عەرەباندن لە سەردەمێكی تازەدا

15/09/2019

لەتیف فاتیح فەرەج

لە دوای  ریفراندۆمە شكستخواردوەكەو دواتر 16ی 10ی 2017ەوە ناوچە دابڕێنراوەكان و بە تایبەت كەركوك و هەردوو قەزای داقوق و خورماتوو كەوتنە بەردەم هەڕەشەیەكی نوێی تەعریبەوە ، بەرلەوەی باسی تەعریبەكەی دوای 2017و هەڵاتنی كورد بكەین لەو شارە ، یان روونتر چەككردنی كورد لەو شارە ، پێویستەئاماژەیەكی كورت بەوە بكەین كەلە2005ەوە تا 2017 كورد سەرەڕای :
یەكەم : هەڵوەشانەوەی بڕیارەكانی بەعس و ریشە كێشكردنی ئەو حزبە 
دووەم : بوونی مادەی 140 كە مادەیەكی دەستوریە " بە كەم و كوڕیەكانیشیەوە .
سێیەم : بوونی باش و كاریگەری كورد لە بەغدا 
كەچی نەیتوانی لانی كەم چوار قەزا دابڕێنراوەكەی كەركوك " چەمچەماڵ ، كەلار ، خورماتوو ، كفری " لە سلێمانی و تكریت و دیالە وەربگرێتەوە و بیخاتەوە سەر كەركوك ، لەمەدا بە قەد عەرەب و توركمان كوردیش خۆی رێگرو لەمپەر بوو .
هەڵبەت ئێستا كە سێ‌ سەرۆكایەتیەكە " سەرۆك كۆمارو سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی پارلەمان " دۆستایەتیەكی باش لە نێوانیاندایە بڕوادەكەم جارێكی تر دەتوانن لە سەر پرسی گێڕانەوەی قەزاكان قسەیان هەبێت ، ئەوەندەی ئاگاداریش بم بە ئاگاداری هەرسێ‌ لایان بەردەوام كۆبونەوە لە سەر پرسی ئەو ناوچانە هەیە .
دوای بە جێهێشتنی هەردوو پارێزگاری كەركوك و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و چوونیان بۆ هەولێر  ، هەروەها كشانەوەی بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەن بە تایبەت پارتیەكان ، راكان جبوری بووبە پارێزگاری بێڕكابەرو لە لایەن حەشد و سوپاو حكومەتی عێراقیشەوە پشتگیری تەواوكرا ، سەرەتاكانی تەعریب لێرەوە دەستیان پێكردەوە: 
یەكەم : هەوڵدان بۆ هێنانەوەی عەرەب بۆ ناحێی سەرگەڕان و گوندەكانی دەوروبەری .
دوەم : بێزار كردنی كورد لە گوندەكانی دەورو بەری دووبز بۆ ئەوەی هەراسان بن و چۆڵی بكەن 
سێیەم : بە بیانووی جۆراو جۆر هەمان هەراسان كردن لە خورماتوو ، داقوق و گوندەكانی ئەو دەورو بەرە 
چوارەم : رێگە نەدان بە ئاوەدان كردنەوەی ئەو گوندانەی داعش وێرانی كردبوون ، لە ناویاندا گوندی كوردو گوندی كاكەی هەبوو.
پێنجەم : هێنانی ئاوارەیەكی زۆر بۆ ناو كەركوك و رێگری لە گەڕانەوەیان بۆ شوێنی خۆیان بە تایبەت عەرەبەكانی سنوری حەویجەو ریازو عەباسیە و گوندەكانی ئەو سنورە ، تا ئێستا دەیان گوندی عەرەب ئاوەدان نەكراوەتەوە بە هۆی رێگری حەشدو سوپاوە بە بیانووی بوونی داعشەوە .
نا بێت ئەوەمان بیر بچێت كە كورد خۆی رۆڵێكی زۆری لە عەرەباندنی ئێستادا هەیەئێستا واتە لە دوای 2017ەوە تا ئەمڕۆ ، دەكرێ‌ رۆڵی كورد لەم خاڵانەدا كورتبكەینەوە :
یەكەم : نەگەڕانەوە ی كوردە هەڵاتوەكان بۆ كەركوك و بە جێهێشتنی لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە 
دووەم: سیاسەتی هەڵەی حزبە كوردیەكان دەرهەق بەو ناوچانە بە تایبەت نەگەڕانەوەی پارتی بە بیانووی داگیركاریەوە .
سێیەم : نەبوونی ماڵی زۆربەی بەرپرسەكان لەو ناوچانەو بوون و مانەوەیان لە هەولێرو سلێمانی ، ئەمەش وای كردووە خەڵكی دیكەش متمانەی بە مانەوە نەبێت ، بە تایبەت لە خورماتوو داقوق .
چوارەم : ئاوەدان نەكردنەوەی گوندەكان و نەپاراستنیان.
ئەم چوارە خاڵە هۆكارەكەی كوردە بۆ درێژە دان بە تەعریب .
لە راستیدا لە سەردەمی 2003 تا 2017ەش عەرەباندن هەر بەردەوام بوو، بەڵام بە شێوەی تر ، بۆنمونە  بەعسیەكان و عەرەبە سونە توند رەوەكان و نەقشبەندیەكان ودواتر داعش  لە سنوری قەزای حەویجە زیاتر لە 1100 خێزانی كوردیان دەركرد و زۆر كەسیشیان كوشت كە من لیستی تەواوی ئەو خێزانانەم لایە .
ئێستا عەرەباندن لە قۆناغێكی زۆر مەترسیداردایە ، بۆ نمونە لە ماوەی رابردوودا بە بیانووی كەركوكی بوون سەدان خێزانی عەرەب فۆڕم و شوێنی نیشتە جێبوونیان گوازراوەتەوە بۆ كەركوك ،هەڵبەت ئەمە بە شێوەیەكی یاسایی دەكرێت و هەندێكیان لە چوار چێوەی مادەی 140دا بەڕێوە دەچێت .
لە سنورەكانی دوبز ، سەرگەڕان ، داقوق ، خورماتوو ، لەیلان ، دەیان گوند بە بیانووی جۆراو جۆر یان چۆڵكراون ، یان بەرەو چۆڵبوون دەچن .لە بەرانبەردا عەرەب بە شێوازی جۆراو جۆر زەویەكانیان بە كار دێنێت .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی