چاكسازی چییەو چۆن دەكرێت؟

17/09/2019

لەتیف فاتیح فەرەج

من بڕوام بە چاكسازی نیە ، بڕوام پێنیە لەبەر ئەوەی هەر دەسەڵاتێك چاكسازی بكات ، ئەوە گۆڕ بۆ خۆی هەڵدەكەنێت ، هەر هێزو لایەنێكی ئۆپۆزسیۆن ، یان خۆش خەیاڵی سیاسی باوەڕی بە قسەی دەسەڵات هەبێت لە بارەی چاكسازیەوە ئەوە لە گەوجیەكی گەورەدا دەژێت ، كەس ئامادە نیە خوان و خۆشگوزەرانی خۆی بشێوێنێت بۆ ئەوەی دادگەری بێتە دی ، بەڵام ئەركی سیاسیەكان درۆكردنە ، درۆی چاكسازیش خۆشترین درۆیە كە هەژارەكان پێی خەنی دەبن ، یانباشترە بڵێم پێی بەنج دەبن ، كە شتێك بە مانای چاكسازی نیە ، ئەی چی بكرێت ، بە بڕوای من دەسەڵاتدارانی هەرێم دەبێت لەو راستیە بگەن چاكسازی بەوان ناكرێت ، ئەدی چی بكەن ، نازانمئەمە تاكوێ رێدەكات ، بەڵام باشترین بژاردە لە ئێستادا رێكەوتنە لەگەڵ بەغدا لانی كەم  بۆ ئەوەی  مافە خوراوەكانی خۆمانیان لێ وەربگرینەوە ، بۆ ئەمە حكومەتی كورد و دەسەڵاتدارەكانی كارێكی باش دەكەن روویان لە بەغدایە ، خۆ ئەمە چاكسازی نیەو رەنگە لەبنەڕەتا هۆیەك بێت بۆ ئەوەی تەمەنی ئەم نادادیە درێژتربكات ، بەڵام بۆ كەمكردنەوەی نادادادیش دەكرێت هەندێك هەنگاو بنرێت :

یەكەم هەنگاو دەبێت ئەو هەموو خانەنشینی پارلەمانتارو وەزیرو جێگر وەزیرو بەڕێوەبەرە گشتیە هەڵبوەشێتەوە ، یانرێكبخرێت و كەمبكرێتەوە ، خۆ ئەگەر ئەمە نەكرێت ، دەستبردن بۆ قوتی ئەوانی خوار تر جۆرێكە لە بێئاكاری ، ئەمەش ناكرێت لە بەر ئەوەی هەموو ئەوانە بە جۆێك لە جۆرەكان پارێزەری ئەم نادادیەن .

هەنگاوی دووەم رێكخستنەوەی فەرمانگەو وەزارەتەكانە ، لە نێو فەرمانگەو وەزارەتەكاندا فەوزاو كەڵەكە تڕێیەكی گەورە هەیە ، ئەمەش هەموو هەوڵێكی چاكسازی تەفرو تونا كردووە ، بڕوام وانیە حكومەت ئەمە بكات ، لەبەر ئەوەی دەستبردن بۆ ئەو كارەش دەستبردنە بۆ روخاندنی خۆی .

هەنگاوی سێیەم : رێكخستنەوەی خانەنشینی سەربازیە ، كەئەویش فەوزاو ناجۆری تیایە .

بە گژاچوونەوەی گەندەڵی پێویستی بە ئازایەتیە ، ئازایەتی بەومانایەی دەبێت بە گژ خۆتا بچیتەوە ، من بڕواناكەم ئەم دەسەڵاتە بڕیاری دابێت بە گژ خۆیدا بچێتەوە ، سەرەتایترین هەنگاوی بە گژ خۆدا چوونەوە ئەوەیە لانی كەمكەمكردنەوەی ئەو هەموو كەناڵە ئاسمانیە ژەهر رژێنەیە ، كە هەر یەكەیەیان بەرپرسێكی حزبی و جەنَتڵمانێك و بیرێكی نەوتیان لە پشتەوەیە ،چاكسازی ئەگەر نەیكەیت باسنەكردنی باشترە ، یانی كورت وكرمانج بەم ئاوەزەی ئێستاوە قسە كردن لەچاكسازی درۆیەكی شاخدارە.

سەردەمی فرەخودایی ، سەردەمی لە یەكنەگەیشتن و فریوی خوداكان بوو ، مرۆڤ بە گەڕانەوە بۆ ئاوەز ئەمەی چارەسەر كردوو بتەكان و خودا قەستینەكان هەموو لە ناوچوون ، لانی كەم لە زۆرشوێنی دونیا ، ئێستا لە كوردستان ئەم شێوازی فرە خوداییە بە جۆرێكی تر هەیە،بەڵام  هیچ خودایەك ، ناتوانێ بەوی تر بڵێت بووەستە .  

لەتیف فاتیح فەرەج 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی