سی پرسیار بۆ سی ساڵ حكومڕانی!

08/12/2019

د. موئمین زەڵمی


لەپاش نزیكەی سێ دەیە حوكمڕانی لەهەرێمی كوردستان هێشتاش زۆرینەی پێداویستییە سەرەتاییەكان لەئاستی پێویستدا نین، ژیان لەچوارچێوەیەكی تەواو نائاساییدایە، تا رۆژێ باشە دەیان رۆژ ناباش دەیگوزەرێنین، بۆیەش وا دەزانم كاتی ئەوەیە هەمووان پێكەوە لەسەر ڕەگی كێشەكان‌و هۆكاری سەرەكی خراپی وەزعەكە بدوێین.

تاكی كوردی لەئێستادا رۆژانە پێویستە وەڵامی سی پرسیار بداتەوە، سی پرسیار بۆ سی ساڵ، یانی هەر ساڵەوە پرسیارێك، لەسبەینێ زووەوە دەست پێدەكەن تاكو شەو درەنگ هەر بەردەوامییان هەیە، ژیانێك پڕ لەجەنجاڵی‌و ماندوییەتی‌و وەڕسی‌و سەرئێشە، پڕ لەشەكەتی‌و بێ هیوایی.

بێهیوایی لەو ساتەوە گەرم دەبێت ناتوانین وەڵامی پرسیارەكانیش بدەینەوە، پرسیار لەدوای پرسیار دەپەڕنە ناو ژیان‌و خەیاڵەوە: بۆچی كارەبامان وایە؟ بۆچی سوتەمەنی هەر گرانە؟ بۆچی موچە لەكاتی خۆیدا نیە؟ بۆچی حكومەت نرخەكانی بازار كۆنترۆڵ ناكات؟ بۆچی پەروەدەمان وا شێواوە؟ بۆچی  كەسێ نیە فیلم‌و كلتورە سەقەتە هاوردەكان راگرێت؟ بۆچی رێگاوبانی ئەم وڵاتە چاك ناكرێن؟ ئەم هەموو رووداوی هاتوچۆیە بۆ؟ كێ لەم هەموو ناعەدالیەتە بەرپرسە؟ ئەم هەموو حزبە بۆ بوونەتە مشەخۆر بەسەر میللەتەوە؟ مافی میللەت لەكوێدایە؟ ئەم هەموو بازرگانییە چیە هەركەسەو هەڵدەستێ دەبێتە بارگرانی بەسەر میللەتەوە؟ كەی خواردنی ئێكسپایەر كۆتایی دێت؟ كەی فەتوای ئاینیی ناپێویست دەوەستێنرێن؟ كێ هۆكاری ئەم هەموو درۆ‌و بێویژدانی‌و قۆڵبڕین‌و هەڵخەڵەتاندنە چین؟ بۆچی هەركەسە‌و هەڵدەستێ خۆی دەكات پسپۆڕ‌و لەهەموو شتێكا قسە دەكرێت؟ بۆچی بەكلتور‌و فەرهەنگی خۆمان نامۆین؟ بۆچی تاك بەتاكی ئەم میللەتە سیاسییە؟ بۆچی هیچ شتێك لەجێگای خۆیدا نیە؟ بۆچی زانكۆكانمان بونەتە شوێنی مۆدێلات لەجیاتی زانست؟ بۆچی پارە هەموو شتێكە لێرە، مرۆڤەكان لەسەر بنەمای هەبوونیان دەپێورێن؟ بۆچی سۆشیال میدیا‌و تەكنۆلۆجیا تەنها لای ئێمە بووەنەتە بەڵا؟ بۆچی هەرچی چەكی نوێ هەیە لەسەر ئێمە تاقیدەكرێتەوە؟ بۆچی ناكۆكی‌و ناسازییە ناخۆییكان هەر تەواو نابن؟ بۆچی دیموكراسی لێرە گەشە ناكات؟ تاكەی توندوتیژی دژی ژنان هەیە‌و ژنان دەبنە قوربانی؟ بۆچی تەلاق‌و جیابوونەوە هەر وا زیاد دەكەن؟ بۆچی زانستخوازان‌و ئەهلی خوێندنەوە بەكەم سەیر دەكرێن‌و بڕوانامە بێ نرخ‌و ئەو هەموو خاوەن بڕوانامانە بێكارن؟ بۆچی وڵاتمان دەوڵەمەند‌و میللەت هەر هەژارن؟ بۆچی نابینە خاوەنی دەوڵەت؟ 

وەڵامی ئەم پرسیارانەی سێ دەیەیە بێ وەڵامن یانی دۆزینەوەی هۆكاری سەرەكی تێكچوونی ئەم ژیانەی ئێمە هەمانە، كێ وەڵامی پرسیارەكانمان دەداتەوە.

ناخۆشترین دیوی راستەقینەی تاڵ لەژیانی ئێمەی كورددا، ئەوەیە ئێمە شتێكمان نیە بەناوی حوكمڕانی، بنەمایەكمان نیە بۆ حوكم، ئەوەی هەیە حزبەكانن‌و حوكممان دەكەن، یانی حزبڕانی دروستترە تا حوكمڕانی، لەپێش هەمووانەوە حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن خەتابارن چونكە شعوری ئۆپۆزسیۆن‌و نارەزایی خەڵكیان لەكەدار كرد، نارەزاییەكانیان بۆگەن‌و هێزی داخوازی رەوایان پارچەپارچە كرد، ئاخر میللەتێك ئەگەر خاوەنی ئۆپۆزسیۆنێكی راستگۆش بێت هەر چاوەڕێی خێری لێ دەكرێت، بەڵام كورد ئۆپۆزسیۆنەكەی هۆكاری سەرەكی قەیرانەكانە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و كابینەی نوێ دەرفەتی زۆری لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی هیواداری بگێڕێتەوە، بەدڵنیاییەوە پسپۆڕانی ئابوری راوێژی باشیان هەیە، زانایانی ئایینی دەتوانن لەم بوارەدا بدرەوشێنەوە، شارەزایانی دیبلۆماسی دەتوانن هاوكاری باشی حكومەت بن، كارناسانی تەندروستی‌و دەرونناسی دەتوانن خزمەتی گەورە بكەن، ئەوەشی پەیوەستە بەپسپۆڕانی پەروەردەوە پێم وایە ئەوەی پێویست بێ وتومانە، چەندینجاریش لەچەندین بۆنەی جیاوازدا نوسیومە‌و رامگەیاندووە، ئەم وڵاتە پێویستە سەرەتا پەروەردەكەی چاك بكرێت، یانی شۆڕشی چاكسازی پەروەردەیی پێویستە لەپێش هەموو چاكسازییەكانیترەوە بكرێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی