چاوەڕێی هەژموونی چین بن

13/09/2019

رێبین عومەر

جیهان لە سێبەری زلهێزەكان بە بەردەوامی لەبەردەم تەحەدی گەورەدایە، بەڵام سەردەم دەركەوتنی جیاوازی پێویستە. بە تایبەت لەپێشدا بەریتانیا رێبەری سەردەمی كۆڵۆنیاڵیزمی جیهانی دەكرد پاش ئەویش لە سەرەتایی سەدەی بیستەمدا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە مۆدێلێكیتری سیاسی و دیپلۆماتی و سەربازی و ئابوری هاتە سەرتەختی شانۆی سیاسی جیهان ، لەسەرەتا زۆرینەی گەلان كە وەرس ببون لە بارگرانی سیاسەتی كۆڵۆنیالیزمی ئینگلیز، بەوە خۆشحاڵبوون كە ئەمریكا وەك زلهێزێكی نوێ بە نیەتی ئازادی و سەربەستی گەلان هاتۆتە ناو مەیدانی جیهانی و حەقە خوراوەكان بۆ گەلان لە جیهاندا دەگێڕێتەوە، جیهانێك دەخولقێنێت كە گورگو مەڕپێكەوە ئاوی لێبخۆنەوە ، بەڵام تێكەڵ بوونی ئەمریكا بەجەنگ و یەكلایكردنەوەی جەنگی جیهانی دووەم و چوونە ناوە بۆ قۆناغی شەڕی سارد و برەودان بە سیاسەتی جەمسەرگیری جیهانی وایكرد كە جیهان نەك نەحەوێتەوە بەڵكو لە خراپترین باری خۆیدا بمێنێتەوە.

بەڵام دەركەوتنی چین وەك جەمسەرێكی گرنگ لە جیهاندا مۆدێلێكی دەگمەنی لە جیهاندا بۆخۆی خولقاند تا ئەندازەیەكی زۆر گەلان بڕوایان بە دەركەوتنی چین زیاترە لە بەرئەوەی چین هیچ كات بەشێك نەبووە لە پرۆسەی داگیركردنی خاك و زەوی ووڵاتان بەڵكو زۆرتر هاوكار و هەماهەنگی زۆرێك لە گەلان بووە لە جیهاندا ، بۆ وێنە یارمەتی زۆرێك لەگەلانی ئاسیا و ئەفریقای داوە لە سەروبەندی خەباتی رزگاری نەتەوەیدا، پاشانیش لە سەروبەندی قەیرانی ئابوری ساڵی 1998 لە ووڵاتانی ئاسیا. 

چین هاوكاری ئابوری زۆرینەی حكومەتە بارگرانەكانی ئاسیایدا ، لە كاتێكدا ئەمریكا و ژاپۆن كەمترین رۆڵیان لە بوژانەوەی ئابوری دەوڵەتە بارگرانەكاندا.

لە كارەساتە سروشتییەكانیشدا كە دووچاری هەندێ ووڵاتی ئاسیا بووە، چین رۆڵی گرنگی لە هاوكاریكردنی ئەو ووڵاتانە گێڕا كە سونامی ووڵاتەكەیانی سەرگەردان كردبوو.

 لە ساڵی 2008 وەختێك جیهان بەهۆی سیاسەتە هەڵەكانی ئەمریكا لە بواری ئابوریدا گیرۆدەی قەیرانی ئابوری مەزن بووە، چین رۆڵێكی گرنگی گێڕا لە رزگاكردنی مرۆڤایەتی لەو قەیرانە ئابورییە مەزنەی كە بەهۆی رەفتارەكانی ئەمریكاوە جیهان دووچاری بووە.

بەهەمان شێوە چین پشتیوانێكی سەرەكی ووڵاتە هەژارەكانی دنیاییە بۆ وێنە چین هیچ باج ناخاتە سەر شمەكی ووڵاتانی ( بەنگلادیش ، كەمبۆدیا، میانمار، لەگەڵ 27 ووڵاتی هەژار لە كیشوەری ئەفریقا ) چین بەو جۆرە پاڵپشتی بەهێزی ئابوری ئەو گەلانە دەكات، 

لە كۆڕبەندی ئەفریقا و چین لە ساڵی 2018 كە لەپەكین ساز كرا چین بریاریدا 60 ملیار دۆلار ببەخشێتە كیشورەی ئەفریقا، هەندێ لەو قەرزانەی چین بەخشیویەتە ووڵاتانی ئەفریقا وەك قەرزی بێ سوود بەخشیویەتە ئەو ووڵاتانە، ئەوە سەرباری ئەوەی چین بە ئەندازەیەكی گەورە سەرمایەگوزاری لە بواری ئابوری و بوژانەوەی كەرتی بارزگانی لە ووڵاتانی ئەفریقا ئەنجامداوە، لە 900 پڕۆژەی هەمەجۆردا لە ئەفریقا سەرمایەگوزاری دەكات و 700 پڕۆژەی گرنگی پێشكەش بە ووڵاتانی ئەفریقا كردووە، زیاتر لە 2000كم هێڵی ئاسنین و 3000كم رێگەوبانی بونیاد ناوە، لە قەرزی 31 دەوڵەتی ئەفریقا خۆش بووە كە بڕەكەی دەگاتە 10.9 ملیار دۆلار، هەروەها باجی لەسەر كاڵاو بەرهەمی 30 دەوڵەتی ئەفریقا لابردووە.

لە ڕووی مینحەی خوێندن و راهێنان و بەرزكردنەوەی تواناكان چین هاوكارییەكی گرنگی دەوڵەتەكانی ئەفریقای كردووە، وەزارەتی دەرەوەی چین لە ساڵی 2015 ئەوەی راگەیاندبووە كە 30 هەزار دەرفەتی خوێندنیان بە خوێندكارانی ووڵاتانی ئەفریقا رەخساندووە لە زانكۆكانی چیندا، هەروەها 200 هەزار هاوڵاتی ئەفریقی خولی كاریان لە چین بۆكراوەتەوە، هەروەها 2000 خوێندكار خوێندنی ماجستێریان لە زانكۆكانی چین تەواوكردووە.

ئەوە سەرباری ئەوەی ووڵاتی چین زیاتر لە 10 پەیمانگەی پیشەی لە ووڵاتانی ئەفریقا كردۆتەوە و خول و راهێنان بەوخوێندكارانەدەكات كە خوازیارن لە بوارە جیاكاندا فێری پیشەییەك بن.

چین وەها دەیەوێت ببێتە جێگرەوەی ئەمریكا، كەلە دیوێكیترەوە ووردە ووردە شوێن بەئەمریكا لێژدەكاو و جێی دەگرێتەوە و كۆتایی بەسەردەمی یەك جەمسەری ئابوری و سەربازی و سیاسی ئەمریكا دەهێنێت.

رێبین عومەر

سەرچاوە/ چین زلهێزی نوێی جیهانی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی