لە نێوان سانا مارین و هەیسەم عەلیدا

13/12/2019

لەتیف فاتیح فەرەج

سانا مارین وەك گەنجترین سەرۆك وەزیرانی دنیا لە فنلاند بە نوێنەرایەتی سۆسیال دیمەكراتەكان ئەو پۆستەی وەرگرت ،سانا سەرۆكایەتی حكومەتێك دەكات بریتیە لە 14 وەزیرو خۆی لەو 15 كەسە تەنها 4كەسیان پیاون ، هیچ دنیاش كۆتای نەهاتووە ، هەڵبەت فینلاند لە ڕووی ئازادی ژن و جێندەری لە ڕووی پەروەردە ، لە ڕووی خۆشبەختی هاوڵاتیەكانی لە ریزی پێشی پێشەوەی دنیایە ، بۆ یەكەمجاریش لە ساڵی 1906 مافی دەنگدان دراوە بە ژن ،لەو رۆژەوە تا ئەمڕۆ ئەو وڵاتە لە گەشەی بەردەوامدایەو سەرۆكە تازەكەشیان بووە بە جێی سەرنجی میدیاكانی دنیا ، هەر لەو سەرو بەندەدا لە گۆڕەپانی وەسبە لە سەر دەمە قاڵەیەك كارەساتێك دەقەومێت و هەیسەم عەلی تەمەن 17 ساڵ پاش سوتاندنی هەڵدەواسرێت ، ئەم كردەوە ناشرین و قێزەونە رەنگە ببێتە هۆیەكی گرنگ بۆ بوغزاندنی خۆپیشاندانی ڕەوا ، سەیری جیاوازی ئەمدوو دنیایە بكەن و بزانن عەرەبەكان لە كوێی مێژوودان .

هەموو شانازی كردن بە قورئان و موسوڵمانەتی و مزگەوت و چی و چیەوە شانازی ئەوە بە مرۆڤ نابەخشێت بچێتە دیرۆكەوە تا لە هەقیقەتی خودا وەك خۆی تێنەگات ، خودا بەو مانایەی كە مرۆڤی بۆ ئازادی و لێبوردەیی و یەكسانی هێناوەتە سەر زەوی نەك بۆ كوشتن و تیرۆرو هەڵواسین ، هەڵبەت گەورەترین موسوڵمانی ئاوەز دار كە فنلاند و سوید بەراورد دەكات بە لیبیاو سوریاو عیراق و یەمەن خۆزگە دەخوازێت كە هاوڵاتی فنلاند بوایە نەك ئەو وڵاتە عەرەبیانە ، لە كاتێكا لەو وڵاتە عەرەبیانە سەروەت و سامانێكی زۆر هەیە بۆ ئەوەی لە سویدو فنلاند بە ختەوەر تربژین هاونیشتمانیەكانی ، بەڵام ئاوەز و ئاكاری سیاسی بوونی نیە ، هەیسەم پەڵەی رەشەی دیرۆكەو سانا تیشكی گەشی دیرۆك ، ئێوە پێتان وایە خودا لە نێوان فنلاند و عیراقدا دڵی بەكام لاخۆشە، بەو لایەی كە رێزی مرۆڤ دەگرن و هەموو پێویستیەكی بۆ دابین دەكەن ، یان بەو لایەی كە لە سەر عومەرو عەلی و شیعەو سونە كوشت و بڕی یەكتر دەكەن .

پێش 100 ساڵ ئەم فنلاندەی ئێستا هەرگیز وەك ئێستا نەبوو ، بەڵام ئەمانەی ئێرە باسی شارستانیەتی هەزاران ساڵە دەكەن ، شارستانیەتی هەزاران ساڵەو تەفرو تونا كردنی موسڵ و حەلەب  بەو جۆرەی كە هیچیان لە سەر هیچیان نەماو دەیان ساڵ و سەدان ملیار دۆلاری بەس بۆ ئەوە دەوێت بكرێنەوە بە جێگەی ژیانێكی ساكار ، شارستانیەتی هەقیقی لەو ساتەوە دەست پێدەكات كە ئازادی هەیە ، یەكسانی هەیە ، دیموكراتی خۆڕسكانەو ئاكاری هەیە ، نەك باسی هەزار ساڵ لەمەو بەر بكەیت و هێشتاكە لە هەندێ‌ شاری وڵاتەكەت رێژەی هەژاری نزیكەی 45%ی دانیشتوان بێت .

وڵات نەوتی هەبێت و دیرۆكی هەبێت و بەختەوەری نەبێت بە چی دەچێت ، دوو وێنەی سانا مارین و هەیسەم عەلی زۆر بە قوڵی بە ئێمە دەڵێن ئەوە جیاوازیەكەیە كە هەیە .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی