بایكۆت

22/10/2019

ئەژین عەبدولخالق

مێژووی بایكۆت زیاتر لە سەدەونیوێكەو ، كەم تا زۆر كاریگەری و دەرەنجامی جیاوازی لێ كەوتۆتەوە. چەمكی بایكۆت لە ئەرلەندا لە دایكدەبێت بەهۆی كێشە و دۆخی سیاسی ئەوسای ناوچەكە، وڵاتان چەندینجار ڕووبەڕووی بایكۆتی ئابووری، سیاسی، ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن هاتون.

لە مێژووی ئەوروپادا بایكۆتی شەرابی فەڕەنسی تا ئێستاش وەكو نموونە دەهێنرێتەوەو باس دەكرێ. ئەمریكا بایكۆتی كاڵای بەریتانی كردووە چەندینجار. یەهودیەكان دژی نازیەكانی ئەڵمانیا و بایكۆتی كاڵای ئەڵمانیان كرد.

ئەمڕۆ لە دونیادا و بە تایبەت لە ووڵاتانی وشیار و مۆدێرن، لەبەرنەكردن وبایكۆتكردنی ئەو كاڵایانەی زەرەر بە ژینگە دەگەێنێت و لە پێست و تووكی ئاژەڵ درستدەكرێت، جۆرێكە لە مۆڕاڵی كۆمەڵایەتی. واتا جۆرێكە لە نیشاندانی مۆڕاڵ بەرانبەر بە ژینگە و ئاژەڵ گەر جلەكانت لە قوماش و سوف و لۆكەی سادە دروستكرابن و زەرەریان بە ژینگە نەگەیاندبێ.

هەندێك لە گەنجانی ئەوروپا ساڵەهایە بایكۆتی كاڵای چینی دەكەن، ئەو كاڵایانەی لە كارگەگانی چین كرێكاری پێ دەچەوسێتەوە. واتە بازرگانە ئەوروپیەكان كاڵاكان بە مواسفات و ویستی خۆیان لە كارگەكانی چین بەرهەمدێنن بۆ ئەوەی خەرجی كەمتریتێبچێت و سەرەنجام كرێكارە چینیەكان بە پارەێكی كەم بەرهەمی دێنن و خاوەن كارگەكانیش قازانجێكی زۆر بەمە دەكەن.

كورد بە درێژایی مێژووی خۆی مۆدێرینترین و عاقڵانیترین شۆڕشی، ئەمەی ئێستایە باكۆتی كاڵای ووڵاتێك كە بە قازانجەكەی دەمانسوتێنێ و تۆپبرانمان دەكا.

نازانم كە شۆڕشی بایكۆتی كاڵای توركی دەستی پێكرد چەندە بیر لەم خاڵە جدیانە كرایتەوە، كە گرنگ بوو ساڵانێكی زۆرە حكومەتی هەرێم بیری لێكردبوایەتەوە.

٭بەگڕخستنەوەی كارگە خۆماڵیەكان
٭سوود وەرگرتن لە بەروبومی ناوخۆ
٭كەمكردنەوەی ڕێژەی بێكاری
٭پشت بەستن بە بەرهەمی ناوخۆ و بە هێزبوونی كایەی ئابووری لەم هەرێمە
٭بوژانەوی ئابووری و بەرزكردنەوەی ئابووری ووڵات
چەندین خاڵیتری زۆر جدی كە كاری ئابوریناسەكانە، بۆ هاوڵاتیانی ڕونبكەنەوە.

خاڵێكیتر كە زۆر گرنگەو هیوادارم، بەم زوانە دەستپێبكات بایكۆتكردنی ڕاگەیاندنی توركیە، بە تایبەت زنجیرەی تەلەفزیۆنی، ئەوەی كورد بە هەڵە پێی دەڵێ دراما.

خەڵكی كوردستانی باشوور خەڵكێكی سەڕافە، واتە پارەێكی خەیاڵی بە هەدەر دەدات. ئەم بایكۆتە وادەكات گەرەترین داهات بۆ هەرێم دابینبكرێ.

ساڵی 2007 بە گوێرەی ئامارێك سەدا چلی ٪٤۰ داهاتی سوریا لەسەر خەڵكی عێڕاق بوو، واتە سوریا لە ڕێگای فرۆشتنی كاڵای خۆی بە عێڕاق، سەدا چلی ئابووری وڵاتی خۆی دابینكردووە.

ئەی ئێستای توركیا، دەبێ ئابووری توركیا سەدا چەندی پارەی گیرفانی ئێمەبێت. لەوەیە پارەی یەك زنجیرەی توركی، سەد كوردی پێ بكوژرێ.

من پێموایە ئەم بایكۆتە جوانترین سەرەتایە بۆ پشت بە خۆ بەستن و دانانی پاشخانێكی ئابووری بەهێز.

دیوێكیتری ئەم بایكۆتە بە هێزكردنی دیوێكی لەناوچوی كلتوری كوردیە. بایكۆت بەردەوام بێت ئاشەكان دەكەونەوە كار و ئاشەوانەكان واز لە پۆلیسی دێنن و بە جێگای ساواری توركی ساواری كوردی دەهاڕن. نانكردن دەبێتەوە مۆدێل لە ماڵەكان. هەرەوەزی و دروستكردنی دۆشاوی تەماتەو وشكرنەوەو هەڵگرتنی سەوزەو میوە لە وەرزەكان دەبێتەوە باو.

ئەژین عەبدولخالق

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی