هەرێم لەبەردەم قەیرانێكی دیكەدایە

15/09/2019

سەرتیپ وەیسى

لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی نوێ هەمووان بۆچوونیان وابوو، كە كابینەی نوێ لە ماوەیەكی كورتدا كێشەكانی لەگەڵ بەغدا چارەسەر دەكات، بە تایبەت ئەوەی پەیوەندی بە بودجەو نەوتەوە هەیەو جارێكی دیكە هەڕەشە لەسەر موچەو بودجەی هەرێم دروست نابێتەوە.


لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوو، حكومەتی هەرێمی كوردستان شێوازی مامەڵەو گفتووگۆو قسەكانی لەبارەی دانوستاندنەكانی لەگەڵ بەغدا گۆڕیوەو خۆی وەكو "زوڵملێكراو " نیشاندەدات، بەپێی ئەو مەرجە پێشوەختانەی كە بۆ دانوستاندن لەگەڵ بەغدا دایناوە (ئەگەر تاكتیكی دانوستاندن نەبێت)،جارێكی دیكە هەردوولا ڕووبەرووی قەیرانێكی دیكەی سیاسی و ئابووری و دارایی دەبنەوە.

حكومەت لەماوەی دوو هەفتەی ڕابردوو، دوو كۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی كورد لە بەغداو پەرلەمانی كوردستان ئەنجامداوە، بەپێی ئەو داتاو زانیاری و ستراتیژو بەرنامانەی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا خراونەتە ڕوو، پێناچێت گەیشتنە ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا ئاسان بێت.

حكومەتی هەرێم لە تەواوی ئەو كۆبوونەوانەی لەم چەند ڕۆژەی ئەنجامیداوە، خۆی وەكو زڵوملێكراو نیشانداوەو بەڕوونی ئاماژەیان بەوەكردووە، كە بە تەواوی ڕادەستكردنی نەوتی هەرێم بەغدا كارێكی ئەستەمەو ئەو بڕەشی كە دەیانەوێ بیدەن بە بەغدا، پێویستە لەبەرامبەردا بەغدا تەواوی شایشتە داراییەكان بدات بە هەرێم.

هەرێم دەیەوێ رێككەوتنێكی سێ ساڵە ئەنجامبدات لەسەر پرسەكانی ( نەوت و بودجەو خاك) بەبێ ئەوەی هیچ ستراتیژو روئیاو بەرنامەیەكی ڕوونی بۆ ئەمە هەبێت، یاخود كارتێكی فشاری هەبێت، ئەم جۆرە لە مامەڵەكردنە ئێستای هەرێمی بە بۆچوونی زۆرێك لە شارەزایان قەیرانێكی دیكە بەرۆكی هەرێم دەگرێت و خەڵكیش لەوبارەیەوە ترسیان هەیە.

لە كۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردووی حكومەت لەگەڵ پەرلەمانی كوردستان و نوێنەرانی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان باسیانلەوەكردووە، كە هەرێم ڕۆژانە توانای بەرهەمهێنانی 550 هەزار بەرمیل نەوتی هەیه، بەڵام ئەگەر تەواوی شایستە داراییەكانیش لە بەغداوە بنێردرێت نەوت ڕادەست ناكەن.

پەرلەمانتارانی هەرێم و بەغدا دوای كۆبوونەوەكەیان، بەپێی خوێندنەوەی خۆیان رەشبینن بەو دۆخە، لە دواین كۆبوونەوەی مەسعود بارزانی و علی باپیریش هەمان قسەكراوە، بارزانی بە ڕوونی باسیلەوەكردووە، كە دەبێ موچەو بودجەی كورد بە تەواوی بدرێت ئینجا بەشێك لە نەوت ڕادەست دەكەن.

هەرێمی كوردستان لە 25ی حوزەیرانەوە لیژنەی بۆ دانوستاندن لەگەڵ بەغدا دروستكردووەو تازە بە تازە دەیەوێ شاند بنیرێت بۆ گفتووگۆكردن لەسەر پرسی بودجەو نەوت، لە هەمانكاتیشدا بەغداش جۆرێك لە ساردی پێوەدیارە لە دانوستاندن لەماوەی ئەو دوو مانگەدا هیچ دەستپێشخەرییەكی ئەوتۆی نەكردوە.

حكومەتەكەی عادل عبدالمهدی فشارێكی زۆری ناوخۆیی و دەرەكی لەسەرە تاوەكو ئەوەی ئەمساڵ لە هەرێمی قبوڵیكرد ساڵێكی دیكە قبوڵی نەكات، لەولاشەوە هۆكارە ناوخۆیی و دەرەكییەكان ئاماژەن بۆئەوەی، كە دووبارە بڕینەوەی موچەی كوردستان هەروا ئاسان نییەو كاریگەری دەبێت لەسەر سەقامگیری عێراق، ناكرێت جارێكی دیكە كورد پەراوێزبخرێت، هەرچەنده ئەستەمیشە نەهاتنە پێشەوەو سازشنەكردنی كوردیش وا بە ئاسانی لە لایەن بەغداوە قبوڵناكرێت.

ئەگەرچی هەرێمی كوردستان كێشەكانی خۆی بەسەر سێ تەوەر دابەشكردووە كە نەوت و بودجەو خاكە، بەڵام بەستنەوەی خاك بە كێشەی بودجە هێندەی دیكە رێككەوتن دوادەخات، چونكە كورد بەهۆی هەڵەی خۆیەوە بوو، كە تەواوی ناوچە جێناكۆكەكانی ڕادەستی بەغدا كرد، تازەش قسەكردن بە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو شوێنانەو هەمواركردنی یاسایی هەڵبژاردنی پارێزگاكان وا ئاسانی نابێت، چونكە لەبەرئەوەی بەغدا لەسەر ئەو بابەتە لە قۆناغی هێرشكردنەو كوردیش لە بەرگریكردن.

حكومەتی هەرێم ڕۆژانە بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ پەیام بۆ بەغدا دەنێرێت، كە بڕی 80 ملیار دۆلار قەرزارە، پێویستە بەغدا پابەند بێت بە گەڕانەوەی ئەو قەرزە، یاخود لانیكەم پێویستە بەغدا ڕازیبێت بە ناردنی شایستەداراییەكانی هەرێم و چاوپۆشیكردن لە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم و نەگەڕانەوەی داهاتە نەوتی و نا نەوتییەكان بۆ بەغدا، ڕوونیشە بەغدا ئەو داواكاریە قبوڵ ناكات.

هێشتا دۆخی هەرێمی كوردستان ئاسایی نەبۆتەوەو لێكەوتەكانی قەیرانی دارایی بەسەرەوە مایەو بازاریش بە تەواوی داتەپیوەو ترس و دڵەڕاوكێش هەروەك خۆیەتی، بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانەو دووركەوتنەوە لە دروستكردنی قەیرانێكی دیكە، لەسەر دەستی حكومەتی نوێدایەو پێویستە چاوەڕێ بكەین، تاوەكو بزانین چۆن مامەڵە لەگەڵ كێشە هەڵپەسێردراوەكان دەكات و جارێكی دیكە فەرمانبەران تووشی چارەكە موچە نابنەوە.

سەرتیپ وەیسی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی