پشت دەسەڵات؟

19/11/2019

نەبەز جەلال ‬

سیاسەتی بەردەوامی ڕاگیریكردن و بەرەوپێشچوونی هێزو دەسەڵاتی میری لە بەڕیوەبردن و دەوڵەتداریدا، بەپێی یاسا و ڕێسا ڕێكخراوەو بەركارە، بنەماو دەستپێكی كاری بەڕێوەبردنی سیستمە كارگێڕیەكانە، بە سودو داهێنانی نوێی تەواوكاری و هزری جیاوازی جۆریی و بەرهەمی پێكهاتەیی كۆمەڵگا كاری لەسەر دەكرێ و پێشدەخرێ بۆ بەرژەوەندی گشتی.

وڵاتە نیمچە پێشكەوتوەكان یان ئەوانەی نیوە لە یاسای سەپاو و هزری وابەستە بوونی دین، كلتور، خێڵ كۆكیكردوون و نەشئەی گەشەو ململانێ شوێن دەیانبات بەڕێوە، قەتیس ماوون لە نێوان كۆن و  نوێداو ویستی خۆ ساغكردنەوەیان نییە بۆ بەڕێوەبردن و بەگیرهاتوون و ناتوانن ووڵات بخەنە دۆخی پێشكەوتوەو سەروەری تۆمار بكەن وەك ئەوان.!

گەر ئێستا لە بەشی سەرەوەی پایەو پێكھاتەی سەرانی دەسەڵاتی هەرێمەوە، بڕوانینە هێزی دەست و ئومێدی كار و كاریگەریەكانی گۆڕانكاری بۆ ووڵات؛ بەدەر لە چنینەوەی شكستی ساتێكی تێپەڕیوی كەمسودو خولاوە، دەبینە هاوكار لە  پرۆسەی بچوككردنەوەی خەڵك و هاوبەش لە تۆكمەكردنی كۆڵەكە چەقیوەكانی سەرانی سەپاوو خۆجێكەرەوەی دەسەڵات و هیچی ترمان بەرهەم نەهێناوە، هاوپشتی بونێكی ناڕاستەوخۆش بووین لە ئاڕاستەی نەغم و نەرمی نواندنی جوڵاندنەوەی زیاتری سەرە جوقاوەو خشۆكەكانی ئەمڕۆ و سبەینێی ئامادەكراوو هاوردەی ناو حیزب و بنەماڵە بۆ پایەكانی سەرەوەی باڵاتر لە دەسەڵاتی باڵای حوكومەت.

بۆیە لەم دیدە وەستاوەوە ناتوانین چیدی خاڵ بخەینە سەر بەرەوپێشچوون و شكۆی دەسەڵات و تێكۆشانی بەرهەمە ئەرێنییەكانی گۆڕانكاری و، گەشبینیشبین بۆ بینین و گەیشتن بە ڕێژەی بەرزكردنەوەی ئاستی خۆشگوزەرانی لە پرۆسەی بەڕێوەبردنداو دەستی واڵاو ڕاستەوخۆی میری بۆ ڕوونبێ خەڵك، بە پێچەوانەشەوە هەموان دەبینە كەرەستەی ڕازیبوون و ھەوڵێكی ترسناك بۆ پرۆسەی دابڕان و بچوكردنەوەی گەل و دووركەوتنەوەو دابڕان لە یەكتر.

گەر سەرنج بدەی شێوازو جۆری سەركەوتن و بەركەوتەی ئەم دواییەی پلەو پایەكانی حیزب و، ئاڵوگۆرییەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حوكومەت كە دۆخێكی نوێی باشتربوو بۆ كاركردن، ئەگەر و بەدگومانی زیاتری دروستبوونی ترسی كۆتا دۆخی پەراوێزخستن و دوورخستنەوەی سەرانی بڕیار بەدەستی پێشوی حیزبەكانی خستۆتە بیرو خولیای حەزێكی نوێوە بۆ ھەوڵدان و دەستگەیشتن بەدوا كەرەستەو ئامرازەكانی دەستپێوەگرتن و خۆھێشتنەوە لە پلەو پۆستە باڵاكانی دەسەڵاتداو ڕێگیریكردن لە بەرەوپێشچوون.!

گرفت و گرێ و گۆڵە سیاسی و یاساییەكانی ڕێگر لە بەرەو پێشچوونی ووڵات هەمیشە دەیانباتەوە بەردەم هەڵوێستەو تێگەیشتنی بەدو گۆشەگیری و پاشگەزبوونەوە لە دۆخی دڵنیای مانەوەو سەركەوتن و بەردەوامی بازنە داخراوەكەی نایانەوێ خۆیانی لێدوربخەنەوە تا دەمرن،

گەر وردتر سەرنج بدەین یاسا دروستكراو و داتاشراوە تێپەڕیوەكانی ڕابوردووی بە قۆناغ، لە قۆناغی دەسەڵاتی سیاسی خۆیاندا بە باڵا دوورابوون، لەگەڵ ساتی تێپەڕین و كۆتای دەسەڵاتەكەدا دەبێتەوە بەگرفت و كێشەی ئاڵۆزی كوورت یان درێژ بۆ باڵای جێگرەوەی داهاتوو.!

گەر سەرنجێكی وردی گشت یاسا و پەیڕەوكانی هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان بدەین بە یاسای تیرۆریشەوە دەزانین كە كەموو كوڕیی و كەمتەخەمییەكانیان لە كوێدان و بۆچی وا بەقنجی داڕێژراون؛ لە پێناو ڕاگرتنی باڵانس و دەستكراوەی سەری گەورەی دەسەڵاتدا، تا تەواو پێكەوە كاركردنی جومگەیی بیانبەستێتەوە و دڵنیاببنەوە لە  لەدەست نەچوونی بازنەكانی دەسەڵات و قۆرغكردن و كڵۆمكردنی بازنە داخراوەكە.

قەڵافەتی قەبەو قورس و ناقۆڵای سیاسی بەشێك لەحیزبە چەقبەستوەكانی هەرێم، بۆ ودووبارە زیندوكردنەوەی پاڵەوان و سیستمی كارایی خێڵ، هۆكاری گەڕاندنەوەی سەرانی شكست و، دەروون ئاڵۆزبوون بۆ سەر شانۆی سیاسی و دەربازكردنی باری شەكەتی حیزب وپەردەپۆشكردنی بەردەوامی چەوتییەكانی فەرماندە و دەست بەرنەدانیانن لە بازنەكە.

ئەم جۆری دید و تێگەیشتنە گشتیەیی زۆرینەیە، سەرانی شكستخواردو لە خواستی دژ بە پێشكەوتن، بە ئاسانی دەستیان دەگاتەوە بەچاندنی تۆوی ئامانجێكی ئاڕاستەكراو لە نێوان حیزب و ویستدا بۆ خەڵك، پێویستی گەڕاندنەوەی سەرۆكیشیان وەك خواستێكی نیشتیمانی ناساغ بە ئومێد و خەونی تەواوكاری پرۆژەكانی سەركەوتن و گەیشتن بە دوا قۆناغی باڵا دەردەخەن و، خۆیان لەلوتكەی مێژووی بونی خۆیاندا وەك پێویست و كارا دەبینەوە بۆ دەسەڵات و متمانەی زۆرینەش لە خۆیان دەسەپێنن.!

ئەوەش دوا پلان و هەڵهێنجانی بیركردنەوەی ساتەكانی شكستی سیاسی و پەردەپۆشكردنی چەوتییەكانی ڕابوردووی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنن، كەچاو و دڵی زۆرینەی لە گۆشە نیگای جیاوازەوە بۆ گەیشتن بە ویست بەلایخۆیدا ڕاكێشو ڕامكردووە، دەرفەت و ئەگەری بوونی مەرام و چانسێكیشە بۆ كۆتا قۆناغێكی گوازراوە لە گەمەی ملشكاندن و بەدكاری سیاسی لە بەردەوامی كۆڵدان و بردنەوە بۆ دەسپێكی قۆناغە پێشكەوتوەكەی بۆتە ئومێدێك بۆ دەسكەوت.

بەدڵنیایی ناچاری دەستگرتنیشمان بە خراپەی هەندێك لە خراپەكارانەوە، ڕێگەنەدانی زیاتر و ڕێگریكردنە لە لاساری و سەركێشی دەسەڵات و بەدكاری كردن و پەل نەكوتانە لە دروستكردنی دۆخی خراپتر لە خراپەكەی ئێستای  بۆتە ڕێگر لە بەردەم نوێبونەوەو پێشكەوتن، كە بە پێچەوانەی دەسەڵاتەوە ئەم دەستگرتن و غەمخۆریەشمان بۆتە چەكی بڕەڕو هێزی دەستی دەسەڵاتدارانی نێو بازنەكە بەكارهێنانیان بۆ مانەوەو بەرگریكردن لە خۆیان و دەسەڵاتەكانیان تا دواساتی بۆگەنكردن، یان ڕزگاركردنێكی یەكجارەكی خەڵك و دروستكردنی دۆخێكی پێشكەوتووە بە ڕووی دەسەڵاتدا.

‪ 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە