کەرکوک و لیستی هاوبەش

19/09/2019

دانا رەشید

 

کاتێ دەوترێ شاری کەرکوک واتە هەموو ئەو ناوچە دابڕاوانەی لە نەخشەی هەرێمی کوردستان دایان بڕیوە ، بەڵام ئەمە هەموو کێشەکە نی یە ، بەڵکو کێشە گەورەکە لەوێدایە کەلە بیری ئێمەی کوردا دابڕێنراوە بەڵام لەسەر کاغەزو لە دەستوری نوێێ عیراق ناوی نراوە ( جێ ناکۆک ) جێ ناکۆک واتە لایەنی بەرامبەر هێندەی کورد خۆی بە خاوەنی دەزانێ ، لێرەوە ئیشکالیاتە گەورە سیاسیە ئاڵۆزەکەی کەرکوک دەردەکەوێ ، ئەویش مادەی ١٤٠ دەستورە کە بە پێی ئەو مادەیە هیچ لایەنێک بۆی نی یە خۆی بە خاوەنی کەرکوک و ناوچەی جێ ناکۆک بزانێ ، لە بنەرەتیشدا جەوهەری دروست کردنی ئەو مادەیە بۆ ئەم مەبەستەیە ، کە ئیدی بە دەستور حەلێکی ناونجی بۆ دۆزراوەتەوە ئەو حەلەش واتە نەمن خاوەنیم نە تۆ ، کێ وا دەڵێ بێ گومان مادەیەکی دەستوری وا دەڵێ ، لێرەدا ناکڕێ بڵێن ( میلەتی کورد ) خلیسکاوە بەڵکو (حیزب) ی کورد و سیاسەتی کورد هەڵخلیسکاوە ، سیاسەت واتە پرۆسەیەک بەرێوە بەری و لەوسەرەوە بە کۆڵێ دەستکەوتەوە بگەرێێتەوە ، ئایا حیزبی کوردی وای کردوە یان پرۆسەیەکی لە ناو بردوە و لەوسەرەوە بە کۆڵێ پارەوە پاشەکشەی کردوە، بەوەی کە بۆ خاتری کورسی پۆست و پلەو پایەو پارە نیوەی خاوەندارێتی هەم کەرکوک هەم تەواوی ئەو ناوچانەیان بۆ بەرامبەر فەرامۆش کرد کە ئێستە دەسەڵاتداری تەواوی ناوچەکانن ،
پرسیار لێرەدایە ، ئایا حیزبەکوردیەکان بە تایبەت یەکێتی و پارتی وەک دوو گەورە حیزب کە هەردوو زۆنی سەوز و زەردی هەرێمیان داگییر کردوە توانیویانە لە هەرێم سیاسەت بکەن یان تەنها ئیدارەیەکی تا رادەی دارزان بە گەندەڵی بەرێوە بردوە ؟ ئایا لە کەرکوک ئەم ساڵانەی پێش ریفراندۆم هەمان یەکێتی و پارتی خواستیان کەرکوک و ئەو ناوچانە بوو یان دەست بەسەردا گرتنی بیرە نەوتەکان ؟
بۆ وەڵامی یەکەم ئەوە سنوری دێگەڵەو چەند ساڵە پاشەکەوتی موچەو خراپی کوالیتی دەرمان و بازاڕ وەڵامدەرن ، بۆ وەڵامی دوەم دوای ریفراندۆم لێرەو لەوێ خودی کوردانی دانیشتوی شاری کەرکوک وەڵام دەرن کە بوونی دوو ئاسایشی یەکێتی و پارتی چ دەسکە گوڵێکی بۆ لە ئاو کردبوون ،
راستیەکەی ئێستەشی لەگەڵدا بێ لایەنی کوردی کە خۆی لە پارتی بنەماڵەی بارزانی و کۆمەڵێ حیزب دەبینێتەوە نەک هەر سیاسەت نازانن بەڵکو بەلاشیدا نەرۆیشتون ، بە پێچەوانەوە لایەنی دەسەڵاتی بەغداو حیزبە عرەبیەکان جا چ شیعە چ سونە سیاسەت دەکەن ئەگەرچی گەندەڵیش دەکەن ، بۆ نمونە
عمار حەکیم وەک کەسایەتیەکی سیاسی مەزهەبی شیعە هەرزوو وتی ( ئێمە لەگەڵ سیستەمی فیدراڵی نین لە عێراق) ئەگەر چی ئەم قسەیە هەر وا ئاسان نی یە واتە بە کردەوە هەرێمی کوردستان لە ژێر سیستەمی ( حوکمی زاتی) دایەو لێرەوە بیریش لەوە زیاتر نەکەنەوە وەلی کورد بێ ئاگا بوو ،
حنان فەتلاوی کەسێکی دیارو دەم درێژی ناو هۆڵی پەرلەمانی عیراق ، بە ئاشکرا وتی ( کە من کرامە سەرۆکی لیژنەی بە دواداچونی مادەی ١٤٠ ی دەستور ، بە کردەوە دەستی کورد بوونی ئەو ناوچانەم بڕی ، کە کورد خەونی ێوە نەبینن ) لێرەشدا کورد لە خەونی موچەی زۆرو خەڵات و بەرات ئەسڵەن گوێیان لەم قسانە نەبوو ،
محمود مەشهەدانی سەرۆکی پێشوی پەرلەمانی عیراق لە هەولێر بە دەنگی بەرز وتی ( دوای کۆتایی جەنگی جیهانی یەکەم هەموو ناوچەکان بوون بە دەوڵەت کورد نەبێ ئەویش بە ئیختیاری م خۆیا داخواز بوون لە ئامێزی برا عەرەبەکانیان بژین ) ئەمە هەر خراپترین سوکایەتی بوو بە میلەتێک بکرێ لەسەر ئەرزی خۆی بەڵام لەبەر پۆست و موچەو بەرات کەس گوێێ لێ نەبوو
ئەکرێ بڵێێن ئایا لایەنی کوردی وا ئێستە داخوازن بە بە لیستی هاوبەش بەشداری هەڵبژاردنی کەرکوک بکەن ، ئەی لە رابوردوودا لە کوێ بوون ، کورد دەڵێ ئەوەی بە بێوە ژنی دەیکەی بە کچێنی بتکردایە ،
رەنگە بەم حاڵەوە لایەنی کوردی ئەگەر راست بکەن بە لیستی هاوبەش بچنەوە بۆ کەرکوک یەک باشی هەبێ ،ئەوەش بە بێ هێزی و زەلیلانە دەتوانن مقەرەکانین دابنێەوە ئەمما ئیتر نە لەبەرچاوی هاوڵاتیان کورد رێزیان ماوە نە لە ئاست سیاسەتی ناوچەکەو نە ئەو دەستورو مادەی ١٤٠ یش ئەرزشی ماوە تا لەوێوە هاوڵاتی کورد فریو بدرێت .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی