یەکێتی و خەونی کۆنگرە

16/09/2019

هاورێ جەمال


 گومانی تێدا نیە ئەوەی کە حزبی سیاسی، نوێ دەکاتەوە، کۆنگرەیە ، لەپاڵ ھەندێک رێو شوێنی تر وەک چاکسازی ناوخۆیی و جێبەجێکردنی پەیڕەوی نێو خۆ.

 ئێستاش گەر لەواقعی کوردستان بڕوانین، حزبەکان ھەریەکەیان پرسی کۆنگرەی کردۆتە ئەو عەسا سحرییەی کە ئەندام و لایەنگرەکانیان ھیواو ئاواتی گەورەیان لەسەر ھەڵچنیوە، بەوەی کە کۆنگرەی حزبەکەیان دەتوانێ سەرلەنوێ خوێنی گەش و نوێ بەدەمارەکانی جەستەی حزبەکەیاندا بگەڕێنێ.

ھەرچی پەیوەستە بەیەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە، ئەم حزبە بەدرێژایی تەمەنی چل و چوار ساڵەی خۆی تائێستا سێ کۆنگرەی بەستووە کە ھیچ کام لەو کۆنگرانە لە زەمینەیەکی لەباری حزبی ئەنجامنەدراوون، لە کاتێکدا بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ ئەبێ ھەرسێ ساڵ جارێ کۆنگرە ببەستێ، واتە ئەزموونی ئەم حزبە لەگەڵ کۆنگرەو نوێبوونەوە ئەزموونێکی زەبوونە، جێگەی سەرسوڕمانە لە ئێستادا کادیرەکانی حزب کۆنگرەیان کردۆتە عەلاگەیەک و تەواوی کێشەکانی حزبەکەیان پێداھەڵواسیوە.

 ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی نیشتمانی ئەمڕۆ لە ھەموو رۆژێ زیاتر وەدیھێنانی خەونی سیاسی و حیزبیانەی خۆیان بەستۆتەوە بە بەستنی کۆنگرەی حزبەکەیان، ئەو دەنگانەی داوای بەستنی کۆنگرە دەکەن، دوابەدوای کۆچی دوایی مام جەلال، زیاتر بوون بە حوکمی ئەوەی لە ئێستادا یەکێتی رووبەڕووی گەورەترین کێشە بۆتەوە کە بریتیە لە غیابی مەرجەع لەناو ئەو حزبەدا .

 گەر بە چاوێکی نوقاویشەوە سەیری ململانێ و کێشەکانی ناوخۆی یەکێتی بکەین لەوە تێئەگەین کە ئەو حزبە گرفتاری چەندین کێشەی وەک تەکەتول و فرە مینبەری و باڵباڵێنی شەخسی و بنەماڵەییە، ئەمانە سەرەڕای ئەوەی ھەر خودی ئەو حزبە خۆی لەناو خۆیدا بووەتە چەندین بلۆکی ئابووری گەورەو گچکە کە مەحاڵە کۆنگرە سەرقاپی ھەموو ئەو تەنگژانە بنێتەوە.

 چونکە دواجار ئەوانەی تەحەکوم بەئەنجامەکانی کۆنگرەوە دەکەن ھەر ئەوانەن کە ئێستا لە مەوقعی بڕیاردان لەناو ئەم حزبە.

 خۆ ئەگەر ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی کە ھەڵپەی بەستنی کۆنگرەیانە، تمووحی ئەوەیان بێ کە سکرتێرێکی نوێ لەدوای مام جەلال بۆ حزبەکەیان ھەڵدەبژێرن، کە بەمەش کێشەی مەرجەع چارەسەردەکەن، ئەوا لەمەشا بەھەڵەدا چوون چونکە چەندین جار لەسەر زاری بەرپرسانی ئەو حزبەوە گوێ بیستی ئەوە بووین، ئەو ھەڤاڵەی کەدوای مام جەلال دەبێتە سکرتێری یەکێتی ھەمان دەسەڵاتی ئەوی نابێ، کە ئەمەش ئاماژەیەکی ناراستەوخۆیە کەسکرتێری داھاتوو بەقەدەر ئەوەی سکرتێرێکی رەمزییە ئەوەندە کاراکتەرێک نیە بۆ حەسم کردنی ناکۆی و ململانێکان.کە پێم وایە تەنھا کاراکتەرێکی خاوەن دەسەڵات لەرێی تەفویزی کۆنگرەوە،کە ئەمەش بۆخۆی مەحاڵە، بەھۆی ئەو ھۆکارانەی لە بونیادی ئەم حزبەدا ھەن و لەسەرەوە ئاماژەمان پێدان، دەنا ھیچ کاراکتەرێکی تر دادی پەرتەوازەیی ماڵە گەورەکە نادا. 

دەکرێ بڵێیین کۆنگرەی یەکێتی گەر ئەنجامیش بدرێ زیاتر قەبەکردنی پێکھاتەو رێکخستنی حزبی لێدەکەوێتەوە، بەنمونە زیادکردنی ئەندامانی سەرکردایەتی و ئەنجوومەنی ناوەندو مەکتەبی سیاسی کە ئەم زیادکردنەش لە ژێر ئاڕاستەی کوتلەکانی سەرەوەی ئەو حزبە نابێ دەرچێ بەشێوەیەک ھاوسەنگی ھێزیان لێ تێک بدا، کە پێموایە ھەر ئەوانەشن زیاتر ئەمڕۆ دەھۆڵی کۆنگرە دەکوتن تا لە رێگەیەوە لە پۆست و غەنیمەکانی حزب سوودمەندبن.

هاورێ جەمال

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە