كورد‌و هەڵبژاردنی پارێزگای كەركوك!

15/09/2019

موئمین زەڵمی


مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بەڕێوەدەچێت‌و لەئێستاشەوە كورد چاوی لەسەر ئەنجامی هەڵبژادنەكانی ئەو پارێزگایانەیە كەدەكەونە سنوری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بەتایبەت كەركوك، لەم سەروبەندەدا وەڵامی دوو پرسیار گرنگن، ئایا چ جۆرە مامەڵەیەك بۆ كەركوكییەكان گرنگە؟ كورد چۆن بتوانێت سەنگ‌و قورسایی خۆی بپارێزێت؟

لە دوای ریفراندۆمەوە ئەمە یەكەمین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگایە لەكەركوك بەڕێوەدەچێت، بۆیەش بەخوێندنەوەی واقیعەكە رەنگە ئاسانتر بتوانین وەڵامی پرسیارەكان وەربگرینەوە.

لە ماوەی ڕابردوو لەگەڵ نوێنەری بەشێك لەوڵاتانەی كاریگەری سیاسییان لەسەر بارودۆخی عێراق هەیە دیدارمان هەبووە‌و لەگەڵ زۆرینەی حزبە كوردستانییەكانیش بیروڕامان ئاڵوگۆڕ كردووە، لەژێر رۆشنایی ئەو كۆبوونەوە‌و گفتوگۆیانەشدا دەبێ ئاماژە بەوە بكەم كەدیموگرافیای كەركوك گۆڕانكاری بەسەرداهاتووە، بەگوێڕەی راپۆرتی گفتوگۆكان نزیكەی 400 هەزار كوردی دانیشتووی كەركوك ئەو شارەیان جێهێشتووە‌و لەشارەكانیتری هەرێمی كوردستان نیشتەجێن، لەبەرامبەریشدا عەرەب بەپلەی یەكەم‌و توركمانەكانیش رێژەیەكی بەرچاویان هاتوونەتە ناو شارەكەوە.

ئەگەر سەرنجێكی كورتی ڕابردووی دیكتاتۆرییەتی عێراق بدەین دەگەینە ئەو بڕوایەی كەتاكە بژاردە‌ بۆكاری سیاسی بەشداری هەڵبژاردنە‌و بەگرنگییەوە لەو پرۆسەیە دەڕوانین، بەڵام ئەزموونی ناتاندروستی ساختەكاریش دیسان هاندەرە كەبڵێین كەگرنگتر لەهەڵبژاردن، بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی پاكە كەوانە لەڕابردوو وەربگیردرێت‌و چیتر سومعەی پرۆسەكە بەهەڵبژاردنی ساختە لەكەدار نەكرێت.

لەگەڵ جەختكردنەوە لەسەر ئەوەی كەكەركوك كوردستانە، پێویستە چاومان لەسەر واقیعی كەركوك بێت، بۆیەش وەك چۆن لەسەروبەندی بریاری دادگای فیدراڵی عێراق بۆ درێژكردنەوەی كارپێكردن بەمادەی 140 باسم كرد، تاكە زامنی پاراستن‌و خزمەتی كەركوك جێبەجێكردنی بەندەكانی دەستوورە، ئێستاش پێم وایە كەباشترین رێگای مامەڵە لەگەڵ كەركوك مامەڵەی دەستووریە‌و تۆخكردنەوەی پێكەوەژیانی ئاشتیانەی دانیشتوانی كەركوكە.

كورد ئەزموونێكی سەركەوتووی لەگەڵ پێكەوەژیان هەیە‌و هەرێمی كوردستان باشترین نمونەی پێكەوەژیانی نەتەوە‌و ئایین‌و كەمایەتییەكانە بۆیەش بەو چاوەوە‌و بەو ئەزموونەوە كورد دەتوانێت پێگەیەكی بەهێز بۆ كەركوك دستەبەر بكات.

دوایی چەندین كۆبوونەوەی هێز‌و لایەنەكان خەریكە ڕایەكی گشتی لەسەر پێكهێنانی لیستێكی  هاوبەش بۆ كەركوك دێتەئاراوە‌و ئەمەش یەكێكە لەهەنگاوە پێویستەكان كەكورد گرتویەتیەبەر‌و ئێمە بەچاوی رێزەوە لەو هەنگاوانە دەڕوانین.

لە لایەكیترەوە باسوخواس لەسەر ئەوەی كەكەركوكییەكان چیان دەوێت‌و چی باشە بۆ ئەوان هاتۆتە ئاراوە، لەگەڵ ئەوەی تێبینی زۆر لەسەر حوكمڕانی پانزە ساڵی رابردووی كەركوك هەیە بەڵام هێشتاش ئەو پرسیارانە بێ وەڵامن كەبۆچی نەتوانراوە خزمەتێكی باشتری كەركوكییەكان بكرێت بەشێوەیەك كورد‌و پێكهاتەكانیتری كەركوكیش ئەو پانزە ساڵە وەك سەردەمی زێڕین سەیربكەن‌و دڵەڕاوكێی كەمبونەوەی سەنگ‌و قورسایی كورد نەبێتە خەمی هێزە سیاسییەكان.

پاش ئەم بەرچاوروونیانە بەدڵنیاییەوە كورد خاوەنی قورسایی خۆیەتی‌و كۆتاییهێنان یان بەلایەنی كەمەوە كەمكردنەوەی ناكۆكی نێوان هێزو لایەنە سیاسییەكان زامنی پاراستنی دەنگ‌و سەنگی كوردە لەو شارەدا، بۆیەش بەبڕوای ئێمە كورد بەپێكهێنانی لیستێكی نیشتیمانی كەكورد‌و نەتەوە‌و پێكهاتەكانیتریش كۆبكاتەوە دەتوانێت هەم بیسەلمێنیت كەپێكەوەژیانی كەركوك ستراتیجە‌و خەمە گەورەكە بۆ چۆنیەتی خزمەتی زیاتری كەركوكییەكانە‌و لەولاشەوە پارێزگارییە لەسەنگ‌و دەنگ‌و ڕەنگ‌و قورسایی كورد وەك پێكهاتەی یەكەم‌و سەرەكی كەركوك.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی