جارێك وەك موزایەدە و جاریتر وەك بەرنامەی هەڵبژاردن و تادواجار لەلایەن دەسەلات و بە شێوەیەك و بە مەبەستێك و بە ناوەرۆكێكی تازەوە دێتەئاراوە و ئاوا رۆپۆشی جوانی دەكەن كە هەمووان تامەزرۆی بینینی روخساری ئەم پرۆژە چاكسازیە دەكەن، كەچی لەسەر ئەرزی واقیعدا بەكردەوە كەس نایبینێت و لە بنمیچی تەنانەت ئەو فەرمانگانەدا دانراوە كە خودی خۆیان خاوەن بندیوار و فەزایین و گەندەڵیان لێ دەبارێت.

تادواجار ئەوە دەردەكەوێت كە خودی پرۆژە چاكسازیەكە وەهمی و فەزایی و بندیوارە و دەنگی هەیە ورەنگی نیە و لەسەر پەڕەكان هەیەو بە كرداری نیە و جارناجارێك بۆ تاموچێژ دەردەكەویت وەكو ئەوەی چۆن بندیوارەكان تەنها بۆ مەعاشی مانگانە قوت دەبنەوە، ئەمیش هەر كابینیەك لە كاتێكی دیاریكراودا دەیخاتەروو. ئەمەش لە ناوەرۆكدا وا دەریدخات كە پرۆژەكە لە جیاتی ئەوەی چارەسەری بندیوار و فەزایی بكات بەخۆی لە جەوهەری خۆیدا بۆتە پرۆژیەكی فەزایی و بندیوارە و تا ئێستا زۆرجار بۆ خواردنێكی نیوەروان و بەدەستهێنانی نەسریەی بەردەست و هاتوچۆ و گەڕانی لیجنە دیاریكراوەكان بەدوای حەقیقەتەكاندا پێویستیان بە برە پارەیەكە و نابێت لەسەر حسابی گیرفانی خۆیان جموجوڵ بكەن، كە ئەمەش خودا دەزانێت چ جیاوازیەكی هەیە لەگەڵ  پارەی ئەو بندیوارانەی كە بە تاپر بەدوایاندا دەگەڕێن بۆ ئەوەی چی دی مەعاشی موفت نەخۆن وئەو پارەیەیان بگەڕێننەوە بۆ خەزینەی حكومەت.

بۆیە  لەجیاتی ئەوەی خەڵكی بندیوار و فەزایی نەهێڵێرێت كەچی فكرو بیر و فەلسەفەی تازەبابی فەزایی و بندیوار و، چارەسەر و پرۆژەی چاكسازی فەزایی و بندیوار و، عەقڵیەتی فەزایی و بندیوار و، حزبی فەزایی و بندیوار و، كاری رۆشنبیری فەزایی و بندیوار و، تەنانەت گەیشتۆتە ئەوەی گومان لەوە بكرێت سیستمێكی سیاسی فەزایی و بندیوار بەرێوەمان ببات و كەس فزە نەكات و ملكەچی داخوازیەكانی بندیوار و فەزاییەكان بین و بندیوارییش ببێتە زەرورەت. ئەگینا چەندین ساڵە باس لە بنبڕكردنی ئەم دیاردەیە دەكرێت كە لە حاڵەت تێپەڕیوه، كەچی لەجێیی ئەوەی بنبڕ بكرێت تەشەنەی كردۆتە نێو سەرجەم بوار و شوێنەكان لەكوردستاندا و خۆی فەرزكردووە و كەس ناوێرێت تەنانەت باسیشی بكات.‌ بۆیە بەم بەناو پرۆژە و ئیدعانیانەوە لەجیاتی ئەوەی لوتی بسڕن چاویشیان كوێركرد.

عیماد عەلی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە