پێنج هەنگاو و پێنج کردار

17/10/2019

شێرکۆ کرمانج


هەڵوێستی گەلی کوردستان هێشتان لە ئاست مەترسییەکان، خۆڕاگری شەڕڤانان، دوژمنکاری دەوڵەتی تورک، بێدەنگی دنیا، هەڕەشەکانی سەر بوونی کورد وەک گەلێک نیە. 

نەک هەر واچاکە بەڵکو ئەرکی خەڵکی کوردستانە بەتایبەتی لە باشور کە خۆپیشاندانەکانی سبەی سلێمانی بکەن بە خاڵی وەرچەرخان چونکە ئەو هەڵوێست‌و خەمخۆرییە گشتییەی کە ئێستا هەیەو هەستی پێدەکرێت وەک پێویست نەکراوە بە کردار. پرسیار لێرە ئەوەیە کە هەندێک لەو بیرۆکانە چین کە بێ دواخستن دەبێت ئیشیان لەسەر بکرێت‌و بکرێن بە کردار‌.

گەلی کوردستان لەم قۆناغە دەیان کارت‌و ئامرازی بەدەستە کە پێنج دانەیان لەوانەیە یەکلاکەرەوە بن، ئەوە بەو مانایە نیە ئەوانی دیکە گرنگ نین. 

ئامرازی یەکەم: خۆپیشاندان‌و گردبوونەوەی بەرفراوان بە بەشداری تەواوی خەڵکی کوردستان، وەک ئەوەی بڕیارە لە سلێمانی لە ڕۆژی هەینی بکرێت. لە هەولێرو دهۆکیش هەمان شت دەبێت سازبکرێت‌و خەڵکی شارو شارۆچکەو گوندەکانییش تێیدا بەشدار بن. لە گردبوونەوە جەماوەرییەکانی سلێمانی‌و هەولێرو دهۆک دوای خرۆشاندنی جەماوەر دەبێت بڕیاری وەگەڕخستنی ئامرازی دووەم بدرێت.

ئامرازی دووەم، پیادەڕەوییەکی ملیۆنی، هاوشێوەی پیادەڕەوییەکەی گاندی ساڵی ١٩٣٠ کە بە ٨٠ کەس دەستیان پێکردو نزیکەی ٤٠٠ کیلۆمەتر بە پێیان ڕۆیشتن (لە کوردستان واچاکە بە ئۆتۆمبێل خەڵکەکە بڕۆن تا دەگەنە نزیک سنور لەوێوە بە پیادەڕەوی). واچاکە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بەشدار بن‌. مەبەست لە پیادەڕەوییەکە نیشاندانی هاوپشتییە‌ لە خەڵکی ڕۆژاڤاو دروستکردنی قەڵغانێکی مرۆییە لەلایەک‌، لەگەڵ گەیاندنی پەیامێک بەگوێی دنیا کە ئەوەی لە ڕۆژاڤا دەگوزەرێت هەوڵێکە بۆ جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان لەلایەن ڕژێمی فاشستی-شۆڤینیستی-ئیسلامی تورک، لەلایەکی دیکە.

ئامرازی سێیەم: کوردستانیانی تاراوگە بە ئیزافەی درێژەدان بە خۆپیشاندانەکانیان لە پایتەخت‌و شارە دیارەکانی ئەوڕوپاو ئەمریکاو ئوسترالیاو کەندا هەوڵبدەن خەڵکی ئەو وڵاتانەش بێننە ڕیزەکانی خۆیانەوە لە شوێنە گشتییەکانداو مانگرتنی گشتیی (sit in) ئەنجامبدەن‌. لە پاڵئەمە کوردستانیانی تاراوگە گروپی لۆبی دروستبکەن‌و سەردانی سەرۆک‌و سەرۆکوەزیران‌و ئەندام پەرلەمانەکانی ئەو وڵاتانە بکەن کە لێی نیشتەجێن‌و داوای کردەی یەکسەرە بکەن نەک تەنیا بەیان دەرکردن. 

ئامرازی چوارەم: هاوتای ئەم هەوڵ‌و جوڵە ناوخۆیی‌و دەرەکیانە، پێویستە دەستبەجێ شاندێکی دیپلۆماسی کە نوێنەرایەتی حکومەت‌و پەرلەمانی کوردستان‌و حیزبە سیاسیەکان‌و کۆمەڵگەی مەدەنی کوردستان لە بەرزترین ئاستدا بکات پێکبهێنرێت بۆ سەردانی پایتەختە گرنگەکانی دنیا.

ئامرازی پێنجەم، بایکۆتی کاڵای تورکی کە هەر ئێستا لە کوردستان دەستیپێکردوەو کاریگەرییەکانیشی هەم لەسەر کاڵای تورکی داناوە هەم لەسەر دروستبوونی کردارێکی گشتیی بۆ خەمێکی گشتیی. کوردستانیان دەبێت ئەم کردارە وەک هەڵوێستێک یان کردارێکی کاتیی وەرنەگرن بەڵکو بایکۆتی کاڵای تورکی دەبێت بەردەوام بێت تا ئەو ڕۆژەی تورکیا دەست لە دەستدرێژییەکانی بۆ سەر کوردستانیانی ڕۆژاڤاو هەڵدەگرێت‌و بنکەو بارەگا سەربازییەکانیشی لە باشور چۆڵدەکات‌و دەکێشێتەوە.

ئەمانە پێنج هەنگاو و پێنج ئامرازی گرنگن ئەمڕۆ بەکردار بەکارنەهێنرێن‌و جێبەجێ نەکرێن نەک هەر شەڕڤانانی ڕۆژاڤا بگرە ژن‌و منداڵی کوردستانیان لەدوورترین قوژبنی ئەم کوردستانە ژیانیان لە مەترسیدایە. ئەمڕۆ بێدەنگ بیت سبەی کاتی پەشیمان بوونەوەشت نابێت.


شێرکۆ کرمانج

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە