کوردی ڕەگەزنەویست لە خزمەت تورکی ڕەگەزپەرستدا

15/11/2019

دلێر محەمەد نووری

دلێر محەمەد نووری

ئەو کەسەی بە کوردی و لە دایک و باوکێکی کوردپەروەر لە دایک دەبێت و گەشە ئەکات، گیانی کوردپەروەریشی تیادا نەشونما ئەکات و کاریگەری و کارتێکردنەکانیشی وردە وردە تیادا کۆدەبێتەوە و دەردەکەوێت. قۆناغی دووەمی گەشەکردن و بنیاتنانی هزر و بیری مرۆڤ لە نێو ژینگەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی دەرەوەی خێزان لە پەرستگاکان و قوتابخانە پەروەردەییەکاندا گەشە دەکەن. هەرچەندە بە هۆی پێشکەوتنی دونیای ئینتەرنێتیش ژینگەیەکی دیکە پەیدابووە بۆ ئاراستەکردنی هزر و بیری مرۆڤەکان کە لە ڕێگەی ئامێری مۆبایل و لاپتۆپی نێو باخەڵ و جانتای دەستیمان خەریکە کاریگەرییەکانی لە سەر نوێ نەوەی ئێستا و نەوەی داهاتوومان ڕەنگدەدەنەوە.

 

هەڵبەتە لە نێو ئەم سێ ژینگە و سێ قوتابخانەیەدا خێزان و پەروەردە و پەرستگا ئەوەی کاریگەرترە و هێزی ڕاکێشانی زیاترە و هەر تاکێک لە ئێمە خۆی تیا بدۆزێتەوە، ئەو ژینگەیە دەبێتە بنیاتی و ئاراستەی ئەکات. بەڵام پرسیاری گرنگ بۆ ئێمە ئەوەیە، چۆن وا بکەین تاکی کورد بەدەر لە بەرژەوەندی فکری بتوانێت بەرژەوەندی نەتەوەیی بپارێزێت و کار بۆ سەرخستنی بکات وەکو هەر بەرژەوەندییەکی کەسی ڕووتی خۆی تەماشای بکات؟ ئارامی و ئاسایشی خۆی لە پاراستنی خاکی کوردستان و نەتەوەی کورد و بەها کوردییەکان ببینێتەوە، وەک ئەوەی لە چەند هەفتەی ڕابردوو لە لای زۆربەی ڕەهای کوردی هەموو جیهان ڕەنگیدایەوە.

 

ئاشکرایە کورد و فارس دووان بوون لەو نەتەوانەی کە پێش هەر نەتەوەیەکی دیکە بەر شاڵاوی بە ئیسلامبوون کەوتن و دواتریش دوای پەیدابوونی تورکیش لەم ناوچەیە بە ڕێگەیەک لە ڕێگەکان ئیسلامیان لە باوەش گرت کە جێگەی باسی ئێمە نییە لێرەدا. ئەوەی مەبەستە بەیانی بکەین جیاوازی سایکۆلۆژی نێوان ئەم سێ نەتەوەیەیە لە لەباوەشکردنە فکر و ئایینی تازەدا، بۆچی بە تەنها کوردە بە تەواوی ئەکەوێتە نێو هەژموونی ئەو فکر و باوەڕە نوێیەوە؟! ...بە جۆرێک تەواوی هەست و بیری نەتەوەیی خۆی دەکاتە قوربانی بیر یان باوەڕی بۆهاتوو و پشتکردنە باوەڕی نەتەوەیی باو وباپیران! لە بری ئەوەی وەکو فارس و تورک بە پێچوانەوە هزری خاک و نەتەوە لە لایان جێگیرە، ئەوەی دەگۆڕێت بیر و باوەڕەکانە کە هیچ کات جێگە بە بیرو هزری نەتەوەیی لەق ناکەن، یان ناچنە خزمەتکردنی.

 

مێژووی فارس و تورک هەتا ئەمڕۆش نیشانمان دەدەن چۆن ئیسلامیان وەبەرهێناوە بۆ خزمەتی نەتەوە و خاکی خۆیان. فارس و تورک تەنانەت شەڕی کوردیش بە ئایینی ئیسلام دەکەن کاتێ تۆمەتی کافر بوونی و تیرۆریستی دەدەنە پاڵ وەک ئەوەی خومەینی لە سەرەتای ۱۹۸۰ و سەددام لە ۱۹۸۸ و ئەردۆگان لە ئێستادا دەیکات. لە لایەکی دیکەش شەڕی خۆیان لە گەڵ ئەوانی دیکەش بە کورد دەکەن وەلی ئەمجارەیان بە ناوی برای دینییەوە وەک ئەوەی لە لایەن سەفەوییەکان و عوسمانییەکان بە کوردییان کرد و زۆر نموونەی دیکەی مێژوویی هەن کە عەرەب بە ناوی برای دینییەوە کوردی بەکارهێناوە هەر لە سەلاحەدینی ئەیوبییەوە تا دەگاتە بەشداری کورد لە شەڕەکانی فەلەستین دژ بە جوولەکە.

 

لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا دەبینین بەشە ئیسلامییەکەی کوردیش هیچ عیبرەت و پەندێکی لە مێژوو وەرنەگرتووە و بەڕاست و چەپدا یارمەتی برا دینییە تورکی و عەرەبی و فارسییەکەی دەدات دژ بە بە برا نەتەوەییەکەی خۆی. ئەمە ئەو تایبەتمەندییە کوردییەیە کە پێویستی بە هەڵوێستەکردن و لێکۆڵینەوەی گەورەی سایکۆلۆژی و فەلسەفی هەیە. بۆ وەڵامدانەوەی ئەوەی کە داخۆ بۆ چی تاکی کورد کاتێک بەرگی بیر یان باوەڕێکی نوێ دەپۆشی خۆی بە تەواوی لە بیر و هەستی نەتەوەیی دادەماڵێت؟! بەدەر لەوەی لە هەموو ئەو نەتەوانەی چواردەوری زیاتر پێویستی بە پۆشینی ئەم بەرگی نەتەوەییە. ئەوەی لەم ساڵانەی دوایی و لە ڕێگی گێڕانەوەکان و لە ڕوو بە ڕووبوونەوەکاندا چ لە کوردستان و چ لە موسڵمانە عەرەب و تورک و فارسەکان لە ناوخۆ و لە هەندەراندا، سەلمێنەری هەموو ئەو ڕاستییانەن کە باسمان لێوە کردن لە بارەی ڕەگەزپەرستی ئەوانی دیکە و ڕەگەزنەویستی کورد لە ئاست کێشە سیاسی و ئایدیاکانی لە گەڵ ئەوانی دیکەدا.

 

لەم سیاقەدا دوو گێڕانەوەی تورکی سەیرم بەر گوێ کەوتووە کە تا چ ڕادەیەک تورکەکان بەو گیانە ڕەگەزپەرستییە دژ بە کورد پەروەردە دەکرێن و دەبنە بنەمایەکی نەگۆڕ و وەک یەک ئەندازە لە گیانی هەر تاکێکییاندا جا لەم سەری چەپیانەوە تا ئەو سەری ڕاستیان هەر بە هەمان عەقڵییەت وەکو یەک بیر دەکەنەو. هاوڕێیەک بۆی گێڕامەوە کە لەم ڕۆژانەی پێشوو خۆی لە تورکێک(کە ئاڵایەکی بچووکی تورکی بە سنگەوە بووە )کردبوو بە عەرەبی سوننەی عێراقی و ئەنجا تورکەکە باسی لە خراپی کورد و ئەوەی شایانێتی کردبوو.

 

ووتی تورکەکە کە زیاتر لە۲۰ساڵی تەمەنی لە ئەوروپای یەکسانی و مافی مرۆڤدا ژیاوە کەچی بە قێزەونترین و نامرۆڤانەترین شێوە باسی کوردی کردووە و ئەو ووتی تەنانەت باوەڕم بە گوێچکەی خۆم نەدەکرد کە وەها ووتەیەکم لە مرۆڤێکەوە گوێ لێبێت بە دەر لە هەموو ململانێیەکی نێوان کورد و تورک. ئەو ووتی دوای ئەوەی خۆم لێ ئاشکراکرد، هەرچی کرد لەوەی هەڵەکەی چاکبکاتەوە بەوەی مەبەستی تەنها پەکەکەیە، سوودێکی نەبووە بە لایەوە. تا دواجار پێی ووتبوو هیچ شتێک نییە لە دونیادا بتوانم ئەو بیرە دڕندەیەی تۆی پێ وەسف بکەم. ئەمە نموونەی تورکێکی نەتەوەپەرست.

 

هەر لەم سەروبەندەدا لە بەرپرسێکی ئەمنی باسی لە گرتنی تیرۆریستێکی کورد کردبوو کە لە سنوری ناوچە کوردنشینەکان کاری تیروریستی ئەنجام دابوو، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەدا ووتبووی بەرپرسێکی تورکم هەبووە کە هەمیشە کوردە موجاهیدەکانی ڕەوانەی ناوچە کوردییەکان دەکرد و دەیووت فیشەکی مجاهیدی کوردی ئەبێت ئاراستەی کوردە کافرەکان بکرێت، ئێمە خۆمان چاری کافرەکانی خۆمان دەکەین. ئەمەش نموونەی تورکی سەلەفی کە تەنانەت لە کاری جیهادیشدا ڕەگەزپەرستیانە بیری کردۆتەوە. ئەگەر چاوێک لە سەردەمی بە ئیسلام بوونی کوردیش بکەین دەبینین هەموو بەڵگە و ڕووداوە مێژووییەکان ئەوە ئەسەلمێنن کە کورد لە پاش بەرگری سەخت قوربانی زۆر، بووە بە ئیسلام بەڵام دواجار بووە بە خزمەتکارێکی سەرسەختی ئایینی تازەی ئیسلام. کورد جگە خزمەتکردنی ئایینی تازە بە نووسین و لێکۆڵێنەوە لە شەرع و فیقە جەنگاوەرێکی وەکو سەلاحەدینیشی بەخشیوە کە بە خوێندنەوەی ژیاننامەی لە ووشەی بە ڕەچەڵەک کوردە زیاتر یەک نیشانەی دیکە بۆ کوردبوونی ئەم کەسایەتییە نادۆزیتەوە. هەرچەندە هاوکێشەکە خۆی لە خۆیدا زۆر ئاڵۆز نییە، بەوەی کە تۆی مرۆڤی کورد تێفکری و بزانیت کە سەرەتا وەکو مرۆڤ و وەکو کوردێک لە دایک بووی و دواتر بووی موسوڵمانی سوننە یان شیعە، مەسیحی، جوو، یەزیدی، کاکەیی ...هتد

 

یان لە کۆتاییدا هەندێک بێ باوڕیشت تیا هەڵکەوتن. بەواتایەکی دیکە ئەو کەسە ئەمڕۆ لە گۆشەنیگای ئیسلامەوە چاو لە کارە قیزەونەکانی ئەردۆگان بنوقێنێت، ئەشێ مەسیحییەکی کورد یان یەزیدییەک بووایە و هەڵوێستێکی دیکەی هەبووایە. هەر لەم ڕوانگەیەوە هەم جێگەی داخە و هەم سەمەرەشە کە کوردێک هەڵگری یەکێک لە پاشناوە جوانەکانی وڵاتی ئێمەیە قەرەداخی، کە پاشناوە بۆ هونەرمەندی و ئەدیب و نووسەری و ڕەخنەگری باش و بەهرەمەند. جگە لەوەی قەرەداخ یەکێکە لە هەر ناوچە شۆڕشگێرەکانی مەیدانی پێشمەرگایەتی و سیاسەتکردن لە مێژووی ناوچەکەماندا. بەڵام بۆ ئەوەی یەکەمیان کە د.عەلی قەرەداخییە بە هەڵوێستە و دەربڕینەکانی لە ئاست داگیرکاری و دوژمنایەتی تورکیا بۆ کورد و بۆ ڕۆژئاوا دڵی هیچ کوردێکی خۆش نەکرد و ئەو نە وەکو کوردێکی باش و نە وەک پیاوێکی بە ویژدانیش دەرنەکەوت. ئەم پرۆفیسۆرە کە بەکەلۆڕریۆس و ماستەر و دکتۆراکەشی هەر هەمووی لە بواری شەریعەت و ئاییندا بە دەستهێناوە و لە زانکۆکانی وەکو بەغداد و ئەزهەر و...هتد جگە لە هەڵوێستە ناجۆر و نالەبارەکانی دژ ویست و خواستی میللەتەکەی خۆی هیچ سەربارێکی پۆزێتیڤی دیکەی نەخستۆتە سەر کاروانی خەباتی گەلەکەی لە هیچ بوارێکی دیکەدا جگە لە بوار ئایینییەکەدا نەبێت. هەڵبەتە ئەم بەڕێزە جگه لە باوەشی خێزانەکەی کە جێگەی ڕێزی زۆرن هەموو گەشەکردنە فیکری و هزرییەکانی دیکەی لە قوتابخانە و کۆلێژ و زانکۆ ئایینییەکاندا پەرە پێداوە. ئەو شوێنانەی کە تەنها کارگەیەک بوون بۆ دروست کردنی تیرۆریست و بیری تیرۆریستی و هەڵوێستی نا جوامێرانە بەرانبەر بە هەر کارەسات و نەهامەتییەکی کورد.

 

کورد ئەتوانێت زۆر بە سووربوونەوە لە هەر ئیسلامیەکی کورد بپرسێت لە سەر یەک ووشە هەڵوێستی ئەزهەر، ئیخوان، حیزب و دەزگا و کەسایەتییە ئیسلامییەکانی دونیای عەرەبی و ئیسلامی لە ئاست هەموو ئەو کارەساتانەی کە بەسەر گەلی کورددا هاتوون لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەدرێژایی مێژوو لە لایەن سێ نەتەوەی سەردەستی ئیسلامەوە. ئەوەی ئەم د.عەلی قەرەداخییە بۆ کوردی کردبێت و بیەوێت شانازی پێوە بکات ، سەرۆکی ڕابیتەی ئیسلامی بووە لە کوردستان کە کاری خێرخوازی ئەنجام داوە لە دروستکردنی مزگەوت و خوێندنگەی ئایینی و پارە بەخشینەوە کە هەمووی دواجار چوونەتە خزمەتی گەشەکردنی بیری سەلەفی لە کوردستان بە سەرپەرشتی ئیخوانی جیهانی و وڵاتانی خەلیجی. وە نەبێت دکتۆر شانۆیەک یان قوتابخانەیەکی یان زانکۆیەکی مەعریفی ئاوەدانکردبێتەوە. ئێستاش کە خاوەنی زانکۆیەکە لە کوردستان هەر دەچێتە هەمان چوارچێوەوە و خزمەت بە هەمان بیری سەلەفی دەدات کە گەلی کورد هیچ پێویستی بە وەها بیرێک نییە لە سایەی نەبوونی چەتر و چوارچێوەیەکی سیاسی. هەر کاتێکیش کورد بوو بە خاوەنی قەوارەی سیاسی خۆی ئەو دەم با تاکەکان شەڕی جڵەوکردنی دەسەڵات بکەن بەو ئاراستەیەی کە بیر و باوەڕیان لەسەر بنیات نراوە، نەوەک ئێستا کە خاوەنی هیچ قەوارەیەک نییە و تاکەکانی ببن بە مەقاشی قەوارەکانی دەوروبەر بۆ داگیرکردنی. داگیرکاری تورکیا لە پڕۆسە خوێناوییەکەی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان تەواوی چین و توێژەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان و کوردانی دەرەوەشی بە تین و گوڕی زۆرەوە لە دەوری خۆی کۆکردەوە .

 

بەدەر لەمانەش هەندێ هەڵوێستی شەرمنانە و لە ژێرلێوی هەندێ حزبی سیاسی و کەسایەتی سیاسیشمان بینی. ئەوە جێگەی لە سەر وەستانە ئەو هەڵویستە نەشازانەی هەندێک لە پیاوان و دەسەڵاتدارانی ئایینیە، نەشازترین و نەرێنیترین هەڵوێستمان لە لایەنە ئیسلامییەکان بینی. ئەپرسم ئەبێت هۆکاری چی بێت سەلەفییە کوردەکان و دەرچووی زانکۆ و پەیمانگا ئایینیەکان دادەماڵدرێن لە هەستی نەتەوایەتی، ئایا کوردایەتی دژ بە ئایینە؟ کەسێکی وەک د.عەلی قەرەداخی کە نەتوانێ لەو پێگەیەیەی خۆیەوە وەکو مرۆڤ(نەک وەکو کوردێک کە چاوەڕوانی گەلێک زیاتری لێ دەکرا) بە یەک مەسافە لە نێوان کورد و تورک بوەستێ، بە چ پێوانەیەک پاڵپشتی خۆی بۆ ئەردۆگان و وڵاتی تورکیا دەردەبڕێت؟ وەڵامی سەرجەم ئەم گومان و پرسیارانە لە لای خودی دکتۆرە کە ئاخۆ وەکو سەرکردە بەرژەوەندی خوازەکان سەفەقاتی ئابوری کردویەتی بە دۆستی تورک و ئەردۆگان یان ئەم ئەرکی ئایینی خوی بەجێ هێناوە بەوەی (انصر اخاك المسلم سواء کان ظالما ام مظلوما) بەو پێیەی ئەردۆگان موسڵمان بێت و کوردەکانیش کافر لە دیدی سەلەفییەکانەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی