با چاوەڕێی ئەنجامی دانوستانەکان بین

18/10/2019

هێرش عەبدولرەحمان


بە خوێندنەوە بۆ ھەردوو کۆنگرە رۆژنامەنووسییەکەی مایک پێنس و وەزیری دەرەوەی تورکیا، کۆبوەنەوەکان بە دڵی ھەردوولا نییە بەڵام ئەوەی لە ئێستادا گرنگە راگرتنی شەڕەکەیە، جارێ وردەکاری رێکەوتنەکە دەکەویتە دانوستانەکانی نێوان تورکیا و رۆژئاوا بە چاودێری ئەمریکا، لە ھەموو حاڵەتێکدا سزاکانی کۆنگرس و ئەنجومەنی پیران ئامادەیە جێبەجێ بکرێت ئەگەر تورکیا مل نەدات و داواکاریەکانی زۆر بێت، ئەوەی لای رای گشتی ئەمریکا بە تایبەت ئەنجومەنی پیران و کۆنگرس گرنگە ئەوەیە کورد نابیت دۆراو بێت، دەبێت پارێزراو بێت و ئەوان ئامادەن رووبەرووی تورکیا ببنەوە لەم پێناوەدا، بەو واتایەی جارێ شتی دیکە ماوە، ھەمووی بەندە بە ئەنجامی کۆتایی دانوستانەکان.

رێکەوتنەکە بەم شێوەیە کە تورکیا دەبێت پاشەکشە بکات ئەمە مەرجی کۆنگرس و ئەنجومەنی پیرانە، بەڵام دوو حاڵەت ھەیە لە رابردوودا روویداوە لەگەڵ ئەوەی ئێستا یەک دەگریتەوە

لە رابردوودا کاتێک کە بنکە سەرەکییەکانی پەکەکە لە سوریا بوو بەردەوام تورکیا و سوریا کێشەیان ھەبوو لەسەر پشتگیری ئەسەد بۆ پەکەکە، کار گەیشتە ئەوەی تورکیا ھێرشی سەربازی بکات بە قولایی ٣٠ کیلۆمەتر، دواجار رێکەوتنی ئەدەنەی لێکەوتەوە، ئەسەد رازی بوو لە ھەر حاڵەتیکی وەک ئێستا تورکیا دەتوانێت ئەو سنورە ببەزێنت و بیکاتە پشتێنی ئەمنی.

کاتێک ھەرێمی کوردستان دروست بوو ئەو کات تورکیا بە ھەمان شێوە داوای پشتێنیکی ئەمنی کرد لەناو ھەریێم ئەو ھێزانەی ئێستا لە ناوچەی بادینان و زۆنی پارتی ھەن زۆربەیان ھی ئەو کاتەن تا ئەمرۆکەش بەردەوامن و زیاتریش ھاتونەتە ناوەوە زۆر لەو پشتێنە ئەمنییەی زۆرترە کە ئێستا تورکیا لە رۆژئاوا داوای دەکات.

ھەموومان خەمی رۆژئاوامانە بەڵام من دڵنیام ئەوان دەزانن چی دەکەن، ئەوان ٩ رۆژە بەرگەی ھێزەکیان گرتوە کە ھەرچی چەکی ناتۆیە لەبەر دەستیەتی، تورکیا دەیەوێت وا نیشانی بدات کە سەرکەوتوو بووە لەو شەردا بەڵام لە ترسی سزاکان سازشی کردوە، جارێ نە ھیچی دەستکەوتوە، نە براوە بووە دەبێت بچێتەوە سنوری خۆی کە پێشوو لێی بووە تا کاتی دانیشتنی سێ قۆڵی. خەڵکی خۆمان پێش رووداوەکان دەکەون، من گەشبینم ئەو ھەموو یاسایە لە بەرامبەریدا قووت کراوەتەوە و دەچێتە بواری جێ بەجێکردنەوە ئەگەر تورکیا سور بێت لەسەر شەڕکردن لەگەڵ رۆژئاوا.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی