کۆتایی ئەردۆغان نزیکە

18/10/2019

رێبوار کەریم وەلی


رەنگبێ لە مێژووی نزیک بە سەدساڵی کۆماری نوێی تورکیادا، ھیچ سەرۆکێک بەقەدەر ئەردۆغان لە لایەن گەورە ھاوپەیمانییەوە بەو راددەیە سوکایەتیی پێ نەکرابێت. قەتیش و تەنانەت لە کاتی داگیرکردنی باکوری قوبرس لە سەردەمی ئەجەویددا، یان رووداوی توورەگە لەسەرکردنی ئەفسەرانی تورک لە سلێمانی، ئاستی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا بەو خەراپییەی ئێستا نەبووە.
ترەمپ ئەردۆغانی خستۆتەی تەختەی ھەدەفی مێدیا و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا و، خۆی لە بەزمی ئۆکرانیا و سکانداڵی پەیوەست بەو بابەتەوە رزگار کردووە. لەناوخۆی تورکیاش جگە لە میدیای چەواشەکاری دەسەڵات کەس بڕوای بەوە نییە کە ئەردۆغان جگە لە رزگارکردنی خۆی و حزبەکەی ھیچ نییەتێکی دیکەی ھەبێت. رەنگبێ زۆر کەس بپرسێ بۆچی حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن کە کوردیش بەشێکە لەو بەرەیەی دژی ئەردۆغان دەنگیان بە لەشکرکێشی دا؟ راستییەکەی ئەوان باش دەیانزانی کە ئامانجی ئەردۆغان چییە و پێ دەنێتە چ زەلکاوێکەوە! بۆیە باش دەزانن ئەگەر ئەردۆغان نەک رۆژئاوا، بگرە ھەموو سوریاشی پێ داگیر بکرێت، جگە لە گۆشەگیریی زیاتری نێودەوڵەتی و سفر بوونی میسداقیەتی ناوخۆیی ھیچی چنگ ناکەوێ.
ئەردۆغان وەکو ھەموو دیکتاتۆرێکی دیکە لە کۆتایی خۆی نزیک دەبێتەوە. زۆری نەماوە، بەڵام پێناچێ دەستبەرداربوونی لە دەسەڵات وا بە ئاسانی بێت. بەپێی ھەمواری دەستووریی ٢٠١٦ رەنگبێ نەتواندرێ دوای لاچوونی دادگایی بکرێت، بەڵام بڕوا ناکەم ئەردۆغان بێ خوێنڕشتن دەسبەرداری کورسی و کۆشکەکەی بێت.
کورد دەبێ لە ئێستاوە خۆیان بۆ قۆناغی دوای ئەردۆغان ئامادە بکەن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی