پەرلەمانی كوردستان و فەرهەنگسازی!

07/12/2019

د. تریفە عومەر

زەنگین و دەوڵەمەندبوونی زمان پەیوەستە بە چەند رێگایەكی مۆرفۆلۆژی، سینتاكسی، واتایی، وەرگرتن و وەرگێڕانەوە، كە هەر یەكێكیش لەوانە هەڵگری چەند رێگەیەكی دیكەیە بۆ بەرهەمهێنانی وشەو كەتیگۆری نوێی وشە لە زماندا، سەرجەم ئەم رێگایانەش وادەكات زمان بەردەوام لە گەشەو فراوانبوونی فەرهەنگەكەیدا بێت، لە دونیاشدا زمانگەلێك هەن كە بەم رێگایانە گەیشتوونەتە لوتكەی گەشەكردنی فەرهەنگەكەیان، دیاترین و ئاشناترین نمونە بە كۆمەڵگەی ئێمە فەرهەنگی زمانی ئینگلیزییە.


ماوەیەكە پەرلەمانی كوردستان كەوتوونەتە نێو فەرهەنگی زمانی كوردییەوەو بەبێ هیچ پاساوێكی زانستی وشە ئەهێنن و ئەبەن و بڕیاری لەسەر ئەدەن، كە ئەمەش یەكێكە لە سەمەرەترین رووداوەكانی ئەم دوایەی هەرێمی كوردستان!! لە دونیای پێشكەتوودا دەزگایەكی فەرهەنگی زانستی تایبەت بە زمان و بە پسپۆرگەلێكی زمان و بوارەكانی دیكە بەپێی پێویستی، بڕیار لەسەر وشەو داهێنانی وشەی نوێ دەدەن، لێرەش بە قەراری تاكەكەسی وشەیەك قەدەغەدەكرێت و وشەیەكی داتاشراوی دیكە دەكەنە جێگرەوەی، ئیدی بەبێئەوەی بەئاگابن لەو راستییە زانستییەی هەر وشەیەكی خاوەن (فۆرم و زانیاری)، كە بووە كۆدێك و بەشێك لە یادگەی سیمانتیكی ئاخێوەر ئیدی ئەستەمە دەستبگیرێت بەسەریدا و لێی قەدەغەبكرێت.


بڕیاری ئەم دوایەی پەرلەمان لەسەر وشەی (زیادەڕۆیی) بوو، كە بەپێی گوتن و نووسین بە هەردوو فۆرمی (زیادەڕۆیی)و (زیادەڕەوی) دێت، بە كورتی دروستەی مۆرفۆلۆژی ئەم وشەیە لە هەردوو كەتیگۆری /ئاوەڵناوی و كردار-رەگی كردار/ و لاگرەكانی /ە، یی/ پێكهاتووە، لە رووی واتاییەوە فیچەرە واتاییەكانی بەپێی چۆنێتی دەوروبەرەكە بۆ بەكارهێنانێكی ئەرێیانە و نەرێیانە دەگۆڕێت، ئەم وشەیە لە ئاوەزمەندێتی قسەكەردا خاوەن (دەروازەی فەرهەنگیی)ە، هەر ئەمەش وادەكات ئاخێوەر/ نووسەر ئاگاییان دەربارەی چۆنێتی بەكارهێنانی وشەكە هەبێت و لە هەمبەریشدا وەرگر توانای ناسینەوەی كاریگەریی واتاكانی هەبێت،  ئا لێرەوە دەكرێت بپرسین فۆرمی (زیادەڕۆكار) چییەو دروستەی مۆرفۆفۆلۆژی و بەكارهێنانی سینتاكسی و واتاییانەی چۆنە؟!! بەجۆرێكی دیكە دەروازەی فەرهەنگی ئەم فۆرمە چییە؟! ئایا ئەو بەڕێزانەی بڕیار لەسەر وشەكان دەدەن تا چەند بە ئەلف و بێی زانستی زمان ئاشنان؟


هەڵبەت (زیادەڕۆكار) بە (فۆرم) نەك (وشە) ناودەهێنین، چونكە بەگشتی نە هەڵگری زانیارییەكی دیاریكراوە كە وەك بیرو واتایەكی دیاریكراو ئاماژەی بۆ بكەین، بە واتایەی چۆن دەكرێت لە رێی دروستە مۆرفۆلۆژییەكەیەوە درك بە بەكارهێنانە واتاییەكەی بكەین؟ نە لە ئاوەزمەندێتی ئاخێوەریشدا خاوەنی دەروازەی فەرهەنگییە تا وەك (كۆزانیاریی زمانی) بەرجەستەیبكەین، بۆیە پێویستە پەرلەمانی كوردستان كە بڕیار لەسەر فۆرمێك دەدەن، وردتر بیر لە دیوی واتاكەی بكەنەوە، یان هەر نا لێگەڕێن با نان بۆ نانەواو گۆشت بۆ قەساب بێت. 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی