دوای سه‌د رۆژ له‌ ته‌مه‌نی كابینه‌ی نۆیه‌م

08/12/2019

دانا مەنمى

كارو چالاكییه‌كانی سه‌د رۆژی كابینه‌ی نۆیه‌م له‌لایه‌ن سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بۆ ڕای گشتی و ڕاگه‌یاندنه‌كان خرایه‌ ڕوو ، به‌ڵام كارو چالاكییه‌كان له‌ئاست چاوه‌ڕوانی نه‌ك خه‌ڵكدا نه‌بووبه‌ڵكو پارتیه‌كانیش ئومێدیان زیاتر بوو له‌وه‌ی خرایه‌ڕوو ، پارتیه‌كان به‌ ئاستێكی به‌رزه‌وه‌ له‌ كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانی یان ده‌ڕوانی ، هێنده‌ به‌رزبین بوون وه‌ك بڵێی چاوه‌ڕوانی عه‌سای سحریان له‌ بارزانی ده‌كرد ! پارتیه‌كان چاوه‌ڕوان بوون كابینه‌ی نۆیه‌م هه‌ڵه‌ی كابینه‌كانی دوای خۆی ڕاست بكاته‌وه‌ و چاكسازی و ڕیفۆڕمی ئیداری و دارایی گه‌وره‌ ئه‌نجام بدات ، چه‌ندین جاره‌ موژده‌ی چاكسازی له‌ زاری مه‌سرور بارزانی ڕاگه‌یاندنه‌كانی پارتی و سۆسیالمیدیای ته‌نیووه‌ و ده‌ڵێت :کۆمەڵێك چاکسازی دەکەم کە تەواوی کەرت و باڵە خزمەتگوزارییەکان بگرێتەوە. هه‌مان موژده‌و به‌ڵێن رۆژی شه‌ممه‌ ۷ـی۱۲ـی۲۰۱۹ درایه‌وه‌ به‌ گوێی خه‌ڵكدا و سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێم له‌ده‌ستپێكی گوتاره‌كه‌یدا گوتیه‌وه‌ (چیدی گەندەڵیی گەشەناکات). 

سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێت بڵێم ڕووداو حیکایەتەکانی کابینەی هەشتەم هێندە شکستخواردوو شەرمنانەیە مرۆڤ شەرم دەکات بەفەخرەوە گەشبین بێت بۆ کابینەی نۆیەم و ئومێد و هیوا له‌سه‌ر هه‌یكه‌لیه‌تی كابینه‌كه‌ هه‌ڵبچنێت ، ئابوری سه‌ربه‌خۆ یه‌كێك بوو له‌ هه‌نگاوه‌ هه‌ڵه‌كانی كابینه‌ی هه‌شته‌م كه‌ زۆر به‌ شانازییه‌وه‌ بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرا ، جوڵه‌ی ئابوری سه‌ربه‌خۆ جوڵه‌ی پارتێكی سیاسی بوو كه‌ بێ وردبونه‌وه‌و تێڕامان ئه‌نجامدراو هه‌ڵه‌ی ستراتیژی ئابوری به‌دوای خۆیدا هێنا و قه‌رزێكی زۆری دەوڵەتی تورکیاو کۆمپانیای روزنەفت وکۆمپانیا گەورەکانی دیکەی جیھانی وەکو گرین کۆر و ترافی گۆرا و هتد...كه‌وتووه‌ته‌ سه‌رشان و جگه‌ له‌وه‌ی نەوتێکی زۆریان فرۆشتووە بە پارەی پێشوەخت، واتە نەوتی ساڵی ٢٠١٩، ٢٠٢٠، ٢٠٢١یش فرۆشراوە و پارەکەیان وەرگرتووە توانای دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانیان نییه‌، كابینه‌ی نۆیه‌م هه‌وڵیداوه‌ كه‌ به‌غدا بچێته‌ ژێربارى قه‌رزه‌كان ،به‌ڵام به‌غدا ناچێته‌ ژێر باری قه‌رزه‌كان و ئاماده‌نییه‌ قه‌رز بۆهه‌رێم بداته‌وه‌.

له‌باره‌ی ڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا كارێكی باشه‌ به‌ڵام ئاسانیش نییه‌ ، كابینه‌ی هه‌شته‌میش له‌ ته‌مه‌نی خۆیدا به‌لێنی دا كه‌ رۆژانه‌ ۲٥۰ هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ڕاده‌ستی عێراق بكات ، به‌ڵام به‌لێنه‌كه‌ی نه‌برده‌ سه‌رو موچه‌خۆران له‌ دۆخێكی خراپی ناجێگیری ده‌رونی و دڵه‌ڕاوكێ و ترسیان له‌ برینی موچه‌كانیان هه‌بوو، ئێستاش كابینه‌ی نۆیه‌م نمایشی شانۆگه‌رییه‌كی نوێ ده‌كات وبه‌ كۆمه‌ڵێك مه‌رجه‌وه‌ ئاماده‌یه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا رێكه‌وێت كه‌ ئه‌م مه‌رجانه‌ هه‌نگاوه‌كانی رێكه‌وتن سه‌ختر ده‌كات ، مه‌رجی كابینه‌ی نۆیه‌م بۆ رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ له‌ ساڵی نوێی ۲۰۲۰ نه‌وت ڕاده‌ست نه‌كرێت ، ئه‌وه‌ش سروشتی حكومه‌تی هه‌رێم و كابینه‌كانی ڕابردوو كابینه‌ی ئیستاشه‌ كه‌ ڕاشكاوانه‌ دژی ڕاده‌ستكردنی نه‌وت نین ،به‌ڵام راده‌ستكردنی نه‌وتیش ده‌به‌ستن به‌ كۆمه‌ڵیك مه‌رجه‌وه‌ كه‌ دواجار هه‌ربۆخۆشیان پێشێلی ده‌كه‌ن ،چونكه‌ ڕاده‌ستكردنی نه‌وت له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیاندا نییه‌و سوودمەند دەبن خۆیان سەربەخۆ بە شێوەیەکی ناشەرعی نەوت بفرۆشن ئۆباڵی كه‌مته‌رخه‌میه‌كه‌ش له‌ ئه‌ستۆی هه‌رێم ده‌بێت. 

دوای سه‌د رۆژ له‌ ته‌مه‌نی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم هێشتا ئێمه‌ له‌ كابینه‌ی هه‌شته‌مداین وقەیرانگەلێکمان لەکابینەی هەشتەم بۆماوەتەوە به‌ره‌و ڕووی ده‌چین و له‌پێشمانه‌وه‌یه‌ نه‌ك تێمانپه‌راندبێت، كابینه‌ی نۆیه‌م هاوشێوه‌ی كابینه‌ی هه‌شته‌م خه‌رقی گه‌نده‌ڵییه‌و و كاره‌كان وه‌كو خۆی ده‌ڕوات ،ئه‌وه‌ی كه‌ گۆڕاوه‌ ته‌نها ده‌موچاوه‌كانه‌ نه‌ك باشكردنی ژیان و خزمه‌تگوزاری خه‌ڵك، له‌ناو كابینه‌ی نۆیه‌میشدا حیزب و بنه‌ماڵه‌ زاڵه‌ و به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی حیزبایه‌تی و كه‌سی ده‌پارێزرێت، دامه‌زراوه‌كان به‌ نیشتیمانی نه‌كراون و داهاتی ناوخۆو نه‌وت نا شه‌فافه‌ ، یاساش سه‌روه‌ر نییه‌ ،ئه‌وه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێم له‌ ڕاپۆرتیكدا به‌ناوی كارو چالاكی سه‌د ڕۆژه‌وه‌ خستییه‌ ڕوو ناویشی ناوه‌ چاكسازی چاكسازی نییه‌ و چاكسازی ته‌نها له‌ موچه‌ی خانه‌نشیندا كورتناكرێته‌وه‌ ،به‌ڵكو چاكسازی له‌ بواری  سیاسی، یاسایی، ئابوری‌، كارگێڕی‌و ئەمنیی‌و سەربازیی‌ وهه‌موو جومگه‌كانی حكومه‌تداری پێویستن ، سه‌رباری ناردنی پاره‌ی به‌غدا بۆ هه‌رێم و فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێم و نه‌وتی كه‌ركوك به‌ نیوه‌ی له‌گه‌ڵ به‌غدا، كابینه‌ی نۆیه‌م نه‌یتوانیوه‌ قه‌رزی پاشه‌كه‌وتی فه‌رمانبه‌ران بداته‌وه‌ و پلانی برسیكردن و هه‌ژاركردنی خه‌ڵك له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ ده‌كرێته‌وه‌ پرۆژه‌و كابینه‌ی نۆیه‌م جێبه‌جێی ده‌كات.

بۆیه‌ پێویسته‌ ئێوه‌ سه‌ره‌تا له‌ خۆتان و بنه‌ماڵه‌ و حیزبه‌كه‌تانه‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌ن و ئه‌گه‌ر كه‌موكوڕیی و گه‌نده‌ڵیتان هه‌یه‌ كه‌ هه‌تانه‌ ڕاشكاوانه‌ و كوردانه‌ ئه‌و په‌تایه‌ رێشه‌كێش بكه‌ن و ببنه‌ نموونه‌ بۆ خه‌ڵك و حیزب و بنه‌ماڵه‌كانی تر، چاكسازی و ریشه‌كێشكردنی گه‌نده‌ڵی پیویستی به‌ پلان و ستراتیژو كۆده‌نگیییه‌ پێویستی به‌ یاسا و رێكخستنه‌وه‌ی دام و ده‌زگاكانه‌ نه‌ك به‌یاننامه‌و ڕاپۆرت و به‌ڵێن و موژده‌ به‌خشینه‌وه‌.