کوردستانی رۆژئاوا پاروویەکی ئاسان نییە بۆ تورکیا

08/10/2019

رێبوار کەریم وەلی

گوایە ئەردۆغان دەیەوێ بە درێژایی ٥٠٠ کم و قوڵایی ٣٠ کم ناوچەیەکی ئارام لەناو خاکی سوریا واتا کوردستانی رۆژئاوا درووست بکات و بەوەش ھەم مەترسیی تیرۆر لەسەر دەوڵەتی تورکیا کەم بکاتەوە و، ھەمیش بە درووستکردنی شارگەلێک لەو ناوچەیەدا، دوو ملیۆن ئاوارەی سوریایی لەو شارانە نیشتەجێ بکات.
ئەو کردەوەیە بۆ تورکەکان وەکو داگیرکردنی عەفرین ناچێتەسەر، لەبەر چەندین ھۆکار.
١-رای گشتیی تورکیا بە ھیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوەدا نین کە وڵاتەکەیان لەوە زیاتر لە زەلکاوی سوریادا رۆبچێت و ئێستا خەڵکی تورکیا لەھەموو روویەکەوە و بەتایبەتیش ئابوری،مرۆیی و پەڕاوێزبوونی نێودەوڵەتی باجی سیاسەتە سەرەڕۆییەکانی ئاکەپە لە ھەمبەر سوریا دەدەنەوە.
٢- خەڵکی تورکیا باش دەزانن کە ئەوەی ئێستا، بۆ پەردەپۆشکردنی شکستی ئاکەپەیە لە ھەڵبژاردنەکان و، ئەو کردەوەیە وەکو دەرچەیەک بۆ دەربازبوون لە قەیرانی پەنابەرانی سوری لە تورکیا وێنا دەکات.
٣-تورکیا سەرباری رەزامەندیی ئەمریکا و ناڕەزایەتیی ئێران ئەگەر ئەو کارە بکات، دەبێتە داگیرکەر و پارچەکەری خاکی سوریا و، دوور نییە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دژی ئەو کردەوە تاکلایەنانەیە بوەستنەوە کە بە دڵنیاییەوە کارەساتی مرۆیی بەدواوە دەبێت.
٤- لەمەودوا وەک ئەمریکاش دەڵێ ئیدی بەرپرسیاریەتیی ئەو داعشانە و ژنو منداڵەکانیان کەبەھەزاران کەس دەخەمڵێن و لەژێر کۆنتڕۆڵی ھەسەدە دان، دەکەوێتە ئەستۆی تورکیا و ئەردۆغان.
٥- لە حاڵەتێکدا کە تورکیا بتوانێ ئەو رووبەرەش داگیر بکات و بۆشی بچێتە سەر، دیسان ھەردەبێتەوە بە دراوسێی ھەسەدە! ئینجا تورکیایەک کە قەرزەکانی خۆی لە نزیکەی ٥٠٠ ملیار دۆلار داوە، بەکام پارە شاری نیشتەجێبوون بۆ ٣ ملیۆن ئاوارەی سوریایی پێ درووست دەکرێت؟
٧- ئابوریی تورکیا بەرگەی ئەو شەڕە ناگرێت، ئەگەر درێژخایەن بێت و کورد بەرگری بکەن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی