چەكەكانی ئەردۆغان

14/09/2019

هونه‌ر تۆفیق

هەر دەوڵەتێك چەند جۆرێك چەكی پێویستە . چەكە سەربازیەكانی پێوستە بۆ بەرگری ناوخۆیی و چەكی ئابووری و سیاسی و تەكنەلۆجیشی دەوێت بۆ هێرش بردنە دەرەكیەكان . ناشیرینترین و خراپترین چەك لەو هێرشە دەرەكیانەدا بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندی سیاسی ناوخۆ ، چەكی بەكارهێنانی مرۆڤە .

ئەردۆغان بەهۆی لاوازی سیاسی دەرەكیەوە ، ئەو چەكە قێزەونە بەكاردێنێت لەدژی دەوڵەتانی تر . بۆ هەر دەوڵەتێك جۆرە چەكێكی لە دەوڵەتێكی ترەوە قەرزكردووە تا شەڕەكانی خۆی پێبكات .

ئەردۆغان لەبەرانبەر ئەمریكادا ، ڕوسیا بەكاردێنێت ، یاخود بە ڕوسیا هەرەشە لەئەمریكا دەكات . لەئەنجامی ئەم شەڕە قێزەونەشەوە گەلانی سوریا باجەكەی ئەدەن و ئاسایشی ناوچەكەشی خستۆتە ژێر مەترسیەوە .

لەبەرانبەر سعودیە و میسردا ، ئەردۆغان ئێرانی شیعی و ئیخوانی سونی بەكاردێنێت ، لەم بەكارهێنانەشدا ئاژاوەیەكی گەورەی عەقائیدی بەرپاكردووە . جارێكی تر ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پێ خستۆتە ژێر مەترسیەوە .

لەبەرانبەر ئەوروپادا ، پەناهەندەكانی ناو توركیا بەكاردێنێت . بەكردنەوەی دەرگای كۆچ بەرەو خۆرئاوا ، ئەردۆغان هەڕەشە لە ئەوروپا دەكات . جۆرێك لە ڕق و كینەی لەنێوان ئیسلام و ئەوروپیە مەسیحیەكاندا چاندووە كە ئاسایشی ئەوروپای توشی شڵەژان كردووە .

ئەرۆغان لەبەرانبەر كورد و دەوڵەتانی عێراق و سوریادا ، داعش بەكاردێنێت ، كوشتار و وێرانەیەكی بێ وێنەی لەو ناوچانەدا دروستكردووە . بەو هەموو خوێنەوە خەمساردانە پشتیوانی جەبهەی نوسرە و داعش دەكات ، بۆ ئەوەی هەڕەشەی ئەو گەلانەی دراوسێ ی توركیای پێ بكات و سڵ لە مەترسیەكانی ئەردۆغان بكەنەوە .

ئەردۆغان لەبەرانبەر ئیسرائیل ، ئیسلام بەكاردێنێت و لەبەرانبەر ئیسلامیشدا ئیسرائیل دەپارێزێت بۆ ئەوەی لەناو ئەو ناكۆكیانەدا بەردەوامی بە هەیمەنەی سیاسەتی توركیا بدات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا .

ئەم چەكە قێزەونانەی ئەردۆغان كە گێژاوێكی ترسناكی بەجیهاندا بڵاوكردۆتەوە ، تەنیا یەك ئەنجامی هەیە ، ئەویش بنەبڕكردنی توانای گەیشتنی ئەردۆغانە بەو چەكانە و دواتر زیانەكانی دەگاتەوە بەناوخۆی توركیا و كەسی ئەردۆغان كە كۆتایی هاتنە بە و كۆمارە خوێناویەی لەسەر ئەو كوشتارانە بنیادی ناوە .

هونەر تۆفیق

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە