سیاسەتی ئابووری و با فرۆشتن

15/09/2019

نازم عومەر دەباغ

زۆرجار وا پێش دێت رووداوەكانی رابردوو لەگەڵ هەندێ قۆناغ و رووداوی سەردەم یەكدەگرنەوە و دەبێتە پەندێكی پێشینان.
 
دەگێرنەوە ( كە راستیشی تێدایە لەبەر هەستیاری شوێنەكە ناوی ناهێنم) لە ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان كوێخای دێیەك هەبووە، هەستی كرد دەتوانێت یاریەك لەگەل دانیشتوانی دێكەدا بكات، لە وەرزی زستاندا دانیشتوانی دێكە كۆدەكاتەوە و پێیان دەڵێت: بیرۆكەیەكم هەیە، هەندێ پارەم كۆكردۆتەوە و دەمەوێت خێرەكەشی بە ئێوە بگات، دەمەوێت ئەمساڵ بای دێكە لە ئێوە بكرم. دیارە دانیشتوانی دێكە دەبێتە مشتومڕیان و گاڵتە پێ كردن.... دەڵێن كوێخا كاری وا چۆن دەبێت....؟ با چۆن دەفرۆشرێت؟.

كوێخا سوور دەبێت لەسەر داواكەی خۆی و دەڵێت ئێوە چیتان بەسەرەوەیە ئەوە با و ئەمەش پارە، بۆ هەر ماڵێك بڕێك دیاری دەكەین و دەچینە مزگەوت لای مەلای دێ بەشەرع و شاهید. لە  مزگەوتی ماڵی خوا رێككەوتن نامەكە دەنووسین و هەركەسێكیش پەشیمان بێتەوە دەبێت چەند بەرابەر برێك پارە بدات، دانیشتوانی دێكە دەڵێن كەواتە بابڕۆین و كارەكە ئەنجام بدەین و ناوی خوای لێ بهێنین.

زستان رۆیی و بەهار هات كەوتنە مانگی دروێنە و شەن كردنی خەرمانەكانیان....

رۆژێ كوێخا هات و چووە سەر خەرمانەكان و ئاگاداری كردنەوە نابێت خەرمان شەن بكەن! چونكە باكە هی ئەوان نەماوە هی كوێخایە...! دەبێت پارەی شنەباكە بدەن.

هەمووانی ئاگادار كردەوە بە پێی رێكەوتنكەش كەس بۆی نیە بای دێكە بەكار بهێنێت دەنا گوناهبار دەبن بە شاهیدی مەلای دێ( لەگەڵ مەلای دێكە كاكەبرالەیەكیان هەبوو.. جۆرێك لە رێككەوتن ) .... ناچار دانیشتوانی دێكە لەگەڵ كوێخا رێكدەكەون و چەند بەرابەر پارەی فرۆشتنی باكە دەدەنەوە كوێخا و مافی با بەكارهێنان بۆخۆیان دەگێرنەوە.....

ئەگەر سەیری بارودۆخی ئەمرۆكەی ئابووری كوردستان بكرێت لەو گێژاوی قەیرانی دارایی كە تێی كەوتووە و كەوتۆتە ژێر فشاری حكومەتی ناوەند و هەروەها قەرزێكی زۆر و بارگران بەدڵنیاییەوە پێویستی بە هەنگاوێكی زیرەكانە و بوێرانە هەیە، دیارە بریاری ئابووری سەربەخۆ  و نەوت فرۆشتن بۆ ئایندەی دەمەزراندنی سەربەخۆیی كوردستان، پرسێكی گرنگ و بوێرانەیە، ئەو بریارەش تەنها بریاری تاك لایەن نەبووە، بەڵكو بڕیاری هەموو هێز و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان و بەناو راوێژكاران و شارەزایانی بواری ئابووری بووە، بێ ئەوەی وەكو خۆی سنووری جوغرافیای كوردستان و دوژمنە ستراتیژی ومێژووییەكانی گەلی كورد ڕەچاو بكەن، بزانن كێ دەیەوێت كورد لەسەر پێی خۆی راوەستێت. ئەمڕۆكە وا دەبینرێت پرۆسەی ئابووری سەربەخۆ و نەوت فرۆشتن وەكو ئەو پەندی لێ هات كە با مان لێ كڕا و پێشمان دەفرۆشرێتەوە.........!!

نازم عومەر دەباغ
نوێنەری حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە تاران

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی