مه‌ركه‌زییه‌ت له‌حوكمڕانیدا به‌مانای كۆكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ره‌های بڕیادان له‌هه‌موو جومگه گرنگه‌كانی به‌ڕێوه‌بردندا له‌ده‌ستی ته‌نها كه‌سێكدا، ئه‌م شێوازه له‌ئیداره‌دان ته‌نها له‌وڵاتانی دواكه‌وتوودا هه‌یه و كه‌متر ده‌بینرێت له‌وڵاتانی پێشكه‌وتوودا په‌یڕه‌و بكرێت، هه‌موو ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی به‌ته‌نها له‌ده‌ستی كه‌سێكدا ده‌مێننه‌وه (مانه‌وه‌كه به كاتی بێت یان هه‌میشه‌یی)، ئه‌وه‌نده‌ی وڵات دووچاری قه‌یران و دۆخی ناجێگیر ده‌كات، هه‌رگیز هۆكارێكی گرنگ نابێت بۆ پێشكه‌وتن. گومانیش نییه هه‌موو ئیداره‌دانێك كه مه‌ركه‌زییه‌ت تیایدا باڵاده‌ست بێت، رۆتین له‌داموده‌زگاكانی حكومه‌تدا زیاد ده‌كات، به‌جۆرێك راییكردنی ئیشوكاری هاووڵاتیان ئه‌وه‌نده په‌یوه‌ست ده‌بێت به‌بڕیار و ره‌حمی تاكه كه‌سێك، هه‌رگیز به‌قورسایی ئه‌وه ئاسانكاریی تیادا به‌دی ناكرێت و وڵات به‌ره‌و قۆناغی داخراو و تاك جه‌مسه‌ری په‌لكێش ده‌كات. به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه، له‌هه‌ر وڵاتێكدا سیستمی لامه‌ركه‌زی په‌یڕه‌و كرا و ده‌سه‌ڵاته‌كانی حوكمداری به‌شێوه‌ی ئاسۆیی دابه‌شده‌بن و له‌بری ته‌نها شوێنێك كه (مه‌ركه‌زه)، شێوازی بڕیاردان گۆڕانكاریی تیادا ده‌كرێت و فره‌یی له راییكردنی ئیشوكار و ده‌سه‌ڵاته‌كانیشدا به‌دی ده‌كرێت. هه‌ر وڵاتێك پشتی به لامه‌ركه‌زیی ئیداریی به‌ست، بێگومان له‌هه‌نگاوه‌كانی رووه‌و سه‌ركه‌وتن و گه‌یشتن به‌كه‌ناری ئارامی نزیكتر ده‌بێته‌وه.
له‌ساڵانی رابردوودا، له‌هه‌رێمی كوردستان كه‌م تازۆرێك ئه‌م خواسته هه‌بووه، به‌ڵام له‌كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هێشتا بڕیار ته‌نها له‌مه‌ركه‌زه و هه‌وڵ نه‌دراوه بۆ دابه‌زاندنی بۆ ئاسته‌كانی تری خوار مه‌ركه‌زی سه‌ره‌كی بڕیار، ئه‌مه هه‌ر له‌ده‌ستپێكه‌وه یه‌كێ له‌و گرفته سه‌ره‌كییانه‌یه كه بۆ داهاتووش حكومه‌تی نوێ دووچاری ئاسته‌نگ ده‌كات و ئه‌گه‌ر له ده‌ستپێكیشه‌وه هه‌وڵ نه‌درێت له‌ڕێگه‌ی پێشنیار و پڕۆژه‌ی جددیه‌وه ئه‌م خواسته چاره‌سه‌ر بكرێت، بێگومان ئاسه‌واره‌كانی زیاتر ده‌رده‌كه‌ون و هه‌رێمیش له‌بری پێشكه‌وتنی زیاتر، به‌ره‌و نه‌هامه‌تی و تاك جه‌مسه‌ری هه‌نگاو ده‌نێت، كه ئه‌مه نه خواستی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك و نه خواستی ئه‌و لایه‌نانه‌شه كه به‌شداریی حكومه‌تی نوێی هه‌رێمیان كردووه.
هه‌موو ئه‌و بۆچوونانه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه بنیادنراون كه پێیانوایه كۆكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ته‌نها تاكه كه‌سێكدا خاڵی به‌هێزی حوكمدارییه، ئه‌وه‌نده‌ی وه‌ك بۆچوونێكی لایه‌ندار و بۆ ئامانجێكی دیاریكراوه و پڕ به باڵای ته‌نها كه‌سێكه، هه‌رگیز بۆ ئه‌وه نییه كه وڵات به‌ره‌و پێشه‌وه هه‌نگاو بنێت. له‌ڕاستیدا ره‌نگه كه‌سانێك بۆ شێواندنی رووی راسته‌قینه‌ی سیستمی لامه‌ركه‌زی و وه‌ك پته‌وكردنی پایه‌كانی مه‌ركه‌زییه‌ت پاساوی ئه‌وه بهێننه‌وه كه هێزه چه‌كداره‌كان و ده‌سه‌ڵاتی دارایی و زۆر پرسی تر له‌سیستمی لامه‌ركه‌زی به‌ره‌و په‌رتبوون و فره ده‌سه‌ڵاتی ده‌بات، به‌ڵام له‌واقیعدا ئه‌مه بۆ شێواندنی رووی راسته‌قینه و وێنه‌ی جوانی لامه‌ركه‌زییه‌ته، ئه‌گه‌رنا هیچ كه‌سێك كه ته‌نها خه‌مێكی بچووكی ئه‌م نیشتمانه‌شی هه‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نییه و كه‌سیش بانگه‌شه بۆ وه‌ها فره‌جه‌مسه‌رییه‌ك ناكات له‌به‌ڕێوه‌بردندا، چونكه لامه‌ركه‌زییه‌ت به‌ده‌ره له‌م شێوازی به‌ڕێوه‌بردنه و ئامانجی هه‌ره له‌پێشی لامه‌ركه‌زییه‌ت بۆ ئه‌وه‌یه كه دابه‌شكاریی له‌ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌بردن و خزمه‌تكردندا ره‌نگبداته‌وه. به‌مانایه‌كی تر، ئێمه پێمانوایه ده‌بێت له‌ده‌سه‌ڵاتی قه‌زاییدا دوای نه‌خشه‌ڕێی هه‌نگاوی گه‌وره، كار بۆ ئه‌وه بكرێت شێوازی به‌كرده‌ییكردنی هه‌نگاوه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای دابه‌شكاریی ده‌سه‌ڵات بێت، كه بێگومان به‌مه هه‌م هه‌نگاوه‌كان خێراتر و هه‌میش خزمه‌تگوزاری و راییكردنی ئیشوكاری ده‌وڵه‌تداری پڕ به‌رهه‌متر ده‌بێت.
ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و په‌نده كوردییه‌ش واقیعی ئێستای هه‌رێم پیشان بده‌ین، كه ده‌وترێت (مانگه‌شه‌و سه‌ر له‌ئێواره دیاره)، هیچ ئاسۆیه‌كی روون به‌دی ناكرێت تاوه‌كو له‌م حكومه‌ته‌دا (كابینه‌ی نۆیه‌م) لامه‌ركه‌زییه‌ت به‌شێكی گرنگی هه‌نگاوه جدییه‌كان بێت و ئه‌مه‌ش ئه‌ركی گرنگی هه‌موو ئه‌و لایه‌نه به‌شدارانه‌ی حكومه‌ته، كه هه‌ر له‌م ده‌ستپێكه‌وه ئه‌م هۆشدارییه بده‌ن، كه ناكرێت هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كان ته‌نها له‌مه‌ركه‌زدا قه‌تیس بكرێت.
هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی