کۆنگرە.... ڕەنگەکان وێنەی کێ دەکێشن؟

29/11/2019

اسماعیل حاجی زەڵمی

ناولێنان و دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەر لەسەرەتاوە بۆ کۆکردنەوەی چەند ئاڕاستەیەکی جیاواز کەلەوسەردەمەی خەباتی کوردایەتیدا بونی هەبوو، كه‌ ئەمە جیاكەرەوەو خاڵی بەهێزی ئەو هێزە سیاسیە بوەو دواتریش مام جەلال به‌ چەپكە گوڵەکە ناوی دەهێناو و وەك چەمكێكی شایەن و پێویست به‌ واقیعی سیاسی و كۆمەڵایەتى كوردەواری پەخشی دەكرد.

جێی خۆیەتی وەك راستیەك ئەوە تەماشە بكرێت كە بەرزی و نزمی و هەورازو نشێوەکانی ناو ئەو هێزە سیاسیە لەجیاوازییەکانیەوە سەری هەڵداوە، سه‌ركەوتن و زوو جێگەبوونەوەی له‌نێو جەماوەر هەر ئەم سیاسەتە لەپشتی بوو.. بۆیە ئەگەرتەماشای پێکهاتەو ستراکچەری یەکێتی بکەین دەبینین جیاوازییەکان بڕیار لەسەر یەکێتیبوونی ناو یەکێتیان داوەو تا ئیمرۆش دەیدەن، هەرچەندە مەودای ئازادی جیاوازییەکانی ناو ئەم یه‌كێیتیە زیاتر ببێت هێندەش لەئاستی دەرەوەیدا یەکێتی بەهێز دەبێت. مام جەلال وەک یەکەم سکرتێری یەکێتی هەڵگری بەشێک لەجیاوازییەکان ناو حزبەکەی بوو ئەوەی لە ئێستادا بە باڵ و ئاڕاستەی جیاواز ناوی دەبرێت، بەڵام ئەو توانی وێنەیەکی تەواو بۆ یەکێتی بنەخشێنێت و بەکارامەیی خۆی ڕەنگە جیاوازەکان کۆبکاتەوە تابلۆیەکی سیاسی لێ دروست بکات.كه‌ وەك بوون و پێویستیەكی كوردەواری لە باشوری كوردستان تەماشە بكرێت..

 لەئێستادا لەپاش کۆچی مام جەلال یەکێتی و باڵەجیاوازەکانی پەرتەوازەن و بیروبۆچونیان سەبارەت بە بەڕێوەبردن و ئاڕاستەی سیاسی ئەو حزبە یەکناگرێتەوە، ئەوەی لای هەموان ئاشکرایە ئەوەیە باڵ وئاڕاستە جیاوازەکانی ناو ئەو حزبە بەتەنها و بەبێ بونی یه‌كتر و له‌نێو یەكێتیدا هه‌رگیز ناتوانن هیچ وێنەیەک تەواو بکەن پێویستی فەزای سیاسی كوردەواری پڕبكه‌نەوە، واتە وێنە تەواوەکەی یەکێتی پەیوەستە بە هەموویانەوە. قۆناغی ئێستای ئەو حزبە لەئێستادا پێویستی بە حیکمەت و کارزانیەکی وەک مام جەلالە کە بتوانێت هاوسەنگی ڕابگرێت و باڵ و ئاڕاستەی کارکردنی نەبێتە فشار بۆسەر ئەوانی تر.

یەکێتی لەئێستادا لەبەردم کونگرەیەکی چارەنوسسازدایە، ئه‌گەر چی ئەزمونی کونگرە لەناو حزبی کوردیدا هێندە دەردبووە نیو ئەوەندە نەیتوانیوە ببێتە دەرمان ، بەڵام دەکرێت کۆنگرەی ئەمجارەی یەکێتی جیاوازبێت و خۆی ڕزگار بکات لەو دردو بەڵایانەی کەدوچاری بووە، بەوپێیەی لە ئێستاشدا یەکێتی خاوەنی کەسایەتییەکی سیاسی بەهێزی وەک بەرهەم ساڵحە کە تاڕادەیەکى باش توانیویەتی شوێنپێی هەنگاوەکانی مام جەلال هەڵگرێت و باڵ و ئاڕاستەی کارکردنی نەبێتە فشار بۆسەر هیچ ئاڕاستەیەکی تر ، لەگەڵ ئەوەشدا بەرهەم ساڵح تواناو سەلیقەی سیاسی و دیبلۆماسی هێندەیە کەدەتوانێت دەنگ وڕەنگە جیاوازەکان و پارچە لێکترازاوەکان یەکبخەن و یەکێتی بخەنەوە سەر ڕاستەڕێگەی خۆی، چونکە لەسایەی بەرهەم ساڵحدا باڵ و ئاڕاستە جیاوازەکانی ناو یەکێتی بەئازادانە دەتوانن گوزارشت لەبون و چالاکی خۆیان بکەن چونکە ناوبراو خاوەنی هێزی سەربازی نیە و لەڕوی سیاسی وسەربازییەوە نابێتە مەترسی بۆ سەرئەوانی دی، بە ئەزمونیش ئەوە سەلمێنراوە چەندە ئازادی بدرێت بە باڵەجیاوازەکان لە مومارەسەکردنی سیاسیدا هێندەش یەکێتی ناو یەکێتی زیاتر دەبێت. بۆیە ڕەنگە جیاوازەکانی ناو یەکێتی بەهەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح وەک کەسی یەکەم لەم کۆنگرەیەدا بتوانن وێنە تەواوەکەی حزبەکە بکێشن و کۆنگرەکەش بکەنە هەتوانی زامەکانی ڕابردوویان.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی