فەیسبووك چۆن ژیانی گۆڕیوین؟

09/11/2019

فەرمان عەبدولرەحمان

ئەوكاتەی نەنكی هاوڕێیەكم بووە خاوەنی ئەكاونتی تایبەت بە خۆی لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، ئیدی تێگەیشتم ئەم جیهانە وەحشەتناكەی “دنیای گریمانەیی” تا دێت كەسانی دی بۆ نێو كوچە ئاڵۆزو تەلیسماویەكانی خۆی كەمەندكێش دەكات. پێشبینی دەكرێت ساڵی ٢٠٢٠ ژمارەی بەكاربەرانی فەیسبوك بگاتە ٣ ملیار كەس، كە ئەوەش دەبێتە یەكەم تۆڕی كۆمەڵایەتی كە خاوەنی ئەو ژمارە زۆرەی بەكاربەربێت لە جیهاندا.

فەیسبوك تەنها نەبۆتە مینبەرێك بۆ گوزارشتكردن لە ئایدیا جیاوازەكان و دواتر بەهێزكردنی بەهاكانی ئازادی و دیموكراتی وەكو پێنجشەمەی رابردوو مارك زوكەربێرگی خاوەنی فەیسبوك لە زانكۆی جۆرج تاون ئاماژەی پێدا، بەڵكو فەیسبوك بۆتە جیهانێكی ترسناك كە زۆرجار هەم راستی تێدا دەبێتە قوربانی هەمیش پاڵەوانی ساختە هەڵدەتۆقێنێت، ئەمە جگە لەوەی ئەو جیهانە گریمانەییەی لە نێو فەیسبوكدا دەگوزەرێ، هەستێكی وەها لای مرۆڤ بەرجەستە دەكات كە ئیكتیفا بكات بە پراكتیك كردنی نەریت و پرەنسیپە جوانەكان تەنها لە نێو ئەم جیهانە گریمانەییەدا بێ ئەوەی واقیعی راستەقینە بایەخێكی بمێنێ لەلای.

بۆ نمونە بەكاربەری فەیسبوك وتەو هەستی جوان پۆست دەكات بۆ دایكی یان بۆ خۆشەویستانی، واز لەوە بێنە كە هەستەكەی هەڵقوڵاوی ناخی خۆی نیەو كۆپی پەیستی شوێنانی دیكەیە، هاوكات ئەو شعورەشی لەلا گەڵاڵە دەبێت كە مادام لە فەیسبوك ئەو خۆشەویستیەی دەربڕیوە ئیدی پێویست ناكات لە واقیعدا بە فیعلی دەریبڕێت. ئەمە بۆ شتەكانی دیكەش هەر راستە، مادەم لە فەیسبوك هەڵوێستی خۆی لەبارەی هێرشی توركیا بۆ رۆژاڤا دەربڕێوە ئیدی پێویست نەكات لە واقیعدا بڕژێتە سەرشەقامەكان و بەشداری ناڕەزایەتیە جەماوەریەكان بكات. مەسەلەكە وای لێهاتووە لەمڕۆدا مرۆڤەكان هێندە گرنگی بەو ژیانە گریمانەییە دەدەن كە لە نێو فەیسبوكدا بونی هەیە، نێو هێندە بگرە كەمتریش ژیانی راستەقینەیان بیرنەماوە.

لە نێو فەیسبوكی كوردیدا هیچ شتێك هێندەی بابەتە سۆفستایی و پۆپۆلیستیەكان بازاڕیان گەرم نیە، لایك و كۆمێنت ئێستا بونەتە بەهای كاریگەر لە ژیانی خەڵكدا، كردن و نەكردنیان لێكەوتی جیاواز دروست دەكەن، پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكان ساردو گەرم دەكەنەوە، چەندان دەناسم پەیوەندی نێوانیان لەسەر لایك و كۆمێنت ساردوسڕ بونەتەوە لەكاتێكدا پێشتر بێ كێشە بوون. لەمانە ترسناكتر ئەو رووداوانەیە كە ژیانە گریمانەییەكەی فەیسبوك هێڵە گشتی و چوارچێوە سەرەكیەكانی دادەڕێژێت، چی لەوە ترسناكترە راستی و رووداوەكان بۆ خاتری لایك و كۆمێنت ئاوەژوو بكەیتەوەو ئاڕاستەی دیكەی پێ ببەخشی، بێ گوێدانە ئەوەی كە لێكەوتی ئەوە چی دەبێت لەسەر واقیعی راستەقینە. بە كوردیەكەی ئەوەی لە فەیسبوكدا دەگوزەرێ بەرجەستە بونێكی ئاشكرای ئەو گوزارەیەی ئیرێش فرێدی شاعیری ئەڵمانیایە كاتێك وتی “منداڵەكان بە گاڵتەوە بەردیان لە بۆقەكان دەگرت، بەڵام بۆقەكان بە ڕاستی دەمردن”.

تەنانەت ئێستا وای لێهاتووە پارتە سیاسیەكانیش بە فەیسبوك ئیكتیفایانكردووە، میدیاو بەیاننامەو خۆپیشاندان و بایكۆتی كاڵای توركی و پشتیوانی رۆژاڤاو پرسەو هەواڵپرسین و یەكتربینین هەموو شتێك لە نێو ژیانی گریمانەیی فەیسبوكدا بازاڕیان گەرمترە، پێ دەچێ خەڵك ژیانی راستەقینەیان فەرامۆش كردبێ، بۆ نا ؟ هیچ لەوە ئاسانتر نیە لە ژیانی گریمانەیی فەیسبوكدا بژیت و چێژ وەربگری چونكە تەنها گوتارو گفتارت پێویستەو پێویستت بە هیچ كردارێك نیە، كردار لەوێ فلسێك ناكات. لە واقیعدا دڵرەق بە، بێ بەزەیی بە، مایەی بێزاری دەوروبەرت بە، بەڵام كاتێك هاتیتە ژیانی گریمانەیی فەیسبوك پۆستێكی جوان لەسەر جوانی، لەسەر مرۆڤایەتی بكەو بە بەها باڵاكاندا هەڵبدە، هەم ویژدانت ئاسودە دەكات هەمیش پاكت دەكاتەوە لەو ئازارانەی ویژدان كە واقیع بۆی دروستكردووی..

هەر ئەمەیە كە رۆژنامەنوس لاورا پۆتەر فەیسبوك بە یەكێك لە “كۆڵانە تاریكەكانی دۆزەخ” وەسف دەكات.



ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی