لەبارەی ململانێكانی كۆنگرەی یەكێتی

02/12/2019

سەرتیپ وەیسی

قسەكردن و شیكاری لەسەر كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیی قوڕسەو ئاسان نییە، چونكە رووداوە ناوخۆییەكانی ئەو حزبە بە خولەك و كاتژمێر گۆڕانكاریان بەسەر دادێت، بەردەوامیش كۆبوونەوەو گفتووگۆ لەوبارەیەوە ئەنجامدەدرێت.

ئەوەی تاوەكو ئێستا روون و ئاشكرایە، خەریكە دواخستنی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیی دەبێتە ناچاری، ئەمەش بەهۆی كۆمەڵێك هۆكار، یەكێك لەوانە بوونی سێ كاندیدە بۆ سكرتێری ئەو حزبە كە ئەوانیش بریتین لە ( بەرهەم ساڵح و باڤڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی)، كە دەوترێت ئەو دوانەی كۆتایی خۆ كاندیدكردنیان بۆ پۆستی سكرتێر، وەكو كارتێك بەكاردەهێنن، تاوەكو لانیكەم ببنە كەسی دووەم لە دوای بەرهەم ساڵح.

نەوەكانی مام جەلال و شێخ جەنگی و ئیبراهیم ئەحمەد، لە نێو بنەماڵەكەیان شەر لەسەر ئەوەدەكەن ببنە سكرتێری ئەو حزبە، یاخود كەسی دووەمی حزب بەبێ ركابەر، لە دژی هەموو تەسكیەو دانانێكی بێ هەڵبژاردنن بۆ پۆستی سكرتێر( بەرهەم ساڵح ئەوەی دەوێت). شانازو مەلا بەختیاریش جگە لەوەی دەیانەوێ لەسەرەوەی هەیكەلی حزب بن، هەموو شتێكیش دەكەن، تاوەكو بەرهەم ساڵح نەبێتە سكرتێر.

لیژنەیەك لە لایەن مەكتەبی سیاسی كە پێكهاتوون لە ( ئەرسەلان بایز، رەفعەت عبدوڵا، دلێری سەید مەجید، عیماد ئەحمەد ) پێكهێنراوە، بە ئامانجی ئەوەی لەماوەی چەند كاتژمێرێكی كەم لەگەڵ سەرجەم باڵەكانی نێو یەكێتیی كۆببنەوەو بگەنە رێككەوتن لەسەر پەیكەری حزب و گەیشتن بە تەوافوق لەسەر پۆستی سكرتێرو جێگر.

ئێستا یەكێتیی لەبەردەم دوو ئەگەردایە، یەكێكیان دواخستنی كۆنگرەیە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك تاوەكو رێككەوتن دەكرێت و ئامادەكارییەكانی كۆنگرە تەواودەبن، دوومیان دووبارە دواخستنی كۆنگرەیە بۆ ماوەیەكی درێژو دوای ئاساسیبوونەوەی بارودۆخی عێراق، كە ئەوەی دووەمیان ئەگەری زیاتری هەیە.

بیانوی دۆڕانی باڵێكی یەكێتیی لە كۆنفراسی كۆمیتەكان بۆ دواخستنی كۆنگرە راست نییە، چونكە ئەندامانی دەرچووی كۆمیتەكان یەك لەسەر چواری ئەندامانی كۆنفراسی مەڵبەندەكان پێكدەهێنن، جگە لەوەش ئەو ئەندامانە دەچنەوە ناو كێبڕكێی كۆنفراسی مەڵبەندەكان، زۆرینەیان بۆ كۆنگرە سەرناكەون. بۆ نموونە لە پارێزگای هەولێر تەنها 45 كەس دەچێتە كۆنگرە، بەپێی پێشبینییەكانیش لەسەدا 20 بۆ 25 ی ئەندامانی كۆمیتە دەتوانن بچنە كۆنگرە، ئەم نموونەیە بۆ هەموو پارێزگاكان راستە.

كێشەیەكی دیكەی دواخستنی كۆنگرە پەیوەندی بەوەوە هەیە، تاوەكو ئێستا باڵەكان نازانن ژمارەی ئەندامانی كۆنگرەیان چەندە بۆئەوەی بچنە نێو دانوستاندن لەگەڵ یەكتر، هەر باڵەو بەپێی قەبارەی خۆی داواكارییەكانی بچەسپێنێت.

رەنگە گەیشتنی باڵی ماڵی مام جەلال و كۆسرەت رەسول بە تەوافوق ئەگەری ئەنجامدانی كۆنگرە زیاد بكات، لەبەرئەوەی یەكێك لە سیناریۆیەكان ( لە كۆی ئەو سیناریۆیانەی دەخرێنە ڕوو) ئەوەیە بەرهەم ساڵح بكرێتە سكرتێری گشتیی، باڤڵ تاڵەبانی و شاڵاویش بكرێنە جێگری سكرتێر. باڤڵ تاڵەبانی ئەوەی قبوڵ نییە، ئەگەر پۆستی سكرتێری نەدرێتێ دەیەوێ بەبێ دەنگدان بە تەنها بكرێتە جێگری سكرتێر، لاهوریش هەمان شتی دەوێت، بەڵام ماڵی كۆسرەت رەسوڵیش ئەمە رەتدەكەنەوەو دەیانەوێ لەگەڵ ماڵی مام جەلال هەمان پۆستیان پێبدرێت.

ئەم سیناریۆیەی باسدەكرێت، كە شاڵاو باڤڵ بكرێنە جێگری سكرتێر، بەربەستی دیكەی لەبەردەمە یەكێك لەو بەربەستانەش لاهور شێخ جەنگییە، ناوبراو قبوڵی نییە، چونكە ئەو لەم كۆنگرەیە لە ناو باڵەكانی یەكێتیی لە هەمووان تۆكمەترەو بە باشترین شێوە خۆی ئامادەكردووە، لە دوای ئەویش كۆسرەت رەسوڵ و گروپی كەركووكییەكانە.

ئەگەر یەكێتی لەسەر ئەم سیناریۆیە سەرەوە رێكبكەون و جۆرێك لە هاوسەنگی لە نێوان ماڵی مام جەلال و كۆسرەت بێتەدی، هەرچەندە باس لە ژمارەی دیكە دەكرێت، بەڵام ئەوەشخراوەتەروو 101 كەس هەڵبژێردرێن لەو رێژەیەك بەشێكیان ببنە ئەندامی سەركردایەتی و بەشێكی دیكە مەكتەبی سیاسی، بەشە زۆرەكەش ئەنجومەنێكی راوێژكاری بەسەرۆكایەتی كۆسرەت رەسوڵ دروستبكرێت لەگەڵ ئەو كەسانەی ئاوت دەكرێن.

لە هەموو ئەو سیناریۆیانەی دەخرێنەروو، پێویستە كوتلەكانی دیكە رازیبكرێن، لەوانەش گروپی كەركووكییەكان و باڵی جافەكان و هەریەك لە (حاكم قادرو شێخ جەعفەرو مەحمود سەنگاوی و ئەرسەلان بایزو عیماد ئەحمەد و سەعدی پیرەو چەندین كەسی دیكە)، چونكە ئەمانە بە هیچ شێوەیەك قبوڵیان نییە ئاوت بكرێن، كاری زۆریشیان كردووەو، ناوە ناوەش هەڕەشە دەنێرن، بۆیە كەس ناتوانێت وا بە ئاسانی وەدەریان بنێت و دەسەڵاتیان كەمبكاتەوە.

سەرتیپ وەیسی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی